ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕێگای کوردستان-ڕێبین فەتاح

 وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەوەتەی دامەزراندنییەوە تا ئێستا، دەستی بۆ پێنج پرۆسەی بڵاو کردنەوەی زانیاریی و داتاکانی بردووە، بەشێکیان تەنیا وەک سەرەتایەکی جێبەجێنەکراو ماونەتەوە و بەشێکی دیکەیان لەنیوەڕێگەدا کۆتاییان هاتووە. ئەوەش ڕەخنەکانی لەسەر وەزارەتەکە چڕتر کردووەتەوە و نامتمانەیی زیاتری لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاسای ژمارە٢١ی ساڵی ٢٠٠٧ لە ماوەی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێم دامەزراوە. لە ساڵانی ڕابردوودا، وەزارەتەکە ڕووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوە بەهۆی ناشەفافیەت لە بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی و داهاتی نەوتدا.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٦دا، ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بە زمانی ئینگلیزی کردەوە، بەڵام لەنیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٣دا، بەشی کوردی لە ماڵپەڕەکەدا کردەوە. کردنەوەی ماڵپەڕی وەزارەتەکە بە زمانی ئینگلیزی لەکاتێکدا بوو، هێشتا نەیاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نەیاسای نەوت و گازی کوردستان پەسند نەکرا بوو، بەڵام هەردوو ڕەشنووسی یاسای وەزارەت و یاسای نەوت لەسەر ماڵپەڕەکە خرانە ڕوو. لەکاتێکدا پاش نزیکەی حەوت ساڵ لە پەسندکردنی یاسای وەزارەت، وەزارەتەکە دەستی بە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی بە زمانی کوردی کرد.

لە بەشی کوردی ماڵپەڕەکەدا، تەنیا ٩٤ هەواڵ، ڕوونکردنەوە، ڕاپۆرت و ڕاگەیەنراو بڵاو کراوەتەوە، لەکاتێکدا لە بەشە ئینگلیزییەکەیدا ١٩٦ هەواڵ، ڕوونکردنەوە، ڕاپۆرت و ڕاگەیەنراو بڵاو کراوەتەوە، بەو هۆیەوە کە بەشە ئینگلزییەکە هەشت ساڵ پێشتر کراوەتەوە.

پابەندبوون بە دەستپێشخەری شەفافیەت

کاتێک حکوومەتی عێراق پابەندێتی بە دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازییەکانی دەرهێنان ڕاگەیاند،کاتێک یەکەم ڕاپۆرتی عێراق لەلایەن دەستپێشخەرییەکە بڵاو کرایەوە، هیچ زانیارییەکی لەبارەی کەرتی نەوتی کوردستان لەخۆنەگرت بوو، بڕیاربوو لە ڕاپۆرتی دووەمدا کە داتاکانی ساڵی ٢٠١٠ دەگرێتەوە، بەشێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەدا هەبێت، ئەوەش جێبەجێکرا، بەڵام چیتر داتاکانی نەوتی کوردستان لە ڕاپۆرتەکانی دەستپێشخەری شەفافیەت دەرنەکەوتن، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پاساوی جیاجیای دەهێنایەوە، بۆ ڕەوانە نەکردنی داتاکانی، بەڵام ئەوە ڕوون بوو کە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لێکەوتەکانی لەسەر کەرتی نەوت و داهات، هۆکاری بنەڕەتی بوون و تا ئێستاش لە ڕاپۆرتەکانی عێراق بۆ دەستپێشخەری شەفافیەت داتاکانی کوردستان بوونیان نییە.

 بڵاو کردنەوەی راپۆرتی چالاکییەکانی نەوت

لە ١ی شوباتی ساڵی ٢٠١٤، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی مانگانەی چالاکییەکانی نەوت و هەرئەوکاتیش یەکەم ڕاپۆرتی بڵاوکردەوە، وەزارەتەکە ڕای گەیاند؛ "ئەم راپۆرتە مانگانەیە بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە شەفافیەتەوە. هەموو راپۆرتەکان بە زمانی ئینگلیزی و کوردی لەسەر پێگەی وەزارەت دادەنرێن".

هەرچەند بڕیار بوو، ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت، بەڵام تەنیا ڕاپۆرتی چوار مانگ بڵاو کرایەوە و بەدوای ئەوەدا هیچ ڕاپۆرتێکی دیکەی مانگانە بڵاو نەکرایەوە. داتاکانی لەو ڕاپۆرتانەدا بڵاودەکرانەوە، پێوەست بوون بە چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی لە کێڵگەکانی نەوت، هەڵکەندنی بیری نەوت و هێزی کار و ... هتد، بەڵام ڕەخنەی سەرەکی لەو ڕاپۆرتانە، ئەوە بوو کە بە هیچ شێوەیەک باسیان لە داهاتەکانی نەوت نەدەکرد.

  بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی دارایی ساڵانە

لە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان یەکەم ڕاپۆرتی دارایی ساڵانەی بڵاو کردەوە. ڕاپۆرتەکە پێوەست بوو بە داتاکانی ساڵی ٢٠١٣ ٢ لە هەمان کاتدا تیشکی خستووەتە سەر داتاکانی ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٢. هەرئەوکات وەزارەتەکە ڕای گەیاند؛ "لەبەرئەوەی بۆ یەکەم جارە بڵاو دەکرێتەوە، ئەم راپۆرتەی ٢٠١٣ خشتەی گشتگیری دەستکەوتەکان و خەرجییەکانی شەش ساڵی پێشووتریش لەخۆدەگرێت، بەڵام لە پێناو ئەوەی وێنەیەکی تەواوەتی ببەخشێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەم زووانە ڕاپۆرتێکی دارایی ساڵانەی جیا بۆ هەر یەک لە ساڵەکان لە ٢٠٠٧ تا ٢٠١٢ بڵاو دەکاتەوە."

ڕاستییەکەی، لەپاش ئەو ڕێککەتەوە، هیچ ڕاپۆرتێکی دیکە بڵاو نەکرایەوە. ڕاپۆرتەکە بەو هۆیەوە کە وردەکاری خەرجییەکانی لەخۆنەگرت بوو، تا ئێستایش یەکێک لە سەرچاوەکانی ڕەخنەگرتن و ئەو پرسیارانەیە کە ڕووبەڕووی وەزارەتەکە دەکرێنەوە لەسەر چۆنیەتی خەرجییەکانی ئەو پرۆژانەی ئاماژەیان بۆ کراوە و هێشتا هەر بەبێ وەڵام ماونەتەوە.

 بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی هەناردەکردن

لە ٦ی ئایاری ساڵی ٢٠١٥دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی پێوەست بە هەناردەکردنی نەوت کرد، بەڵام لە ڕاپۆرتەکاندا تەنیا ئاماژە بە بڕە نەوتی هەناردەکراو دەکرا، بەبێ ئاماژەدان بە داهاتەکەی، ئەوەش ڕەخنەیەک بوو ڕووبەڕووی ڕاپۆرتەکان دەکرایەوە. لەو چوارچێوەیەدا تەنیا ١٤ ڕاپۆرتی مانگانە بڵاو کرایەوە و لە حوزەیرانی ٢٠١٦یشەوە، وەزارەتەکە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی کۆتایی پێهێنا، لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکانی کە لە کۆتایی بڵاوی دەکردنەوە، زۆرجار تەنیا یەک لاپەڕە بوون و لەوەدا کورت دەبوونەوە کە ئەو بڕە نەوتە فرۆشراوە و ئەوەندەیش داهاتەکە بووە، بەبێ هیچ وردەکاری و ڕوونکردنەوەیەکی دیکە!

  هێنانەپێشەوەی کۆمپانیای دیلۆیت

بەرفرەوانبوونی ئاستی ڕەخنەکان لەبەرانبەر ناشەفافیەت لە کەرتی نەوت دا، حکوومەتی هەرێمی ناچار کرد، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی بواری ژمێریاری بکات بۆ وردبینی لە داهاتەکانی نەوت دا. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادە نەبوو تا ئێستایش داتاکانی خۆی بخاتە بەردەست دیوانی چاودێری داراییەوە.

کۆمپانیای دیلۆیت لە ساڵی ڕابردووەوە، چوار ڕاپۆرتی لەبارەی هەناردە و داهاتەکانی نەوت بڵاو کردووەتەوە. ڕاپۆرتی یەکەم و دووەمی دیلۆیت داتاکانی ساڵی ٢٠١٧ی لەخۆگرتووە، ڕاپۆرتی سێیەم داتاکانی ١ی کانوونی دووەم تا ٣١ی ئاداری ٢٠١٨ و ڕاپۆرتی چوارەم داتاکانی ١ی نیسان تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨ی لەخۆگرتووە. بەپێی تێکڕای ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت، هیچ جیاوازییەک لە بڕی هەناردە و داهاتەکانی نەوتدا نییە.

کارەکانی دیلۆیت بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز یان ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەڕای ئەوەی وەک لایەنی سێیەم دەخرێتە ڕوو، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمپانیایەکە تەنیا پابەندە بەرانبەر بەو ئەنجوومەنە و ئەوەش لایەنی سێیەم ناگرێتەوە. ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە دەکرێنەوە، بەو حالەیشەوە، هەنگاوی ئەرێنین بۆ شەفافیەت لە داهاتی نەوت، بەڵام نازانرێت تاکەی بەردەوام دەبێت و چۆن پرۆسەکە وردتر دەکرێتەوە!