ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەگەر قوتابی پۆلە ناکۆتاکان لە وانەیەک 40 نمرە و لە وانەیەکی دیکە 45 نمرەی هەبێت، ئەوا بە دەرچوو دادەندرێت". 

مامۆستا کەریم لەتیف رایگەیاند "بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ بۆ پۆلە ناكۆتاكانی 7 و 8ـی بنەڕەتی و 10 و 11ـی ئامادەیی، ئەگەر قوتابی لە وانەیەک دەرنەچووبێت و 40 نمرەی هەبێت ئەوا نمرەکەی بۆ دەکرێتە 50 و بە دەرچوو بۆی دادەندرێت."

کەریم لەتیف گوتیشی "ئەگەر قوتابی لەو 10 نمرەیە سوودمەند بوو، دوای ئەوە لە وانەیەکی دیکەش 45ی هەبوو، ئەو کاتە 5 نمرەی پێدەدرێت و بە دەرچوو دادەندرێت". 

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزمووکانەکان باسی لەوەشکرد "ئەو سیستمە لە سیستەمی پەڕینەوە جیاوازە. لە سیستمی پەڕینەوە وانەکەی لەسەر دەمێنێت و دەبێت تاقیکردنەوەی لێبدات".

لە 11-5-2019 تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 20-5-2019 بەردەوام دەبێت. ملیۆنێک و 291 هەزار و 380 قوتابی قۆناخەکانی 4 تاوەکو 8ی بنەڕەتی و 10 و 11ی ئامادەیی لە 6 هەزار و 61 قوتابخانە تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامدەدەن.