ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، پلانی ئیداری و ئەمنی بۆ جەژنی قوربان لە شاری هەولێر راگەیەنرا.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا كە رۆژی پێنجشەممە 8ی ئابی 2019 ئەنجامدرا، هەریەك لە قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، عەبدولخالق تەڵعەت تیشكیان خستە سەر پلانەكە و پێشبینیی هاتنی ٢٥ هەزار گەشتیاریان كرد.

نەبەز عەبدولحەمید.قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، گوتی: "لە رۆژانی جەژندا سەرجەم ھوتێل و رێستێورانت و خواردنگەكان كراوە دەبن بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران و ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی رێنماییەكان بن، لەھەمان كاتدا لێژنەكانیش لەئەمڕۆە چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و ھۆتێل و مۆڵ و خواردنگەكان دەكەن و رێگا نادرێت نرخ گران بكرێت و ھەر كەسێك نرخ گران بكات سزا دەدرێت".

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەولێر،عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "ھێزە ئەمنییەكان، ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆ لەئامادەباشی تەواودان و بەرنامەكانیشیان لە ۱۰/۸/۲۰۱۹دەست پێدەكات تاوەكو دوای جەژن، بوونیان دەبێت لە شوێنە گشتییەكان بەتایبەت گۆڕستانەكان، مۆڵەكان، پاڕك و سەرجەم ئەو شوێنانەی كە قەرەباڵغ دەبن، بۆ ئەوەی گەشتیاران و ھاووڵاتییان بە ئارامی جەژن بكەن".

ناوبراو داوایشی لە هاووڵاتییان كرد كە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و راشیگەیاند كە سەرجەم هاووڵاتییان لە بازگەكان هاوكاری دەكرێن.