ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان

لەم دیمانەیەدا زیاد گەردی قوتابی دکتۆرا لە سایکۆلۆژیای سیاسی لە وڵاتى پۆڵەندا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە زەمینەی لۆبی دروستکردن لەپۆلەندا زۆر لەبارە و وڵاتەکەش دەستکەوتی باشی بۆ کوردستان هەبووە.

ئەنفال یەکێکە لە برینە گەورەکانی جەستەی کورد، دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، لەڕووی تۆژینەوە و ناساندنی تاوانەکەوە بەگەلانی دنیا بەتایبەتی لەوڵاتی پۆلەندا ئەوەی کراوە لەئاستی پێویستدا بووە؟ ئەگەر نەکراوە هۆکارەکان کامانەن؟

-لەڕاستیدا تاوانی ئەنفال لەو زامە سارێژنەکراوانەیە کە لەیادەوەری کورد هەرگیز ناسڕێتەوە، بەڵام ڕوویەکی دیکەی ئەم کارەساتە ئەوەیە کە دەتوانرێ بەهۆیەوە بۆ پرسی کورد و مافی چارەنووس شەرعیەتی نێودەوڵەتی بەدەستبێنی، ئەمەش بەناساندنی تاوانەکە بەگەلانی دنیا و ناوەندەکانی بڕیار و یاسا دەرکردن، هەروەها دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی جینۆساید لەوڵاتان. بەجینۆسایدناساندنی ئەنفالی کورد لەهەر ناوەندێکی نێودەوڵەتی و پەرلەمانی وڵاتاندا هەنگاوی پرسی کورد خێراتر دەکات، بۆچوونە ناو کۆڕی نێودەوڵەتی و هاوکێشە سیاسی و هەرێمییەکان. تایبەت بەوڵاتی پۆڵەنداش یەکێکە لەڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین تاوانی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژی دەرهەق ئەنجامدراوە، بەپێی ئاماری ئینستیتیوتی نیشتمانی بۆ یادەوەرییەکانی پۆڵەندی تەنیا لەلایەن نازییەکانەوە لەساڵانی ١٩٣٩ تا ١٩٤٥ دوو ملیون و ٩٠٠ هەزار جوولەکەی پۆڵەندی و دوو ملیۆن ٧٧ هەزار پۆڵەندی غەیرە جوولەکە جینۆسایدکراون، ئەمە بێجگە لە کوشتنی بەکۆمەڵ و قەڵاچۆکردن و دامرکاندنەوە لەلایەن ڕووسەکانەوە لەهەرە دیارترینیان (کوشتارگەی کاتینە) کە تەنیا لەیەک ڕۆژدا ٢٢ هەزار پۆڵەندییان کۆمەڵکوژ کرد، بۆیە زۆرترین ئەکادیمیست و توێژەر و پسپۆڕانی بواری جینۆساید ڕوو لەپۆڵەندا دەکەن بۆ تۆژینەوە و دەستکەوتنی بەڵگە و زانیاری لەمەڕ تاوانەکی کۆمەڵکوژی، هەروەها ئەم وڵاتە زۆرترین دەزگا و ناوەندی تۆژینەوە و مۆزەخانە و مۆنۆمێنتی تاوانەکانی جەنگی تێدایە، کە دەکرێ هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونەکانی ئەم وڵاتە وەرگرێت و پەیوەندی گرێبدات بەو ناوەندانەی پەیوەستن بەجینۆساید و لەڕێگەشیەوە دەتوانێ دەنگی زیاتر بگات بەناوەندە جیهانییەکانی دیکەى تایبەت بە تاوانی کۆمەڵکوژی، ئەو توێژەرانەی کە سەردانی ئەم وڵاتەشیان نەکردبێ، بەڵام لینکیان لەگەڵ دامودەزگاکانی تایبەت بەجینۆساید لەپۆڵەندا هەیە، یەکێک لە توێژەرە جیهانییەکان کە زۆرترین نووسین و لێکۆڵینەوە و کتێبی لەبارەی تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە (پرۆفیسۆر یاێر ئاورۆن)ە، لەبارەی جینۆسایدی هەموو گەلانی جیهان نووسیویەتی تەنیا گەلی کورد نەبێت، بۆیە من پەیوەندیم پێوەکرد و باسی کورد و ڕەخنەی ئەوەشم لێگرت کە بۆچی تائێستا هیچ کارێکی لەبارەی کوشتنی بەکۆمەڵی کوردان و ئەنفال نەکردووە، ئەو بەخۆشحاڵییەوە داواکەی منی پەسند کرد و بەڵێنیدا کار لەسەر ئەنفالی کورد بکات و لەمەودوا لەکارە لەپێشینەکانی بێت. بەم ئەندازەیە ئەوەی تائێستا کراوە لەئاست داخوازی ئەوانە نییە کە پابەندن بە پرسی ئەنفال هەروەها کارەکان لەئاستی دۆزی کورد و ئەم تاوانە گەورەیە نییە کە دەرهەق بەگەلی کورد کراوە، کەموکوڕییەکەش زیاتر تەکنیکییە نەک مادی و پەرۆشی کەسەکان، چونکە خەڵکی دڵسۆز پەیوەست بەجینۆساید لەدەرەوە و ناوەوەی وڵات زۆرن، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانمان هەیە کە بەردەوامی کارکردنن لەسەر ئەم پرسە هەروەها زانکۆکانی کوردستان بەپێی توانا گرنگیان بەم پرسە داوە، بەڵام کەموکوڕییە تەکنیکییەکە بریتییە لەوەی کە نەتوانراوە پەیوەندی بگیرێ بە ناوەندە پەیوەندارە جیهانییەکانی تایبەت بەکۆمەڵکوژی، ئەوەی کە دەکرێ زیاتر یا لەسەر ئاستی کەسە یاخود لەڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمە، ئەمەش زیاتر سنوردار دەبێ، چونکە لەم حالەتەدا کەسی نەشارەزا یا پسپۆر نەبێ دەکەوێتە ناو پرۆسەکە، بۆ نموونە ستافێک کە لەڕێگەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێم کە سەردانی دەرەوە دەکەن لەپێشدا پەیوەندی بە نوێنەرایەتی دەکەن بۆ کارئاسانی، (پۆڵەندا وەک نموونە) لەم حالەتەدا نوێنەر کەسێکی ئەکادیمی نییە لەبواری جینۆساید، بۆیە ناتوانێ ئەم ستافە بناسێنێ بە ئەکادیمیستانی کورد لەدەرەوە یاخود بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی و بزنزەکەی یارمەتی ئەم ستافە دەدات و لەبڕی کارێکی زۆر بەڵکو بەچەند شتێکی سنووردار بەڕێیان دەکات و دواتریش لەسەر ئەوحاڵەش لەلایەن وەزارەتەوە سوپاس و پێزانینێکیش وەردەگرێ، وەزارەتی کاروباری شەهیدان ڕێککەوتنامەیەکیان واژووکردووە لەگەڵ مۆزەخانەی ئاوشفیچ کەجێگەی دەستخۆشییە، بەڵام ئەو دەرفەتەش هەیە کە هەرکاتێ شاندێکیان دێنە ئەم وڵاتە بەڵێننامە و دەستکەوتی زیاتریان دەستبکەوێ، چونکە دامودەزگاکانی پۆڵەندا زۆر هەماهەنگن ئەگەر ڕێنیشاندەری باشیان هەبێ کە کەسانی زۆر دڵسۆز لەکورد و پۆڵەندییەکان ئامادەییان تێدایە بۆ یارمەتیدان لەم جۆرە هەماهەنگییانە، پرسی جینۆساید زۆر لەوە گەورەترە کە تێکەڵ بەبەرژەوەندی کەسێک بکرێت، بۆیە پێویست بەبوونی ناوەندێک دەکات کە ستافەکەی پسپۆری بواری جینۆسایدبن، ڕاستەوخۆ سەربە ئەنجوومەنی وەزیران بێت و هەماهەنگیش بێت لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕاستەوخۆش لەپەیوەندی گرێداندابن بە پسپۆڕ و ناوەندەکانی جینۆساید بێ تێکەڵکردنی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم، ئەرکی سەرەکیشی؛ توێژینەوە، کۆکردنەوەی زانیاری، پەیوەندی گرێدان بە ناوەندە جیهانییەکان، پەیوەندی بەستن بە توێژەرە نێودەوڵەتییەکان، پرۆژە ئامادەکردن بۆ پەرلەمانی وڵاتانی جیهان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفالی کورد بەوڵاتان و بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسەکانی قەلاچۆکردنی خەڵکی کوردستان. چەند جارێک شاندی وەزارەتی شەهیدان سەردانی پۆڵەندایان کردووە، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتانەیان بۆ دروست نەکردوون کە ئێمەی ئەکادیمییە کوردەکانی پۆڵەندا ببینن بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین هەماهەنگیان بین و بەناوەندی دیکەیان بناسێنین، بەتایبەتیش ناسینیان بە لیژنەی مافی مرۆڤ و یاسایی لە پەرلەمان و پرۆفیسۆر و کەسایەتی و لێکۆڵەرەوانی بواری جینۆساید، چونکە ئێمە بەحوکمی کارەکانمان لەناوەندە زانستی و سیاسییەکان پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ کەسانی پسپۆر و پەیوەست بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

هێزە کوردییەکان بە داڵدەدانی بەشێک لەتۆمەتبارانی ئەنفال تاچەند بەشداربوون لەم نەهامەتییە؟

-بابەتەکە زۆر لەوە گەورەترە کە پەیوەستی بکەین بەداڵدەدانی تاوانباران، بەڵکو دیارکردنی تاوانباران و دادگایی کردنیان دەبێتە بەڵگەی دیار یاخود بەڵگەی یاسایی و بنەما یاساییەکانی کەیسی ئەنفال پتەوتر دەکات، هەنگاوەکانی پرۆسەی ناساندنی ئەم تاوانە لەناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ زیاتر دەباتە پێش، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی هەموو ئەوانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامدابوو دۆزرانەوە و درانە دادگا و بەسزای خۆیان گەیاندن ئەمە تەنیا سزا و تۆڵەسەندنەوەیەک نەبوو بەڵکو دوای ئەوە بڕیاری گەورەی نێونەتەوەیی و بەڵێننامە و پەسندکردنی بەندەکانی جاڕدانی مافی مرۆڤی بەدواداهات و بۆ زۆربەی گەلان بووە مایەی گەیشتن بەسەربەخۆیی و دروستبوونەوەی دەوڵەت، یەکێک لەو نموونانە؛ ئیسرائیل (ئەدۆلف ئایخمان)ی دوائەفسەری نازی دۆزیەوە کە تاوانی جەنگی ئەنجامدابوو لەوڵاتی ئەرجەنتینەوە گواستیانەوە بۆ ئیسرائیل و درایە دادگا و لەساڵی ١٩٦٢ سزاکەی بەسەر سەپێندرا، درانە دادگای ئەمجۆرە تاوانبارانە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی و پێگەی بەدەوڵەتبوونیش بەهێزتر دەکات.

بۆچی پۆلەندا بۆ کورد گرنگە، بەتایبەتی پەیوەست بەوەی ئەم وڵاتە لەڕابردوو و ئێستاشدا چەپ بەئەندازەیەکی زۆر کاریگەی تێدایە؟

-پۆڵەندا لەزۆر ڕووەوە گرنگی بۆ کورد هەیە لەوانە لەڕووی ئەزموون و مێژژوەوە پۆڵەندا لەو وڵاتانەیە کە چەندین جار دابەشکراوە تا لە ساڵی ١٩١٨ توانیان یەک بگرنەوە و وڵاتی خۆیان لەنوێ دروستبکەنەوە، هەروەها لەڕووی سۆلیداریتی و ڕۆڵی سەندیکا کرێکارییەکان و ڕێکخراوەکان کاتێ کە بەیەکگرتوویی تەزاموونیان ئەنجامدا بەتایبەت لەساڵانی هەشتاکاندا بزووتنەوەی سۆلیدارێتی کە زیاتر لەسەندیکا کرێکارییەکان پیکهاتبوون تا لەساڵی ١٩٨٩ توانیان پۆڵەندای نوێ بنیاد بنێنەوە. بۆیە لەڕووی ئەزموونی سەندیکا و ڕێکخراوەیی و سیاسییەوە دەتوانین سوود لەمۆدێلی پۆڵەندا وەربگرین، هەروەها پۆڵەندا لەوڵاتە کۆلۆنیالییەکان نەبووە تا ئەگەر کوردستان هەر گۆڕانکارییەکی بەئاراستەی بوون بەدەوڵەت بەسەربێت کار لەبەرژەوەندییەکانی بکات، یاخود بەشێوەیەکی دیکە بڵێین ترسی لەدەستدانی بەرژەوەندییەکانی نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو پۆڵەندا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە هاوکاری و پاڵپشتی پێشکەش دەکات نەک وەرگرێت، بەم ئەندازەیە دەنگی پۆڵەندا بۆ کوردستان گرنگە، چونکە یەکێکە لەئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەندامی کارای یەکێتی ئەوروپایە، ئەمە بێجگە لەڕووی ئابووری و کەلتووری و پەروەردەیی کە دەکرێ سوودێکی یەکجار گرنگیان لێ وەربگیرێت و ئەوانیش بەهەمان چەشن سوود لەهەرێمی کوردستان وەرگرن.

پرۆفایل:-

زیاد حوسێن عەبدولقادر گەردی، بەکالۆریۆس لە پەروەردە / دەروونزانی، ماستەر لە زانستە سیاسیەکان/ سایکۆلوژیای سیاسی، قوتابی دکتۆرا: ساایکۆلۆژیای سیاسی، زانکۆی وارشۆیە و ماوەى دە ساڵە دانیشتووی وڵاتی پۆلەندایە.