ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی ئاشكرای دەكات، خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بازرگانەکانەوە بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نێوان وڵاتاندا بەکاردەهێنرێت.

رۆژی پێنجشەممە، جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان بوە بە رێگای گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە نێوان وڵاتاندا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "ساڵی رابردو لە سۆران و مێرگەسۆر و تا زاخۆ دەست بەسەر 200 کیلۆ ماددەی هێرۆیندا گیراوە، لەکاتێکدا ئێمە هێندە بەکارهێنەرمان نیە تاوەکو ئەو بڕە لە هەرێمی کوردستان ساغبکرێتەوە".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راشیگەیاند، "ئێمە گومان ئەوەمان کە ئەو ماددە لە هەرێمی کوردستانەوە ببرێتە وڵاتێکی دیکە و ترانزێتی پێبکرێت".

رونیشیکردەوە، "مەترسیدارترین ماددەی هۆشبەر کە دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان شیشە-یە، کە بەکارهێنەر توشی دۆخێکی دەرونی خراپ دەکات و توشی تاوان و سەرپێچی دەکات".