ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-تایبەت

 

ئیبراهیم سۆفی (ئەبو تارا) ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان ڕای دەگەیەنێت: سەرەڕای موزایەدەیەکی زۆر نەتوانراوە مافە سەرەتاییەکانی کەسوکاری شەهیدان دابین بکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە پارتی و یەکێتی بەرپرسی یەکەمن لە خراپبوونی گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان، باس لەوەش دەکات کە جیاوازی لەنێوان شەهیدانی ئەو دوو هێزە و لایەنەکانی دیکە کراوە و سزادانی کەسوکاری شەهیدانی ساڵانی 1973 تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

حکوومەتی هەرێم تاچەند توانیویەتی مافی کەسوکاری شەهیدان بدات، تاچەند جیاوازی لەنێوان شەهیدان بەگشتی و شەهیدانی پارتی و یەکێتی کراوە، بەتایبەتی حزبی شیوعی کە بە حزبی شەهیدان ناسراوە؟

-حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری بەو یاسایانە نەکردووە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەرکراون و گۆڕانکارییان تێدا کراوە لەبەرژەوەندی شەهیدان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئێمە و کادیرانی شارەزای حزبی شیوعی کوردستان چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەمان بۆ باشکردنی ژیانی کەسوکاری شەهیدان پێشنیار کردووە و لە نزیکەوە لەگەڵ دەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کاروباری شەهیدان لە حاڵەتی دووئیدارەیی و یەک ئیدارەیی کۆبووینەتەوە و بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەموو هەوڵێکمان بۆ باشترکردنی ژیانی کەسوکاری شەهیدان و نەهێشتنی جیاوازی بووە لەنێوان شەهیدی لایەنە سیاسییەکان، بەڵام سەرەڕای موزایەدەیەکی زۆر بەسەر شەهیدان و کەسوکارەکانیان نەتوانراوە مافە سەرەتاییەکانی کەسوکاری شەهیدان دابین بکرێت، ئەمەش بەشێکی سەرەکی پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە نەیتوانیوە کاری جدی بۆ باشکردنی ژیانی کەسوکاری شەهیدان و مافە ڕەواکانیان بکات و بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە شکستی کادیر و دامەزراوەکانی حزبەوە هەبووە، یاخود خاوەن مافەکان نەیانتوانیوە سەردانی دامەزراوە فەرمییەکانی حزب بکەن، هەرچەندە ئێستا کاروبارەکان کراون و لیستەکانیشیان ساڵانێکی کەم نییە جێگیر کراون (بە سکاڵای خاوەنەکانیانەوە). ناتوانین بڵێین شەهیدانی حزبی شیوعی مافەکانیان وەکو شەهیدانی دوو حزبی پارتی و یەکێـی کە خۆیان لە دەسەڵات بوون وەرگرتووە، ئەوە بۆ زیندانە سیاسییەکانیش ڕاستە، ئەو دوو هێزە جیاوازییان کردووە لەگەڵ زیندانیانی حزبی شیوعی و مافەکانیان وەکو پێویست نەبووە و جیاوازی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراقیش کراوە، مافی کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکانی 1973ی حزبی شیوعی کوردستان چەندین جار پێشکەش کراوە، بەڵام سزادانی خێزانەکانیان بە درێژایی ئەو هەموو ماوەیە هەبووە، هاوکات سەرەڕای هەوڵی راستەوخۆی حزبی شیوعی هێشتا ئەو زوڵمە درێژخایەنە بەردەوامە، هەرچەندە ئەوەندی لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە چارەسەرکراوە، بەڵام ئەو بەشەی لای پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، منیش دەپرسم تۆبڵێی گرنگتربیت لە ڕووداوەکانی پاش ساڵی 1973 تا بە ئەمڕۆ، کە بەرانبەر خێزانی شەهیدانی حزبی شیوعی و بڕیاری دانەوەی مووچەکانیان ڕانەگەیەنرابێت، ئەمەی کراوە ناڕەوایە و پێویستی بە بڕیاری وەک یەک هەیە و پێویستە هەموو حاڵەتەکان وەکیەکیان لێ بکرێت، پارتی و یەکێتی کە دوو لەشکری سوپا و هێزی ئەمنی و پۆلیس و دژەتیرۆر و چەندین هێزی فرەچەشنیان کۆکردووەتەوە، جاران بەشاهیدی ئەو دوو هێزە دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزارەت و بە ئامادەبوونی فەلەک و هەیئەتەکە لیستی گەنجانی خاوەن بڕوانامەمان بە هەموو مەرجەکانەوە کە زۆرینەیان ئەندامی شیوعیش نەبوون بۆ خوولی کۆلێژەکانی سەربازی و ئەکادیمییەکان نێردراون، بەڵام هەموویان نێردرانەوە بۆ ماڵەوە، ئەمەشیان بە فەرمانی وەزاری کردووە، لەسەر داوای (زۆر بەرێز کاک مەسعوود بارزانی) شاندێکی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەهاوڕێیەتی سکرتێری حزب چووینە لای بەرێزیان، دوای کۆمەڵێک لوتف و گۆڕێنەوەی سەرنج کە تازە ڕیفراندۆمی سەرکەوتوو کرابوو، لەو کۆبوونەوەیەدا بە تێروتەسەلی باسی ئەم پرسەم کرد و گوتم بۆ وامان لەگەڵ دەکرێت، زۆر بەڕێزەوە ڕای سپارد کە کۆبوونەوە لەسەر ئەو دۆخە بکرێت لە وەزارەت، دوور نییە بەڕێزیان وابزانێت کە کۆبوونەوەکە کراوە، بەڵام دوای چەندین سەردان و پەیوەندیکردن ئەمەش نەکراوە.

ئەم جیاوازییەی لەنێوان شەهیدانی حزبی شیوعی و شەهیدانی پارتی و یەکێتی کراوە کەسوکارەکانیشیانی گرتووەتەوە، جیاوازییەکە لە چ روویەکەوە بووە؟ ئایا دادپەروەری هەبووە لەنێوان کەسوکاری شەهیدانی حزب، لەگەڵ شەهیدانی پارتی و یەکێتی؟

-ستەمە بڵێم دادپەروەری هەبووە و جیاوازی نەکراوە، چونکە بە بڕیار و نامەی مەکتەبی سیاسی لیستی پێشنیارکراو نێردراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام جێبەجێنەکراوە، خاوەن مافەکان کە مافێکی ڕەوای خۆیانە تا ئێستاش نەدراوە، گۆڕانکاری بەسەر پیادەکردنی یاسای خانەنشینی و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و دابینکردنی مافی وەکیەکی و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە عێراق هاتووە، ئەوەی لەپێشووتردا و لەنێوان وەزیری شەهیدانی هەرێم لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی گوترا کە مووچەی ئەوانەی هەرێم سەرجەمیان دەخرێنە سەر بەغدا، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە جیاوازی کراوە.

بۆچی حکوومەتی هەرێم ئەو جیاوازییە زۆرەی لەنێوان شەهیدان کردووە، جا لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێ بوون بێت بۆ شەهیدەکان، یاخود لەناونانی شوێنە گشتییەکان؟

- قۆناغەکان زۆر ئاڵۆزیان بەخۆیانەوە بینیوە لە کوردستان، حاڵەتی شڵەژان و نارێکی درێژخایەن و تەگەرە لە کوردستان هەبووە و ئەمەش وایکردووە کە حزبی دەسەڵاتدار لەبەرژەوەندی خۆی نەخشەبکێشێت، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ئەوەیان کردووە کە بەتەنیا خۆیان ویستویانە و بڕوایان پێی هەبووە، حزبە دەسەڵاتدارەکان ئەوەیان کردووە کە بڕوا و متمانەی هەمیشەیی بوونی نەبێت، واتە هەنگاوەکە بەشێوەیەک بووە ئەگەر ئاشتی هەبوو بەم شێوە بەردەوام دەبین، ئەگەر نەبوو هەموو شتێکمان جیاواز دەبێت.

چۆن دەتوانرێت ئەم دۆخە تێپەڕێنرێت کە راستەوخۆ پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی دەسەڵاتدار بەدەستەوە لێی بەرپرسن؟

-پێویستە حزبی شیوعی لەسەر ئەو بەرنامەیە بەردەوام بێت کە بۆ هەڵبژاردنەکان رای گەیاندووە، خەباتی نەبڕاوە لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان، نابێت ڕێگە بدرێت ژیانی هاووڵاتییان ئەوەندەی دیکە وێران بکرێت و تەنیا ماف بۆ لایەنگرانی ئەو دوو هێزە هەبێت و لایەنەکانی دیکەش ماڵوێرانیان بۆ بمێنێتەوە، چونکە بەردەوامی ئەم دۆخە ژیانی هاووڵاتییان هێندەی دیکە سەخت دەکات، پێویستە مافەکانی پێشمەرگە یەک بخرێت، تا ئێستاش بەشێکی زۆری پێشمەرگەی کوردستان خانەنشینەکانیان نەخراوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و مافەکانیان پێشێلکراوە، پێویستە گەندەڵی و بە تاڵانبردنی سامانی چینی هەژار و چینی ناوەڕاستی کۆمەڵ رابگیرێت، سامانی گەل بۆ گەل بێت و رێگە لە دەستێوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ بگیرێت.

حزبی شیوعی چەند شەهیدی هەیە، ئایا شەهیدانی ساڵانی شەست و حەفتاکانی حزبی شیوعی وەکو شەهیدی سەنگەر مامەڵەیان لەگەڵ کراوە؟

-حزبی شیوعی عێراق و حزبی شیوعی کوردستان تۆماری شەهیدانی عێراق و تۆماری تێکۆشەرە سیاسییەکانی و زیندانیانی سیاسی بەچاپ گەیاندووە، کتێبی یەکەم شەهیدانی شیوعی عێراق، چاپی دوو لە ساڵی 1934 تا ساڵی 1964 کە تێیدا (654) شەهید تۆمارکراوە، جگە لەوانەی کە بە مردنی خۆیان گیانیان لەدەست داوە، کتێبی دووەم شەهیدانی شیوعی ساڵانی 1964 – 1978 کە تێیدا (686) شەهیدی تاراوگە و تیرۆرو شۆڕشی ئەیلوول کە (116) شەهیدن و سەرجەم جۆرەکانی شەهید کردنی تێدا جێگیرکراوە، ئەمە جگە لە کتێبی یەکەمیش کە لەگەڵیدا تۆمار کراوە، کتێبی سێیەم شەهیدانی عێراق بە کوردستانیشەوە ساڵانی 1979 -1989 کەبەشێکی زۆری پێشمەرگە شەهیدەکانی کوردستانیش لەخۆدەگرێت، لەیادی 85 ساڵەی حزبی شیوعی عێراق لە (دار الرواد) چاپ دەکرێت و لە ئەوروپاش چاپ دەکرێت، کوردییەکەشی کاری لەسەر کراوە و بڕیارە لەگەڵ ئەوانەی کوردستان بۆ چاپکردن ئامادە بکرێت.