ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای كوردستان ـ هاوڕێ كڕێكار

ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر، ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆژنامه‌نووس بڕیار محه‌مه‌د، په‌یامنێری ئێستای ئاژانسی ڕۆژنیوز و پێشووتری كه‌ناڵی ئاسمانی ڕێگای ده‌ستگیركرد.

به‌ پێی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆژنیوز، ئەمڕۆ بڕیار محەمەد، لە شاری هەولێر، لەلایەن ئاسایشی تۆپزاوای سەر بە هەولێرەوە دەستگیرکرا و دواتر ڕەوانەی ئاسایشی هەولێر کرا.

بڕیار محەمەد، دوێنێ بەڕێوەبەرانی ئاژانسەکەمانی ئاگادارکردەوە، کە ئاسایشی تۆپزاوا چوونەتە ماڵی باوکی بڕیار و ئاگاداریان کردوونەتەوە، کە (بڕیار محەمەد) سەردانی بنکەکەیان بکات.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش بڕیار محەمەد سەردانی ئەو بنکەیەی ئاسایشی کرد و لەوێوە ڕەوانەی ئاسایشی ناوچەی خەبات کرا، لەوێشەوە ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر کرا و کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە "من لە ئاسایشی هەولێرم، چاوەڕێم مەکە"، دواتریش مۆبایلەکەی داخراوە.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاسایشی هه‌ولێر به‌ ستافی ئاژانسی ڕۆژنیوزی ووتوه‌، بڕیار محەمەد پێشمەرگەیە و ئیجرائاتی سەربازیی لەگەڵ دەکرێت"، بەڵام بە وتەی کەسوکارەکەشی بڕیار محەمەد لە شەڕی دژ بە داعش-دا بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی فەرماندەییەکی پێشمەرگە بووە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ داوایان لێکردووە وەک پێشمەرگە دەوام بکات، ئەویش قبوڵی نەکردووە و بەوهۆیەوە لەکار دووریان خستووەتەوە.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی ڕێگای كوردستان، بڕیار محه‌مه‌د تا ئێستا ئازاد نه‌كراوه‌ و له‌ زیندانی ئاسایشی هه‌ولێردایه‌.

ده‌ستگیركردنی بڕیار، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی زوبێر برادۆستی په‌یامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان .

بڕیار محه‌مه‌د، دانیشتووی شاری هه‌ولێره‌ و پێشووتر په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی ڕێگای سه‌ر به‌ حزبی شیوعی كوردستان بووه‌ و له‌ سه‌رده‌می چه‌ته‌كانی داعش له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ وه‌ك ڕۆژنامه‌نوسێكی كارا كاری كردووه‌.