ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان

هەوڵەکانى ژنان بۆ دیاریکردنى پشکى ٣٠٪ لەکابینەى نوێى حکوومەت بەردەوامى هەیە و جگە لەو یاداشتەى دراوەتە پەرلەمان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجوومەنى باڵای خانمان بەشێوازى جۆراوجۆر کار بۆ سەرخستنى پڕۆسەکە دەکرێت، بەتایبەتى لەناوخۆى حزبە بەشدارەکانى حکوومەت دا.

ماوەیەکە ژمارەیەک لە ژنان کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و چالاکانی ئەو بوارە بەمەبەستى دیاریکردنى پشکى ژنان لە کابینەى نوێى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە رێژەى ٣٠٪ هەڵمەتێکیان ڕاگەیاندووە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان کۆبوونەتەوە کە پێشتر ئەنجوومەنەکە خۆشی لە هەوڵى دیاریکردنى ڕێژەیەک بووە بۆ ئافرەتان لە کابینەکانى حکوومەت دا.

لە دواى ساڵى 2003 و بەپێى ئەو یاساییەى کە لە سەردەمی پۆل بریمەر حاکمی ئەوکاتی ولایەتە یەکگرتووەکان لەعێراق دەرچوو، پشکى 25%ی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان دیاری کراوە، لە هەڵبژاردنەکانى ڕابردووشدا ژمارەیەک لە ژنان بەبێ کۆتا بەتایبەتى لە هەرێمى کوردستان بوونەتە پەرلەمانتار، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 241 ژن لەسەر 34 کورسی کە بەشێوەی کۆتا بۆ ژنان دیارکراون، کێبڕکێیان دەکرد، بەشێک لە کاندیدە ژنەکان توانیان بەبێ سیستمی کۆتا سەربکەون و ببنە پەرلەمانتار.

هەرچەند بە گوتەى مەحموود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی رێژەی بەشداریکردنی ژن لە فەرمانگە حکوومییەکاندا کەم نییە، بەڵام وەک ژنان ئاماژەى بۆ دەکەن ئەوان دەیانەوێت لە دەسەڵاتدا بن بۆ نموونە لە پۆستە باڵاکانی وەک بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بریکاری وەزارەتەکان و وەزارەتەکان، یاخود بەڕێوەبەرى ناحیەکان کە بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری (ڕێگاى کوردستان) ڕێژەی ژنان لە پلەکانی بەڕێوەبردن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ٧٪ تێپەڕ ناکات.

بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی ڕاى دەگەیەنێت ڕێژەی ئافرەتان لە نێو فەرمانگەکانی حکومەتدا 40% تێپەڕاندووە، بەڵام ئەم رێژەیەی بەشدارى ژنان لە پلە باڵاکان بوونى نییە.

بەپێى ئامارێک بوونى ئافرەتان لە کابینەکانى پێشترى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى نزیکەى ١٪ بووە، بۆ نموونە لە کابینەی یەکەمی حکوومەتى هەرێمى کوردستان تەنیا یەک ژن بوونى هەبووە، لە کابینەی دووەمیش بەهەمان شێوە، لە کابینەى سێیەم هیچ ژنێک بوونى نەبووە، سەبارەت بە کابینەی چوارەم دوو ژن و لە کابینەی پێنجەمیش سێ ژن کە یەکێکیان وەزیری هەرێم بوو بوونیان هەبوو، لە کابینەى شەشەم یەک وەزیر و لە دوا کابینەش بەهەمان شێوە تەنیا یەک ژن بوونى هەبووە کە ئەویش وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار بووە.

هەوڵەکانى ئێستاى ژنان بۆ دیارکردنى پشکى 30% لەم کابینەیەدا بە بێ هیچ پاڵیشتییەکى یاساییە، بەڵام بەگوتەى یەکێک لە ئەندامانى گرووپی باڵانسی جێندەر؛ بەدەمەوە هاتن لەلایەن هێزە سیاسییەکانى پێکهێنەرى کابینەى نوێى حکوومەت بۆ ئەو مەبەستە هەبووە.

ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی گرووپی باڵانسی جێندەری، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جگە لە پەرلەمان سەردانى ئەنجوومەنی باڵای خانمانیان کردووە و داواکارییەکەیان گەیەنراوەتە لایەنە سیاسییەکانیش بە تایبەتی هەر سێ لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکوومەتی نوێ. ڕێزان باس لەوەش دەکات کە بەپێى زانیارییەکانى ئەوان هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەو پرسە ئەرێنی بووە.

لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى پشکى ٣٠٪ بۆ ژنان لە کابینەى نوێى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هاوکات چالاکان جەخت لە گرنگى ڕۆڵى ژنان و سەربەخۆییان لە شوێنى کارکردن دەکەنەوە، بەشێوەیەک کە ژنان تەنیا وەک دیکۆر بەکارنەهێنرێن، بەڵکو پێویستە دەسەڵاتى تەواویان هەبێت، هاوکات جەخت لەوەش دەکەنەوە کە ئەو ژنانەى دەچنە دەسەڵات پێویستە وەک ژن بیر بکەنەوە.

ڕێزان شێخ دلێر سەرەڕاى ئەوەى جەخت لە دیاریکردنى پشکى ٣٠٪ بۆ ژنان دەکاتەوە، هاوکات پێشی وایە کە حزبەکان زۆرجار ژنیان لەپێناو پاراستنی دەسەڵات و مەرامی سیاسیی خۆیان بەکارهێناوە، بەبێ ئەوەى بوونى ژن بە زەرورەت بزانن.

بەهەمان شێوە بەهار مونزر چالاکانى بوارى مافەکانى ژنان، سەرەڕاى ئەوەى بوونى ژنان لە ناوەندەکانى دەسەڵات بە هەنگاوێگى گرنگ ناو دەبات، هاوکات جەخت لە بیرکردنەوەیەکى ژنانەش بۆ پرس و ئاریشەکانى ژنان دەکاتەوە لەلایەن ژنانى دەسەڵاتدار، جا لەناو پەرلەمان بێت یان حکوومەت، "لە هەر شوێنێک بەپێى یاسا و دەستوور، ژن لەناو کۆمەڵگەدا پلە دوو بێت، کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر یەکسانبوونى ژن و پیاو دەبێت، بەبێ یەکسانبوونى ژن و پیاو کۆمەڵگە گەشە ناکات، چونکە ناکرێت بەشێکى کۆمەڵگە زەلیلکرابێت و داواى بەرەوپێشچوونى کۆمەڵگە بکەیت، بۆیە پێویستە ژنان و پیاوان، پێکەوە کۆمەڵگە بەڕێوەببەن لەسەرجەم ئاستەکاندا، نەک لەسەدا بیست یاخود سی". ئەو چالاکانەى بوارى مافەکانى ژنان جەختى لەوەش کردووە کە ئەوەى گرنگە کارکردنە بۆ یەکسانبوونى هەردوو ڕەگەز، نەک دیاریکردنى ڕێژە و ژمارە.