ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لیژنەیەكی حكوومەتی عێراق بۆ بەدواداچوونی كاری بەفەرمی ناساندنی دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی دەروازەی سەیران بەن لە سنوری قەزای پێنجوێن.

شاكر جبوری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی بەفەرمی ناساندنی دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە سەردانی پێشوویاندا كە ساڵی رابردوو ئەنجامیاندا بە راپۆرتێك لایەنی حكوومەتیان لە تێبینی و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەكان و پێشنیار و راسپاردەكان ئاگادار كردووەتەوە، ئەمڕۆش جارێكی دیكە سەردانی دەروازە سنوورییەكان دەكەنەوە بۆ دیاری كردنی رێگاچارە و دواین گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونەكان لەو دەروازانەدا.

جبوری راشیگەیاند، "ئەوەی بینیمان ھیچ راسپاردەیەك جێبەجێ نەكراوە و چارەسەری بۆ نەكراوە لە لایەن ئیدارەی ئەو دەروازەیەوە، ئەوەش وەك خۆیان دەڵێن بەھۆی بەفەرمی نەناساندنی دەروازەكەوەیە لە لایەن حكومەتی فیدڕالییەوە، ئێمە ئەمە دەگوازینەوە و بە راپۆرتێك حكوومەتی ناوەندی لێ ئاگادار دەكەینەوە و ئەوان بڕیاری كۆتایی دەدەن".

نوێنەرەكەی حكوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق نیوەی داھاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ ئەو پارێزگایە دەبێت كە دەروازەكە دەكەوێتە سنوورییەوە.