ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی چوارەم ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان ڕادەگەێنێت.

 

لێژنەی باڵای ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایدەگەیەنێت: ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان یەكێك لەپڕۆژە گرنگ و كاریگەرەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، چونكە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە لە ماوەی ڕابردو كاریگەری زۆری خستۆتە سەر پێشكەوتنی زانكۆكان و، ئاشناكردنی زانكۆكان بەكۆمەڵێك بەهای نوێ.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتوە: لەئێستادا كاروبارە تەكنیكی و تایبەتەكانی پەیوەست بە ڕێزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان بەشێوەیەكی سەركەوتو بەڕێوەدەچێت و واش بڕیارە ئەمساڵیش لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول بۆ جاری چوارەم ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان ڕابگەیەنرێت.

لێژنەی باڵای ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان دوپاتیشی دەكاتەوە: پرۆسەی ڕیزبەندی زانكۆكان پشت بە (٧) پێوەری سەرەكی و، (٤٧) پێوەری لاوەكی دەبەستێت، جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان گۆڕانكاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، كلتوری كێبڕكێی زانستی تۆخكردەوەو، پێوەر و ستاندارد و كلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەكادیمیای كوردستان.