ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، "لەوكاتەوەی‌ من لێكۆڵینەوە دەكەم و بەڕێوەبەری‌ ئاسایشم، گروپی‌ وا مەترسیدارم نەبینیوە، چونكە هەوڵیانداوە ئۆتۆمبێلی‌ هەركەسێك بڕفێنن، كەسەكەش ببەن و دەستدرێژی‌ بكەنەسەر".

رۆژی یەكشەممە 7ی نیسانی 2019 وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئەمەی لای ئێمە دەستگیركراون 5 كەسن، هەموو جۆرە تاوانێكیان كردووە، تاوانی رفاندن و كوشتن، دزینی ئۆتۆمبێل و پارە و جانتا، ئەم بەیانییەش یەكێكی دیكەی باندەكەمان دەستگیركرد كە بازرگانی ماددە هۆشبەرەكانیان دەكرد، جگە لەمانەش كاری بەدڕەوشتییان كردووە كە ئەم پارانەی بەدەستیانهێناوە بۆ بەدرەوشتی بەكاریانهێناوە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاند، : "تاوەكو ئێستا دانیان بەوەدا ناوە كە دوو كەسیان كوشتووە، یەكێك لەوانە تارقە كە مانگی 12ـی 2018 شەوێك لە ماڵەوە هاتووەتەدەرەوە شت بكڕێت، دیار نەمابوو، زۆر بەدواداچوونمان كرد كە خۆی و ئۆتۆمبێلەكەی دیار نەمابوو. ئەوان ویستوویانە ئۆتۆمبێلی كچێك بڕفێنن كە ئەوەیان بۆ نەكراوە، ئەم كە لەوێدا وەستاوە تەلەفۆن بكات داویانە بەسەریدا و رانێكیان شكاندووە و خستوویانەتە ناو ئۆتۆمبێلەكە و هێناویانە بۆ ئەو شوێنە، لەوێ بە جامانەكەی خۆی خنكاندوویانە و كوشتوویانە".

وەستا حەسەن ئەوەشی نەشاردەوە كە، "ئەم باندە نزیكەی چوار بۆ پێنج ساڵە خەریكن. لە تاوانی بچووكەوە دەستیانپێكردووە تاوەكو 2017 و 2018 فێری دزینی ئۆتۆمبێل و تاوانی گەورەتر بوون. ئەمانە خەڵكی دەرەوەی سلێمانین".