ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوڕێ كرێكار-رێگای كوردستان

ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباری ڕاگه‌یاند و هه‌روه‌ها پلانی ئه‌منی بۆ ڕۆژانی ڕابردوو ڕاگه‌یاند.

نەقیب سەرکەوت بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەکانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ڕایگەیاند، دوای‌ ئەوەی‌ دوێنێ ٢٠١٩/٨/٦، هاوڵاتییەک سکاڵای‌ تۆمارکرد بەهۆی‌ دزینی‌ پاسەکەیەوە، لەلایەن مەفرەزەکانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانەوە لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکردو توانرا لەماوەی‌ ٢٤ کاتژمێردا مەفرەزەکانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن‌و ئەمرۆش شوێنی‌ پاسەکە دۆزرایەوەو دەستیبەسەرداگیرا.

وتیشی‌، لەکاتی‌ پشکنینی‌ ماڵی‌ تۆمەتبارەکەدا دەستگیرا بەسەر چەند ناسنامەیەک‌و مۆڵەتێکی‌ شۆفێریدا کە تۆمەتبار دزیونی‌‌و لەئێستادا خاوەنەکانیان سکاڵایان هەیە لەسەر تۆمەتبارەکە، هەروەها سویچێکی‌ جۆکەر بەتۆمەتبار گیراوە کە لەکارەکانیدا بەکاریهێناوە. لەئێستادا تۆمەتبار بەپێی‌ ماددەی‌ ٤٤٣و بەبریاری‌ دادوەر بەندە.

راشیگەیاند، تۆمەتبارێکی‌ تر دەستگیرکراوە کە بەکارهێنەری‌ ماددەی‌ هۆشبەر بووەو بەپێی‌ دانپێدانانەکانی‌ ماددەی‌ هۆشبەری‌ بەکاریهێناوە لەجۆری‌ کریستاڵ.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد رونیکردەوە کە ٤٤ تۆمەتباری‌ دیکە دەستگیرکراون بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ تاوانی‌ دزیکردن لەماڵان‌و ئوتومبیل‌و دزینی‌ پارەو موبایل، ساختەکردنی‌ پارە، سەرانە وەرگرتن‌و ساختەکردنی‌ پاسپۆرت.

ئەوەشی‌ خستەرو کە دوان لەتۆمەتبارەکان کە دەستگیرکراون پێناسی‌ باری‌ شارستانیان ساختەکردووەو خۆیان کردووە بەکوڕو باوک تا یەکێکیان گورچیلەی‌ خۆی‌ بفرۆشێت بەهاوڵاتییەک.

لەبارەی‌ پلانی‌ ئەمنی‌ ڕۆژانی‌ جەژنی‌ قوربان، نەقیب سەرکەوت وتی‌، پلانێکی‌ ئەمنی‌ توندوتۆڵ بۆ رۆژانی‌ جەژن داڕێژراوە بەبەشداری‌ سەرجەم دەزگا ئەمنی‌یەکانی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و وەک تیم لەشوێنە گشتییەکان ئەرکی‌ خۆیان دەبینن. داواش لەهاوڵاتیان دەکەین لەکاتی‌ بینینی‌ هەر روداوێکدا بەپەلە هێزەکانی‌ پۆلیس ئاگاداربکەنەوە تا بەزوترین کات بەهانایانەوە بچن.

وتیشی‌، لەیەکەم ڕۆژی‌ جەژندا ڕێگە بەسەردانیکردنی‌ بەندکراوان نادرێت، ڕۆژی‌ دوشەممە کە دەکاتە دووەم ڕۆژی‌ جەژن سەردانیکردن تایبەتە بەپیاوان‌و رۆژی‌ سێشەممە، سێیەم ڕۆژی‌ جەژن سەردانیکردن تایبەت دەبێت بەژنان.