ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاژە سلێمان ئەندامى خولى پێشووترى پەرلەمانى کوردستان ڕاى دەگەیەنێت بەشێکى زۆر لەیاسا بەرکارەکان لەلایەن دەسەڵاتى جێبەجێکردن و دادوەرییەوە جێبەجێ ناکرێن. هێما بۆ ئەوەش دەکات کۆمەڵگە دژى بەرژەوەندییەکانى ژنان وەستاوەتەوە و ڕێکخراوەکان و چالاکانیش نەیانتوانیوە ببنە نوێنەرى ژنان. ئەو جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دەبێت پرسی جیاکاری لە ڕەگوڕیشەوە چارەسەری بکریت.

ڕێگای کوردستان-ئاودێر

ئایا ڕەوتێکی فێمینستی کاریگەر لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، ئەگەر نییە هۆکارەکەی چییە؟ بوونی ڕەوتێکی لەو شێوەیە تاچەند خزمەت بە پرسەکانی ژنان دەکات؟

-پێم وانییە ڕەوتیکی فێمینستی کاریگەر لە کوردستان هەبێت، ڕەنگە چەند ژنێکی فێمینیست هەبن، بەڵام وەکو بزووتنەوەیەکی فێمینیزم بوونى نییە لە کوردستان دا، هۆکارەکەشی ئەوەیە کۆمەڵگای کوردستانی بەزەحمەت ئەو جۆرە بزووتنەوانە قبوڵ دەکات. باوەڕ ناکەم هیج لایەنێک هەبێت پشتگیری تەواوی ئەم جۆرە بزووتنەوانە بکات. ئەگەر ڕەوتی فێمینستی ڕەوتیک بێت تەنیا بەناو بێت و ناوەڕۆکی نەبێت بێگومان خزمەت بە ڕەوشی ژنان ناکات، ئەو ڕەوتە لە کوردستان ئەگەر هەبێت تەنیا ناوە و پێم وانییە خزمەت بکات.

ئەو گرفتانە چین کە ڕێگربوون لەبەرەوپێشچوونی پرسەکانی ژنان لەماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا؟

-گرفتى زۆر هەیە کە ڕێگرە لەبەردەم بەرەوپێشچوونى ڕەوشی ژنان، لەوانە گرفتی یاسایی، زۆر جار ئەو یاسایانەی بەرکارن لە کوردستان لە بەرژەوەندی ژنان نین، بۆیە دەبێت هەمواربکرێنەوە یان یاسای نوێ دەربکرێن. یان دەستەڵاتی جێبەجێکردن زۆرجار کەمتەرخەمە و وەکو خۆی یاساکان جێبەجێ ناکات، بەهەمان شێوە دەسەڵاتى دادوەری، زۆربەی جار لە بەرژەوەندی ژن بڕیار نادات. هەروەها کۆمەڵگا زۆربەی جار لە دژی بەرژەوەندی ژنانە بەهۆی بابەندبوون بە داب و نەریت و ئایینەوە.

جیاکاری ڕەگەزی لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بوونی هەیە، چۆن دەتوانرێت لە هەرێمی کوردستان لانی کەم کاڵ بکرێتەوە؟

-جیاکاری ڕەگەزی یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکان لە هەموو جیهان نەک تەنیا لە کوردستان دا. لە کوردستان دوای ڕاپەڕین زۆر هەوڵدراوە چ لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان چ لەلایەن لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئەو جیاکارییە کەم بکرێتەوە. بەدڵنیاییەوە زۆر شت کراوە، ڕەنگە وەکو پێویست نەبێت، بەڵام زۆر هەنگاو نراوە. بۆ نموونە ئێستا لەم خوولەی پەرلەماندا ژن سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمانە، زۆر پۆستی تری گرنکی وەرگرتووە، بەڵام وەکو پێویست نییە و دەبێ مەسەلەی جیاکاری لە ڕەگوڕیشەوە چارەسەری بکریت.

ڕەخنە لە چالاکان و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکرێت بەوەی نەیانتوانیوە ببنە نوێنەری سەرجەم مێینە، ئەم ڕەخنەیە تاچەند ڕەوایە؟ 

-بەڵی ڕاستە نەڕێکخراوەکانی ژنان نە ئەو ژنە چالاکانە نەیانتوانیوە وەکو پێویست کار بۆ ئەوە بکەن کە ڕەوشی ژنان باشتر بکەن، ئەویش بەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە باسم کرد یان بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی ڕێکوپێک لە ڕووی ڕێکخراوەیی کە ڕێگری کردووە لە خزمەتکردنى ژنان.

کۆکردنەوەی سەرجەم ژنان لەژێر یەک دیددا کارێکی ئاسانە بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان؟

-کۆکردنەوەی ژنان لەژیر چەتریکدا ئاسان نییە، چونکە زۆربەی ئەو ژنانەی کار لەو بوارەدا دەکەن سەر بەلایەنیکی سیاسی دیاریکراون، و لەکاتی بوونی هەر قەیرانیکی سیاسی لەنێوان ئەم لایەنانە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕەوشی ژنان بەگشتی.

تاچەند ژنان هۆشیارییان بەرانبەر بە مافەکانیان و یاسا کارپێکراوەکان هەیە؟ ئەرکی کێیە ئەوە بگەیەنێت؟ 

-بەداخەوە ڕێژەیەکی زۆر کەمی ژنان ئاشنان بە مافەکانیان بەتایبەتی مافە یاساییەکان، بۆیە پێویستمان بەوە هەیە کە ژنان هۆشیار بکەینەوە بە مافەکانیان. ئەرکی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵى مەدەنی بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانە کە ژنان هۆشیار بکەنەوە بەرانبەر بە مافەکانیان.

پێت وایە ژنانی هەرێمی کوردستان بتوانن لەڕووی ئاژادی کەسی و ئابووری و بەشداری سیاسییەوە لانی کەم دۆخی ژنانی وڵاتی دراوسێ تێپەڕێنن، ئەمە چۆن دەکرێت؟

-ژنانی کوردستان قۆناغیکی باشیان بڕیوە لە بەرەوپێشچوون لەلایەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئێستا پێویستیان بەوە هەیە کە لەم قۆناغە زیاتر بڕۆنە پێشەوە. دۆخەکە زۆر باشترە لە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر ئەمەش بە خەبات و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەرهەمهاتووە.