ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان لەھەوڵی كەمكردنەوەی كرێی خوێندنە بۆ قوتابیانی زانكۆو پەیمانگەو قوتابخانە تایبەتەكانە.

رۆژی دووشەممە 7ی تەمموزی 2019 بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، چەند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد و چەند بڕیارێكی دەركرد.

سەرەتا كۆبوونەوەكە سەرۆكی لیژنە داوای لە ئەندامانی ئەو لیژنە لاوەكییە كرد كە بۆ مەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكان سەبارەت بە پرسیارو ئەنجامی تاقیكردنەوەكان پێكھێندرا بوو ڕاپۆرتی خۆیان بخەنەڕوو و ئەندامانی لیژنە لاوەكییەكەش لەڕاپۆرتێكدا دەرئەنجامی بەدواداچوون و سەردانەكانیان بۆ لای لایەنە پەیوەندیدارەكان بەو پرسە خوێندەوەو بڕیاردرا كە بەنوسراوێك بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە بكرێت بۆ لێپیچینەوە لەو كەسانەی كە بوونە ھۆكاری ئەو ھەڵانەی كە لە تاقیكردنەوەكان ڕوویدا.

دواتر گفتوگۆ كرا لەسەر كێشە و گرفتەكانی بەردەم قوتابیان لە زانكۆو پەیمانگەو قوتابخانە تایبەتەكانی ھەرێمی كوردستان و دوای ڕاوێژو گفتوگۆیەكی ورد بڕیاردرا نوسراوێك ئاراستەی زانكۆو پەیمانگەو قوتابخانە تایبەتەكان بكرێت بۆئەوەی قوتابیانی دەرچووی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ساڵی یەكەم بەبڕە پارەیەكی كەمتر لە زانكۆو پەیمانگەو قوتابخانەكانیان بخوێنن، ھەروەھا داوا لەوەزارەتی خوێندنی باڵا بكرێت كە كرێی خوێندنی پاڕالێل لە زانكۆ حكومییەكان كەم بكاتەوە.

ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەك درا بەمەبەستی ئاگاداربوون لەشێوازی ئیشوكارەكانی ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان لەزانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان و بەدواداچوون بۆ كێشە و كەموكوڕییەكانیان.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا ئەو نوسراو و داواكاری و سكاڵایانە خوێندرانەوە كە ئاراستەی لیژنە كرابوون و كاری پێویستییان لەسەر كرا