ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زاهیر ئیبراهیم

لقی سۆرانی یەكێتی لاوانی كوردستان ئەمڕۆ 29- ئایاری 2019 لە ڕاگەیاندراوێكدا كە ئاراستەی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و ڕای گشتی كردووە داوادەكات، چیتر لە ئاست بۆردوومانكردنی و شەهید كردنی لاوانی كورد لەلایەن دەوڵەتی توركیا بێدەنگ نەبن.

لقی سۆرانی یەكێتی لاوانی كوردستان لە ڕاگەیاندراوەكەیدا هاتووە " دەوڵەتی توركیا بە پاساوی لێدان لە بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەردەوامە لە بۆردوومانكردن و تۆپبارانكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە وێرای شەهید بوونی چەندین لاوی كورد لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگیەكانی دەوڵەتی توركیا، هاوكات زیانی زۆری ماددی بەر ڕەزو باغ و ماڵی هاووڵاتیان لە دەڤەری ئامێدی و برادۆست و بناری قەندیل كەوتووە".

هەروەها لقی سۆرانی یەكێتی لاوانی كوردستان ڕاشیدەگەینێت " ژینگەی ناوچە سنوریەكانیش لە ئەنجامی بۆردوومانكردن دووچاری كارەساتی ژینگەیی بۆتەوە، بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانیش چەندین گوند بەرەوچۆل بوون دەچن بە تایبەت لە دەڤەری برادۆست،ئێمە وەك لقی سۆرانی یەكێتی لاوانی كوردستان بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی هەر دەست درێژی و بەزاندنی خاكی كوردستان دەكەین و داواكارین فشاری جدی بخرێتە سەدەوڵەتی توركیا بەتایبەت بۆ ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانیەكانیان بۆ ناوخاكی كوردستان".

لقی سۆرانی یەكێتی لاوانی كوردستان ڕاگەیاندراوەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات" زەرەرمەندی یەكەم لە هێرشە ئاسمانیەكانی توركیا و شەڕو پێكدادانەكان هاونشتیمانیانن،لەلایەكی تر بەزاندنی سنوری وڵاتان لەگەڵ یاسا و پەیمانە نێودەوڵەتیەكان ناكۆكە و پێویستە حكومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست پێشلكاری بەردەوامی دەوڵەتی توركیا.

ئەو رێكخراوە لەكۆتایی ڕاگەیاندراوەكەیدا جەخت لە چارەسەری كێشەی كورد بەڕێگای ئاشتی دەكاتەوە و دەڵێت " پێویستە دەوڵەتی توركیا دەست بەرداری بژاردەی شەڕ و جەنگ و شەهیدكردنی كوردان بێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان تەنیا  دانووستان و ئاشتی رێگا چارەی ڕاستەقینەیە".