ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، تا رێككەوتی 4ی ئاداری 2019 حكومەتی هەرێم توانیویەتی 3371 كەس لە رفێندراوەكانی دەستی داعش رزگاربكات.

رۆژی یەكشەممە 12ی ئایاری 2019 دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "حكومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی هەموو دەرگاكانی هەرێمی واڵا كردووە و تا ئێستا بەدەیان هەزار خێزانی مەسیحی، ئێزدی، توركمان و عەرەب لەناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ پاراستنی گیانی خۆیان رویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و حكومەتی هەرێمیش بەپێی توانا هەموو ئاسانكاریەكی بۆ ئەنجامداون‌ و ئێستاش وەكو هەموو هاوڵاتیەكی دیكەی كوردستان ژیانی رۆژانەی خۆیان بەبێ هیچ فشارێك دەبەنەسەر".

زێباری راشیگەیاند، "دوای داگیركردنی شنگال 6284 هاووڵاتی ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێندران لەوانە 3467 مێ و 2717 نێر" حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی خۆی چڕ كردەوە بۆ رزگاركردنیان، لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزیدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ئازاد كردنیان بۆ ئەم مەبەستەش بڕێك پارەی بۆ ئەو كەسانە تەرخان كردووە كە هەر ئافرەتێك ئازاد دەكات یان بە زانیاری یارمەتی ئازاد كردنیان بدات. دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگە و دەستپێكردنەوەی ژیانێكی ئاسایی.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم، باسی لەوەشكرد، له شنگال پاش هاتنی حەشدی شەعبی و هەروەها بوونی پەكەكە و دروستبوونی شەڕ و پێكدادان لەو ناوچەیە، نزیكەی 800 خێزان گەڕاونەتەوە كەمپەكانی دهۆك.

دیندار زێباری سەبارەت بە شێوازی مامەڵە كردنی هێزەكانی پێشمەرگە راشیگەیاند، لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە هیچ مامەڵەی خراپ لەگەڵ كەمایەتییە ئایینییەكان نەكراوە. بە هیچ شێوەیەك ماڵ و خانووی كەس نەڕووخێندراوە و تاڵان نەكراوە. هەروەها داوا له ئێزدییەكان نەكراوه كە وەكو كورد خۆیان بناسێنن، هەروەها هیچكات ناچار نەكراون بە زۆر پشتگیری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.