ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

-چاودێرێك

ڕۆژی 30ی كانوونی دووەم بەرپرسە باڵاكانی بانكی نێودەوڵەتی خۆیان گەیاندە بەرپرسە باڵاكانی ئێستا و سبەی هەرێمی كوردستان و تەوەری باس و خواسیان بەپێی هەواڵە گشتییە بێ زانیارییەكانیان باسی كەرتی تایبەت و پڕۆژەكانی بانكی نێودەوڵەتی و هاوكارییەكانیان بووە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوویش كە عەبدولمەهدی ڕاسپێردرابوو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق بەخێرایی خۆیان گەیاندبووە لای ئەویش. ئەمجارەش خۆیان گەیاندە مەسروور بارزانی ڕاسپێردراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم.

دیارە بەرپرسانی ئەو بانكە جیهانییە بەر لە هەموو شتێك دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە كەسە ڕاسپێردراوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت تا دڵنیاببنەوە كە لەسیاسەتەكانی ئەوان دەرناچێت، خۆ دیارە ئەگەر لەسیاسەتی ئەوان دەربچێت هەر زوو دەست بەفشارەكانیان دەكەن و لێناگەڕێن هەروا بەئاسانی ببن بەسەرۆكی حكوومەت. ئەوەی عەبدولمەهدی ڕازی بوون، چونكە لەڕاستیدا نەك حكوومەتی عێراق بەڵكو پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمارەكەشی خزمەتی هەمان سیاسەتی ئەو بانكە دەكەن و بگرە زیاتریش. ئەو زانیارییە كەمەی كە لەهەواڵی دیدارەكەی شاندی بانكی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەرپرسەكانی ئێستا و سبەی حكوومەتی هەرێم، ئەوەمان پێ دەڵێت بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم و حزبەكانی هەر ئەوانی پێشوون و تاقیكراونەتەوە و هیچ مەترسییەكیان نییە لەسەر سیاسەتی بانكی نێودەوڵەتی تا ئەو ئاستەی ئەوان فێرن خەڵكی خۆیان لەبرسان دەكوژن و دەستبەرداری هەموو سەروەرییەك دەبن لە پێناوی مانەوەی پەیوەندیان لەگەڵ ئەو بانكە نێودەوڵەتییەدا!

ئەزموونی وڵاتانی دیكە بەتایبەتی ئەوانەی كە لەناوچەكانی خۆمانەوە نزیكن، یان ئاستی گەشەكردن تیایدا لاوازە، پێمان دەڵێت بانكی نێودەوڵەتی زیانی گەورە بەو وڵاتانە دەگەیەنێت، لەلایەك سەروەری نیشتمانی خۆیان لەبەرانبەر پارە لەدەستداوە، لەولاشەوە كەوتوونەتە ژێر قەرزێكی زۆرەوە و تەنانەت مەرج و مەرجكاری زۆر بەسەریاندا سەپێندراوە. بەنموونە وڵاتەكانی میسر و تونس و ...تد.

لە عێراق و كوردستان ئەزموونەكانی دەستێوەردانی بانكی نێودەوڵەتی لە خەیاڵی و هزری هاووڵاتییان پێكدێن لە:

1-گرانكردنی نرخی بەنزین بۆ ئاستی جیهانی، نەهێشتنی پاڵپشتی حكوومەت بۆ ئەو كەرتە بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان كە باجەكەی خەڵك دەیدات.

2-نەهێشتنی دامەزراندن لەكەرتی حكوومی بەیەكجارەكی یان كەمكردنەوەی دامەزراندن تا نزمترین ئاست، كە ئەوەش جارێكی دیكە زیان بە هاووڵاتییان و دەرچووان و لاوان دەدات بەتایبەتی كە ئێستا سەدان هەزار دەرچووی عێراق و كوردستان بێكارن.

3-هەڵتەكاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان كە لەلایەن حكوومەتەوە پێشكەش دەكران لە ئەنجامی ئەو پارە زۆرەی نەوت كە دەهاتە دەستی، بەشێوەیەك كە تا دوا ئاست هاووڵاتییان متمانەیان بەو كەرتە نەمێنێت.

4-هاندانی كەرتی تایبەت كە لەبنچینەدا لە عێراق و كوردستان كەرتێكی تازە و لاواز و بێ ئەزموون و كەم توانایە و تەنانەت ناتوانێت كێبڕكێی ئەو كەرتە گشتییە –حكوومییە لاوازەش بكات كە بە پلان لاواز كراوە. بەنموونە لە ئاستی پەروەردە و تەنانەت لە ڕیزبەندی زانكۆكان و ...تد. ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەو ڕاستییە دەردەكەوێت. هەر ئەوەش بۆتە هۆی گرفتێكی گەورە كە هاووڵاتی هەم متمانەی بە كەرتی گشتی و هەم بەكەرتی تایبەت نییە و ڕوو لە دەرەوە دەكات و ئەوەش بە ملیۆنان دۆلار زیانی بە ئابووری ئەم وڵاتە گەیاندووە. باشترین بەڵگەش بۆ ئەو ڕاستییە كەرتی تەندروستییە كە لەلایەك نەخۆشخانە حكوومییەكان بە پلان لاواز دەكرێن، ئەوانەی كەرتی تایبەتیش نەیانتوانیووە شتێك بكەن لەوبارەیەوە جیاوازتر بێت لەوەی حكوومی. لەو نێوانەدا بە لێشاو خەڵك ڕوو لە ئێران و ئوردن و هیندستان و...تد، دەكات.

جگە لەچەندین گرفتی دیكە. هەر بۆیە لەڕاستیدا پێویستە فشار بخرێتە سەر حكوومەتی هەرێم كە هیچی دیكە نەچێتە بن باری سیاسەتەكانی بانكی نێودەوڵەتی و سەروەری خۆی نەخاتە بەردەستیان، چونكە نەك هەر سوودی نابێت بۆ گەشەپێدانی ئەم وڵاتە، بەڵكو زیانی گەورە بە نیشتمانەكەمان و هاووڵاتییانمان دەگات.