ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نیزام شه‌بیب- رێگای كوردستان

توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پێ وایه‌، تۆله‌كردنه‌وه‌ یه‌كیكه‌ له‌وحاڵه‌تانه‌ی له‌كه‌لتوری ئێمه‌دا بومان ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌میشه‌ وه‌كو ره‌مزی غیره‌ت پاراستنی ماف سه‌یر كراوه، ڕۆژنامه‌نوسێكیش ده‌ڵێت : ڕۆڵی میدیاکان گرنگە بۆ هوشیارکردنەوە و ڕێگریکردن لەبیری توندڕەوی و تۆڵەکردنەوە، پارێزه‌رێكیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كوشتن كۆن بێ یان تازه‌ هه‌ر یه‌ك سزای هه‌یه‌ .

تۆڵه‌كردنه‌وه‌، ئه‌و ڕووداوه‌یه‌و كه‌سێك هه‌ڵده‌ستێت به‌ كوشتنی كه‌سێك، خانه‌واده‌ی كه‌سه‌ كوژراوه‌كه‌، دوای چه‌ندین ڕۆژ یا مانگ یا ساڵ، هه‌ڵده‌ستن به‌ كوشتنی بكوژ یا كه‌سێك له‌ خانه‌واده‌ی بكوژی كه‌سه‌كه‌یان، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش پێ ده‌وترێت تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ، ئه‌م تۆڵه‌ كردنه‌ پرسێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ تائێستا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و یاسا نه‌یتوانیوه‌ ڕێگیری لێ بكات .

ئه‌یاد محه‌مه‌د، پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌ و بۆ ڕێگای كوردستان وتی : سه‌ره‌ ڕای پێشكه‌وتنی دونیا و هاتنی ئه‌و هه‌موو ته‌كنه‌لۆجیایه‌، هێشتا كلتوری تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ماوه‌، بۆ بنبڕكردنی ئه‌م دیارده‌یه‌، ئەبێت دادگا بەڕۆڵی خۆی هەستێت بەبێ جیاوازی، هەروەها تاك وشیار بكرێته‌وه‌، کە حەقی نافەوتێت لەبری ئەوەی خۆی حەق بکاتەوە.

هه‌روه‌ها ناوبراو، باسی له‌وه‌شكرد، ڕۆڵی میدیاکان گرنگە بۆ وشیارکردنەوە و ڕێگریکردن لەبیری توندڕەوی و تۆڵەکردنەوە "حەق بەحەق"، بەنمونە ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبیری یان حکومەت بڕیارێک دەربکات بۆمیدیاکان، کە بەرنامەیان هەبێت کەسانی پسپۆڕ بەوبابەتە بانگهێشت بکرێن، بێگومان گرنگی خۆی هەیە.

عه‌باس گه‌رمیانی، توێژه‌ری كۆمه‌ڵاێه‌تی، به‌ڕێگای كوردستانی وت : تۆڵه‌كردنه‌وه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌دوو ره‌هه‌نده‌وه‌ یه‌كه‌میان كه‌لتوره‌ وئه‌وی تریان ئاینه‌، ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كین وابه‌سته‌ین به‌ئاین وكه‌لتوره‌،بۆیه‌ زۆربه‌ی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ژیانمان ئاویته‌ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌، كه‌لتور كه‌به‌راده‌یه‌كی زۆر تێكه‌ڵ به‌په‌روه‌رده‌مان كراوه‌ وا پیی راهاتووین، هه‌رچیه‌ك له‌باوانه‌وه‌ بۆمان مابێته‌وه‌ شانازیه‌ ده‌بێت جێ به‌جێی بكه‌ین، بۆیه‌ ‌ئه‌گه‌ر شتێكیش ئه‌وان ئه‌نجامیان دابیت ئێمه‌ نه‌مان كرد نه‌نگیه‌ بۆمان.

عه‌باس گه‌رمیانی، وتیشی: بۆیه‌ تۆله‌كردنه‌وه‌ یه‌كیكه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ی له‌كه‌لتوری ئێمه‌دا بومان ماوه‌ته‌وه‌ وهه‌میشه‌ وه‌كو ره‌مزی غیره‌ت پاراستنی ماف سه‌یر كراوه‌، ، ره‌هه‌ندی دوه‌م ئه‌وه‌یه‌ تا چه‌ند ئاین تۆله‌كردنه‌وه‌ی به‌مافیكی ره‌وا زانیوه‌ ، هه‌ندیك ده‌قی ئاینی هه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن لیبوردن گه‌وره‌یی وبه‌خشنده‌ی مرۆڤه‌كان ده‌رده‌خات وپاداشتی خوداوه‌ندی له‌سه‌ره.

حه‌نان كازم، پارێزه‌ر، بۆ ڕێگای كوردستان قسه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،به‌ پێی ماده‌ی 48 له‌ یاسایی سزادانی عێراقی هه‌ركه‌سێك له‌ كرده‌وه‌یه‌كی كوشتندا، هان یان یارمه‌تی یان ڕێككه‌وتن له‌ گه‌ڵ بكوژ بكات ئه‌وه‌ شه‌ریكه‌ و هاوشێوه‌ی ئه‌و سزا ئه‌درێت ، به‌ڵام كه‌سێك ئه‌گه‌ر بكوژ ڕزگار بكات له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ بۆ جێگایه‌كی دیكه‌ و ئاگاداری ڕووداوه‌كه‌ نه‌بووبێت ئه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بكوژ ته‌كسیه‌كی گرتبێت و خۆی ڕزگار كردبێت .

زۆر جار تۆڵه‌كردنه‌وه‌ شێوازی دیكه‌ی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ كاتێك كه‌سێك كه‌سێكی دیكه‌ ده‌كوژێت و بكوژ له‌ لایه‌ن كه‌سێكی دیكه‌وه‌ ڕزگار ده‌كرێت، ماڵی كوژراو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بكوژ له‌ ده‌ستیان ڕایكردووه‌ و توانای گرتنیان نه‌ماوه‌، ناچار ده‌بن بۆ تۆله‌كردنه‌وه‌ی خوێنی كوژراوه‌كه‌یان، تۆڵه‌ له‌و كه‌سه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ هاوكاری بكوژی كه‌سه‌كه‌یانی كردوه‌، چونكوه‌ به‌ پێی كلتوری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ویش به‌ شه‌ریك داده‌نێن له‌ ڕووداوه‌كه‌ ، وه‌ك ئه‌م چیرۆكه‌ی خواره‌وه‌ .

قادر دارا، هاووڵاتیه‌كی دانیشتووی شاری كه‌ركوكه‌، بۆ ڕێگای كوردستان قسه‌ی كرد و وتی : ماڵی برایه‌كم له‌به‌ر مه‌ترسی شه‌ڕی داعش، شاری كه‌ركوك، جێده‌هێڵن و ده‌ڕۆنه‌‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، ماڵێكی دراوسێیان دوژمندار ده‌بن و باوكیان كوژراوه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی زه‌وی، كوڕه‌كه‌یان به‌ پێی كات ده‌بێته‌ هاوڕێی برازاكه‌م و شه‌وێك تۆڵه‌ی باوكی ئه‌كاته‌وه‌ و پێویستی به‌ برازاكه‌ی من ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنوری مأڵی خۆیان ده‌ربازی بكات و بیگه‌یه‌نێته‌ شوێنێكی ئارام ، كه‌ ماڵی پورێتێ، له‌ نزیك ماڵی پوری بكوژ خانه‌واده‌كه‌ی ئاگادار ئه‌كاته‌وه‌،كه‌ حه‌قی باوكیانی وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵ .

قادر دارا، وتییشی: برازاكه‌م له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆمأڵ،ده‌بینێت هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌نزیك ماڵی بكوژه‌كه‌‌ وه‌ستاون، بۆیه‌ شه‌و ناڕواته‌وه‌ بۆ ماڵ و له‌ لای هاوڕێیه‌كی ئه‌مێنێته‌وه‌ و به‌یانی به‌ماڵه‌وه‌یان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ شه‌و له‌ كوێی بووه‌ و ئه‌وانیش پێی ده‌ڵێن، ماڵی كوژراو ده‌ڵێن به‌هۆی ئه‌وه‌ی وریا ڕزگاری كردووه‌، یارمه‌تیده‌ری بكوژه‌ و هاوكاری بووه‌ بۆ هه‌ڵهاتن، بۆیه‌ تۆڵه‌ له‌و ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی بكوژی باوكمانی ڕزگار كردووه‌، چونكه‌ ئه‌ویش شه‌ریكێتی، بۆیه‌ برازاكه‌م به‌یانی زوو خۆی گه‌یانده‌ لای من و ڕووداوه‌كه‌ی بۆباس كردم و منیش لای خۆم هێشتمه‌وه‌. تامانگی هه شتی ٢٠١٧

هه‌روه‌ها ناوبراو، وتیشی : دوای ئه‌وه‌ی ماڵی كوژراو هه‌ڕه‌شه‌كانیان چڕكرده‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵی براكه‌م و به‌تایبه‌ت كه‌ دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ركوك، وریای برازام كه‌ له‌دایك بووی ساڵی 1990 و خوێندكاری به‌شی مێژووی زانكۆی كویه بوو، بڕیاری ئه‌وه‌یدا، بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ی ڕۆیشت و ماڵه‌وه‌یانی جێهێشت، یه‌ك دووجارێك له‌ توركیا تێلم بۆ كرد و داوای پاره‌ی كرد، له‌و كاته‌وه‌ ئاگام لێ نه‌ماوه‌ و نازانم له‌كوێی و ماوه‌ یا مردووه‌، ، ماڵی كوژراو ده‌یانویست تۆڵه‌ی باوكیان له‌م برازایه‌ی من بكه‌نه‌وه و ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن‌.