ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بە بۆنەی جەژنی چوارشەمە سوورە، سەری ساڵی ئێزیدی، مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و ئێزیدیانی گشت جیھان دەکات و ھیوادارە ئەم جەژنە بە خۆشی و کامەرانی و شادی بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان و ئێزیدییانی جیھان بگەرێتەوە و ببێتە مایەی بتەوکردنی بەیەکەوە ژیانی سەرجەم کوردستانیان بە تێکرای ئاین و نەتەوە و پێکھاتەکانیەوە، و ئەم جەژنە دێرینە کە بەشێکە لە کەلتوری ڕەسەنی گەلەکەمان و ھیمای خۆشی ژیان و ھەمەڕەنگییە، ئاماژەیەکە بۆ دێرینی شارستانی و کەلتوری گەلەکەمان لە ناوچەی رۆژھالاتی ناوەڕاستدا.

لە جەژنی چوارشەمە سوورەدا حزبمان جەخت لەسەر کارکردنی بەردەوام بۆ گەڕاندنەوەی ئێزیدییە ڕفێنراوەکانی دەستی داعش دەکاتەوە، داوا دەکات بە پەلە کار بۆ ئاسایکردنەوەی وەزعی شنگال و تێکڕای ناوچە ئێزیدییە نشینەکانی دیکە، بکرێت، دەسبەجێ کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوەرەکان بۆ شوێنی نیشتەجێی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان دابین بکرێت و پێداویستی ژیان و گوزەرانییەکی پڕ کەرامەتیان بۆ مسۆگەر بکرێت، و کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق و گەڕاندنەوی شەنگال و ناوچەکانی دەشتی موسل بۆ ھەرێمی کوردستان کە ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی پاراستنی بەردەوامی ھێمنی و ئاسایش و کۆتایھێنان بە دیاردەی پەراوێزخستن لەو ناوچانەدا.

لەم ھەلومەرجەدا ئێجگار گرنگە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایک بۆ قەرەبوکردنی زیانی ئێزیدییەکان کە قوربانی شاڵاوەکانی داعش بوون بریار بدات، و شاڵاوەکانی دژ بە ئێزیدان بە جینوساید دەستنیشان بکات.

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان

١٧ی نیسانی ٢٠١٩