ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ڕێبین فەتاح

سەرەڕای دووپاتکردنەوەی بەرپرسانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەم مانگەدا، بەڵام تا ئێستا بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لە ئارادا نییە و بەرپرسێکی شارەکەش دووپاتەی دەکاتەوە کێشەی پارتی و یەکێتی لەمەڕ کەرکووک تەنیا دابەشکردنی پۆستەکانی شارەکەیە و هیچی دیکە.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە بارودۆخێکی جیاواز لە کەرکووک هاتووەتەئاراوە، سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵی شارەکەیان کردووە و هێزەکانی پێشمەرگە و بەرپرسە کوردەکان کەرکووکیان چۆڵ کردووە. زۆرینەی ئەو پۆستانەی پێشتر لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبردران، ئێستا لەلایەن پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەب پڕ کراونەتەوە. پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگایەکە لە هەولێر گیرساونەتەوە، کەسایەتییەکی تورکمان بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەدەبات و ئەنجوومەنی پارێزگایەکەش بەهۆی کشانەوەی لیستی برایەتی نەیتوانیوە کۆببێتەوە.

شەممەی ڕابردوو، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کۆبوونەوەکی ساز کرد و پاش کۆبوونەوەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی حزبەکە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی ڕاگەیاند. بەرپرسانی پارتی دیموکرات دووپاتەیان لەوە کردووەتەوە کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هەولێر دەبێت، پارتی لە گوتاری میدیایی خۆیدا کەرکووک بە شارێکی "داگیرکراو" ناودەبات، لەو ڕوانگەیەوە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١٨ی شوباتدا و لە شاری هەولێر دەبەسترێت، بەڵام گوتەبێژەکەی یەکێتی، باس لەوە دەکات کە ئەنجوومەنەکە خۆی دەبێت شوێنی کۆبوونەوەکە دەستنیشان بکات. ئەوە لەکاتێکدا کە بەپێی بەدواداچوونی "ڕێگای کوردستان" ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و بەدیاریکراوییش لیستی برایەتی، هیچ ئاگەدارییەکی لە کۆبوونەوەکە نییە یان پێشتر ئاگەدار نەکراوەتەوە.

"ڕێگای کوردستان" پەیوەندی بە سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە چوارچێوەی لیستی برایەتی کرد، سەرەڕای ئەوەی هەریەک لە ئەندامەکان نوێنەری حزبی جیا بوون، بەڵام هەرسێ ئەندامەکە بەو پاساوەی کە هیچ ئاگادارییەکیان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نییە، ئامادە نەبوون قسە بۆ "ڕێگای کوردستان" بکەن.

لیستی برایەتی زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێک دێنێت و لە نوێنەرانی حزبە کوردییەکان و پارتی گەلی تورکمانیی کوردستان پێکهاتووە. لەڕووی زۆرینە و کەمینە، لیستی برایەتی دەتوانێت بڕیاری ئەنجوومەنەکە بدات، بەڵام کێشەیەکی بنچینەیی هەیە کە پێوەستە بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کە ئێستا لە ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی پۆستەکانی شارەکە کورت دەبێتەوە. هەریەک لە حزبەکان دەیەوێت پۆستی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و پۆستەکانی دیکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.

پارتی بەرگری لە مانەوەی د. نەجمەدین کەریم وەک پارێزگاری کەرکووک دەکات. د. نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کە پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکووکی جێهێشتووە و لە هەولێر جێگیر بووە، ئەو ناکۆکی زۆری لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی بۆ دروست بووە، لەکاتێکدا یەکێتی دەیەوێت کەسێکی جیا لە د. نەجمەدین کەریم پۆستی پارێزگار پڕ بکاتەوە.

هێشتا دیار نییە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١٨ی مانگدا دەکرێت یان نا، بەڵام ئەوە ڕوونە کە کۆبوونەوەکە لە هەولێر بێت، لیستەکانی تورکمان و عەرەب بەشداری تێدا ناکەن و تەنیا کۆبوونەوەی لیستی برایەتی دەبێت.

وەک ئەنوەر کەمال چالاکی مەدەنی لە کەرکووک دەڵێ؛ "جارێ نابێت داوای پاڵپشتی لە پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەب بکرێت، لەکاتێکدا تا ئێستا لایەنە کوردییەکانی وەک پارتی و یەکێتی، لەناوخۆیاندا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکە ڕێک نەکەوتوون".

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەگەر بکرێت، گرێدراوی ڕێککەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتییە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لەناوخۆی هەرێم و تا یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزارەتی داد لە حکوومەتی عێراق دا.

ئەو زیاتر دەڵێ؛ "بەبێ ڕێککەوتنێکی بنچینەیی و بەرنامەیەک بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی کەرکووک لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە، هیچ لە دۆخی دانیشتووانی کەرکووک ناگۆڕێت، ئەوەی تا ئێستا بەرچاوە پارتی و یەکێتی هیچ بەرنامە و ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیان نییە و هەموو شەڕەکەیان لەسەر بەدەستهێنانی پۆست و پلەیە، حزب هەیە ئەوەندەی لە بەغدایە لە هەولێر نییە و کەچی کەرکووکیش بەداگیرکراو دادەنێت".

بەپێی ئاماژە و ڕاگەیەنراوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بێت، بڕیارە هەر لە ١٨ی ئەم مانگەدا(شوباتی ٢٠١٩) کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ڕوونیش نییە داخۆ کۆبوونەوەکە دەکرێت یان نا، چونکە وەک لە لێدوانی بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی دەردەکەوێت، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە پاش ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان پارتی و یەکێتی.

زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا خوولی نوێی پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە کۆبوونەوە بکات و دەستەی سەرۆکایەتی نوێ بۆ پەرلەمان دەستنیشان بکرێت، بەو هۆیەشەوە پەرلەمانی کوردستان چالاکییەکی نییە.

دەستنیشانکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان گرێدراوە بە دانوستان و ڕێککەوتنەکان لەسەر شێوازی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاش دەستنیشانکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەستکردن بەکۆبوونەوەکان، چاوەڕوان دەکرێت کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم ڕابگەیەنرێت.

ئەوەی تێبینی دەکرێت، ناکۆکی و ڕێک نەکەوتنی پارتی و یەکێتی و ئەو حزبانەی دیکەیە کە دەیانەوێ بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەت بکەن لەسەر دابەشکردن و وەرگرتنی پلە و پۆستەکان، کەو ئەو پرۆسەیە وێڕای چەندین ڕێککەوتنی پێشوو، چوار مانگی تێپەڕ کردووە و هیچ قسەیەکیش لەسەر کارنامەی حکوومەتەکە نییە، جگەلەوەی لەسەر هەمان ئاراستەی کابینەکانی پێشوو بڕوات.