ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر بۆ جاری یەكەمە فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی عێراق لە سنووری کەرکوک لەگەڵ پێشمەرگەدا كۆدەبێتەوە.

هەمان فەرماندە رایگەیاند:"دوێنێ شاندێكی سەربازیی عێراق لە كەركووك بە سەرۆكایەتیی لیوا ڕوكن سەعد حەرب، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك، سەردانی میحوەری پێشمەرگەی كرد و لەبارەی ڕەوشی ناوچەكەوە كۆ بوونەوە، دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەریش ئەمە بۆ جاری یەكەمە فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی عێراق لەو سنوورە لەگەڵ پێشمەرگەدا كۆ دەبێتەوە".

وتیشی" باسی زۆر شتمان كرد و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی باڵای دانوستانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغداین، لێكتێگەیشتن ھەیە لە نێوان ھەردوولا بۆ چارەكردنی كێشەكان بە یەكجاری، ئەگەر حكوومەتی نوێی ھەرێمیش دەستبەكار بێت، ئەوا دەگەینە ئەنجامێك لەگەڵ بەغدا".

ئەوەشی خستەڕوو،دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی خۆی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، واتە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بارەگاكانی پێشووی خۆی لە كەركووك بەڵام ناتوانم کاتەکەی دیاری بکەم".