ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زاهیر ئیبراهیم

 یاساناسان هۆشداری دەدەن لە پەراوێزخستنی رۆڵی یاسا و دادگا لە چارەسەركردنی كێشەكان و دەشڵێن گەڕانەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگای سولحی عەشایری و مەكتەبی كۆمەلایەتی حزبەكان كۆمەڵگا بەرەو دوواوە دەبات و ژنانیش دەبنە قوربانی یەكەم

لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ زیاد بوونی  كێشە كۆمەلایەتیەكان و توندوتیژی بەرامبەر ژنان، یەكلایی كردنەوەی كێشەكانیش بە ڕێگای عەشایری و مەكتەبی كۆمەلایەتی حزبەكانیش ڕووی لە زیاد بوون كردووە و  بوونەتە بەدیلی یاسا و دادگادەدەن .

دانەر عزیز یاساناس و دانیشتووی قەزای سۆران،پێی وایە ژنان قوربانی یەكەم دەبن لەم دیاردە مەترسیدارە ئەو یاسا ناسە،وتی" لەبنەڕەتدا یاسا بۆ ئەوە هاتووە چارەسەری كێشەكان لە دەست عەشایر و دیوەخان دەرباز بكات،بەڵام ئەم دیاردەیە لە هەرێمی كوردستان سەری هەڵداوەتەوە زۆر ترین جاریش بەهۆی باڵادەستی عەشیرەتێك بەرامبەر عەشیرەتەكەی تر كەسانێك ناحەقی گەورەیان بەرامبەر دەكرێت".

دانەر عزیز وتیشی" ژنان قوربانی یەكەمن لەو ڕێگا ناتەندروستە،چونكە زۆر جار ژن كراوەتە چەكێك بۆ سولحی عەشایری و كۆتایی هێنان بە كێشەكان بۆیە هیوادارم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پەنا بۆ  یاسا و دادگا ببەن كە یاسا دەتوانێت لە هەموو كاتێكدا دەستنیشانی حەق و ناحەقی بكات ".

هەروەها شەهلا سالع مامۆستای زانكۆ  و دانیشتووی قەزای سۆران بۆ رێگای كوردستان قسەی كرد وتی " سولحی عەشایری لەگەڵ بنەما كانی دادپەروەری ناكۆكە و هۆكارە بۆ فراوان بوونی نادادپەروەری و  تاوانبارانیش بەپێی تاوانی خۆیان سزاكانیان وەرناگرن و تاوانلێكراویش مافەكەی وەرناگرێت كە ئەمە لە ناو كۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە و ناداپەروەری كۆمەلایەتی زۆر تردەبێت و پشێوی و كاری نایاسایی دروست دەبێت ".

شەهلا سالع دەشڵێت " بەداخەوە لە كۆمەڵگای كوردستان زۆرینەی ئەوانەی توشی كیشەی شەرەف و جیابوونەوەی هاوسەرگیری و كێشە و گرفتەكانی تری نێوان ئەندامانی خێزان بە تایبەت ژن و مێرد تا ڕادەیەك پێیان عەیبە كێشەكانیان بكەوێتە دادگا بە تایبەت نەبوونی زەمانەتی پاراستنی نهێنیەكان لە دادگاكاندا هۆكارە بۆ ئەوەی ئەم كێشانە لەدەرەوەی دادگا چارەسەر بكەن ".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ وتیشی" پێویستە ڕێنمایی بۆ پابەند بوون بە یاسا هەبێت و كار لە سەرپابەند بوون بە  یاساكان بكرێت بۆ هەموو كەس وەك یەك نەوەك بۆ چینی دەسەڵات بەدەست و خاوەن سامان و پلەدارەكان چاوپۆشی و خۆلادان هەبێت،هەتا دەستی حزب و دەسەڵاتدارانی خێڵ و عەشیرەتی لە ناودادگاكان بەدەرنەندرێت ئەوا جێبەجێكردنی یاسا كان بۆ هەموون وەك یەك جێی خۆی ناگرێت  ".

پارێزەر فواد برادۆستی لە سەرهەمان پرس بۆ رێگای كوردستان وتی" چارەسەركرنی كێشە كۆمەلایەتیەكان لە دەرەوەی دادگا وزاڵبوونی داب  و نەریتی عەشایری  هۆكارێكە بۆ نەمانی متمانە بە دادگا. فواد وتی" بێ سەر و بەری سیستەمی سیاسی لە كوردستان بۆتە هۆكارێك كە هاووڵاتیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پەنا دەبەنە بەر دیوەخانەی حزب و عەشیرەتەكان ئەمەش دەبێتە هۆی لە دەستدانی گەورەترین مافی تاك بە هەردوو ڕەگەزیەوە".

پارێزەر فواد وتیشی " دەبێت ئێمە كار لەسەر ڕۆشنبیری و ڕۆڵی تاك بكەین لە كۆمەڵگادا كاتێك كێشەیەكی كۆمەلایەتی دروست دەبێت پێویستە پەنا ببردرێتە بەر دادگاكان تاكو خاوەن ماف بە حەقی یاسای خۆی بگات نەك پەنابباتە بەر حزب و سولحە عەشایریەكان،چونكە تاك لێردەدا دەبێتە قوربانی دەستی سولحە عەشایریەكان بە تایبەت ژنان ".