ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەككات، سێ‌ تۆمەتبارمان دەستگیركرد كە تۆمەتبارن بە كوشتنی سێ‌ هاوڵاتی.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سێ‌ كەسیان دەستگیركرد كە تۆمەتبارن بە كوشتنی سێ‌ هاوڵاتی.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە یەكێكیان ناوی(ل. ع.خ) كە تۆمەتبارە بەكوشتنی هاوڵاتییەكی بەڕەگەز ئێرانی كە پێشتر و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەیوانەوە چوار كەس لەسەر دۆسیەكە دەستگیركراون و لەئێستادا تۆمەتبار بە فەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو كە تۆمەتبارەكەی دیكە ناوی(أ. ك. ج)، لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیوانەوە دەستگیركرا كە تۆمەتبارە بەكوشتنی هاوەڵزاوەكەی لەشاری كەركوك.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، باسی لەوەشكرد، ئەمڕۆ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیوان تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە لەساڵی 2008ەوە فەرمانی گرتنی هەبووە بە تۆمەتی كوشتی كەسێك لەدەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی تۆمەتبار ڕاگیراوە.