ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەوراز ئەحمەد – ڕێگای كوردستان

 بەهۆی بەردەوام بوونی باران بارینەوە هێشتا گژوگیای دەوروبەری گوندەکەیان سەوزە و دەتوانێت بە ئاسودەیی داسەکەی هەڵبگرێت و بڕواتە دەشت و دەر بۆ بڕینی گیا بۆ ئاژەڵەکانی. ناسکە توفیقی تەمەن 59 ساڵ کە دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی گەرمیانە هەر لە منداڵییەوە ژیانی لە گوندەکەی خۆیان بەسەر بردووە و دەڵێت؛ "بەدرێژایی ژیانم خەریکی کارکردن بوومە و زۆربەی کات نەک بەرانبەر بە هاوسەرەکەم، بەڵکو زیاتر لەو زەحمەت دەکێشم و کاری قورس دەکەم".

ناسکە خاوەنی سێ منداڵە و لە گوندی ساڵەحیەی سەربە قەزای کفری نیشتەجێیە، ئەو شەرواڵێکی پیاوانە و جووتێک پێڵاوی لاستیک و لەچکێکی ڕەشی لەسەرە، بەدەم گفتوگۆکردنەوە سەرقاڵی دەرکردنی مەڕ و بزنەکانی بوو، گوتی؛ ئەمەیە ژیانی من لە کاتژمێر 4ی بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە خەریکی کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ کردنین، چونکە بژێوی ژیانمان لەسەرە، ڕۆژانە زەحمەتی زۆر دەکێشین، باسی لە ئەو زەحمەتیانە کرد کە ئافرەتانی گوندنشین پێوە دەناڵێنن؛ "ئافرەتان لێرە زۆربەیان سەرقاڵی کارکردنن و بەو هۆیەوە لە خوێندن و خوێندەواری بێبەشن".

گوتیشی؛ "کاری ئێمە بریتییە لە مەڕدۆشین و کشتوکاڵ کردن و لێکردنەوەی بەربوومە کشتوکاڵییەکان ئەمە جگە لە کاروباری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ". ڕوونی کردەوە؛ ئێمەی گوندنشین ڕاهاتووین بە کارەکانمان و پێمان وایە ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان، کوردستان بەرەو ئاوەدانی دەبات و هەرگیز ناگەڕێینەوە بۆ شار".

سێوە ساڵح خاوەنی حەوت منداڵە، لە تەندورە قوڕینەکەی بەردەرکەی ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵی نانکردن بوو، گوتی؛ "ئەگەرچی ئێستا کارئاسانی زۆر پەیدابووە بۆ بەڕێکردنی کار و بوارەکانی ژیان، بەڵام ئێمە لەگەڵ سروشتی کۆنی خۆمان ڕاهاتووین و ڕێگاندەین کلتوورمان بەهۆی ئامێرەکانەوە لە ناوبچێت".

گوتیشی؛ "کارەکانمان بە پێی وەرزەکانی ساڵ دابەش کردووە بە جۆرێک لە زستاندا سەرقاڵی ئاژەڵداری و لە بەهاردا ڕوو دەکەینە دەشت و دەر بۆ لێکردنەوەی گژوگیای بەهارە کە خۆی لە (تۆڵەکە و کنگر و دۆمەڵان و قارچک و ئەو خواردنە سروشتییانەی کە لە ناوچەکەی ئێمە دەردەچێت) لێدەکەینەوە و دەیبەینەوە بۆ شار و دەیفرۆشینەوە، لە هاوینشدا سەرقاڵی بەروبومی کشتوکاڵین، ئیتر بەم جۆرە لەگەڵ زەحمەتییەکانی ژیان ڕاهاتووین".

پورە مەنیجە کە تەمەنێکی زۆری هەبوو دەستاڕی ژیان بە تەواوەتی ماندووی کردبوو، گوتی؛ "لەوەتەی خۆمم ناسیوەتەوە لە لادێدا دەژیم و کارەکانی ئێمە لە ڕابردوودا سەد بە قەد کاری ئێستا قورستر بوو، چونکە ئێمە جگە لەم کارانەی کە ئێستا دەکرێت لە ڕابردوودا سەرقاڵی دروست کردنی (تەون و جاجم، راخەر و کولەباڵە بووین) کە هەر لە بەروبوومی مەڕوماڵاتەکانی خۆمان دروستمان دەکرد".

گوتیشی؛ "تەمەنم لە سەرووی حەفتا ساڵەوەیە تاوەکو ئێستا تەندروستیم زۆرباشە، ئەمەش بۆ ئەوە گەڕێنمەوە کە ئێمەی گوندنیشن کەشوهەوایەکی پاک و خواردنی سروشتی دەخۆین".

ئەگەرچی زۆربەی گوندەکان خەڵک بۆیان گەڕاوەتەوە، بەڵام خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆیان نییە، زۆربەیان ئاوی خواردنەوەیان پێ نەگەیشتووە، بەڵام خۆشەویستی ئەوان بۆ کارەکانیان سەرەڕای زەحمەتییەکانی ژیانیش هێشتا ئەو ژیانەیان پێ خۆشە.

شیلان تەمەنی 32 ساڵە و دەڵێ؛ "زۆر بەکەمی دەزگای ڕاگەیاندن سەردانمان دەکات، هێشتا کەس لە زەحمەتییەکانی ئێمەی نەپرسیوەتەوە، ئەگەرچی ئێمە کار بۆ خۆمان دەکەین، بەڵام مانەوەی ئێمە لە گوند وڵات ئاوەدانتر دەکاتەوە".

گوتیشی؛ "ئافرەتانی گوند بە تایبەت بەتەمەنەکانیان زۆربەیان نەخۆێندەوارن، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدار و ڕێکخراوەکان دەکەم زیاتر گرنگی بە خولی هۆشیاری لە ناو گوندەکان بدەن".