ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

د. کاوە مەحموود سکرتێری حزبی شوعی کوردستان لە ئاخافتنێکدا بۆ "ڕێگای کوردستان" ئاماژەی بە یادی پەنجا و سێ ساڵەی داستانی هەندرێن کرد کە شیوعییەکان و دۆستەکانیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە 12ی ئایاری 1966 تۆماریان کرد، و جەختی کردەوە کە داستانی هەندرێن بەشێکە لە نەبەردی و قارەمانێتی مێژووی شیوعییەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، و ڕژێمی ئەو کاتەی عێراقی ناچار کرد کە بە دانوستان لەگەڵ سەرکردایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان قایل بێت، و تێکڕای ئەزموونەکانی ڕابردوو و ئێستاش ئەوەیان سەلماندووە کە نەیارانی گەلی کوردستان تەنیا دوای مقاوەمەتی گەلی کوردستان بە دانوستان قایل دەبن.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان ڕای گەیاند؛ "لیستەکەمان دەنگ بە هیچ کاندیدێک نادات، و لە کاتێکدا کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی بە پێویست دەزانین و تێبینی سەرەکیمان لەسەری هەبووە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەشێکە لە ڕێککەوتنی سێ حزبی سیاسی، کە هاوپەیمانییان بەستووە و لەسەر ئەو بنەمایەش پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکانی ئەو دەزگایانە و پێکهاتەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان دابەش کردووە، و حزبی ئێمە بەشێک نییە لەو ڕێککەوتننامەیە".

سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان دووپاتەی دەکاتەوە؛ "لەم ڕوانگەیەوە دەنگمان بە هیچ یەکێک لەو پۆستانە نەداوە، و درێژە بە تێکۆشانی خۆمان لە شەقام و لە پەرلەمان لە ڕوانگەی بەرنامەیەکی چەپی دیموکراسیخوازەوە، دەدەین. "