ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ھەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنەوە باس لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی خانمان دەکرێت كه‌ گوایه‌ حزبی شیوعی كوردستان وه‌ریگرتۆته‌وه‌. لەم بارەیەوە هاوڕێ بابه‌عه‌لی جه‌باری جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان ڕای گەیاند؛ ئەگەر ئەو پۆستە لەسەر حزبی شیوعی ھەژمار دەکرێت، ئه‌وه‌ ئێمە خاوەنی نین و ناشمانەوێ لەسەر ناوی حزبمان بێت .

له‌باره‌ی دانانی خاتوو په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی خانمانی كوردستان، هاوڕێ بابه‌ عه‌لی ڕای گه‌یاند؛ "حزبی شیوعی كوردستان نه‌ له‌ڕابردوو نه‌ له‌ ئێستادا، هیچ دانوستان و به‌ش به‌شێنه‌ی نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی خانمان، نه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی سیاسی و نه‌ له‌گه‌ڵ هیچ پێكهاته‌یه‌كی حكوومی. دانانی هاوڕێ په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ له‌ڕابردوو و له‌ ئێستاشدا له‌سه‌ر ڕاسپاردن و شیاوی و توانا و لێهاتوویی خۆی بووه‌ و وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌ك و هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك وه‌ك نوێنه‌ر و‌ به‌شی حزبی شیوعی كوردستان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم، چونكه‌ حزبی شیوعی كوردستان به‌شێك نییه‌ له‌ پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگه‌یاندووه‌".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كاتێكدا حزبی شیوعی وه‌ك ئۆپۆزسیۆن خۆی ڕاگه‌یاندووه‌ و به‌شداری حكوومه‌ت نییه‌ وه‌ك حزب، ئاخۆ ده‌كرێت شیوعییه‌ك وه‌ك كه‌سایه‌تی و تاكێك به‌شداربێت له‌ پله ‌و پۆسته‌ حكوومییه‌كاندا. جێگری سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی كوردستان ڕای گه‌یاند؛ "لێرەدا کێشەیەکی سەرەکی ھەیە کە پەیوەندی بە حزبی شیوعییەوە نییە، ئەویش ئەوەیە له ‌ڕابردوو و ئێستاشدا حکوومەتی ھاووڵاتی نەبووە و نییە، ئێمە داکۆکی لە چەمکی ھاووڵاتیبوون دەکەین نەک لە چه‌مكی شیوعی بوون، چونکە ئەگەر حکوومەتی ھاووڵاتی ھەبێت ھەر ھاووڵاتییەک بە جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسییەوە لەسەر بنەمای پسپۆڕی و بڕوانامە و تواناسازی لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت ده‌توانێت مافەکانی خۆی پەیڕەو بکات له‌ پله‌ و پۆسته‌ حكوومییه‌كان و له‌وێشدا كه‌سه‌كان نوێنه‌رایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن وه‌ك مافێكی وه‌زیفی نه‌ك نوێنه‌رایه‌تی حزبی سیاسی".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر داوا له‌ حزبی شیوعی كوردستان بكرێت، كه‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی خانمان وه‌ربگرێت وه‌ك حزبی شیوعی. هاوڕێ بابه‌ عه‌لی ڕوونی کردەوە؛ "لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری کۆمیتەی ناوەندی حزب کە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاندووە، دەتوانم بڵێم بەبێ دوودڵی ڕازی نابێت ھیچ پۆستێک بەناوی حزبمانەوە ھەبێت و ھەڵوێستی ئەوە دەبێت لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی ئەو پۆستە ڕادەستی کەسێک بکرێت وەکو ھاوڕێ پەخشان بە دڵسۆزی و بوێرییەوە لە دوای پرسی ئافرەتان بێت، چونکە پرسی ئافرەت بابەتێکی گرنگە و پەیوەستە بەکۆی ژیانی مرۆڤایەتییەوە، بۆیە لای حزبمان گرنگ ناو و کەس نییە، ئەوەندەی پرسی ئافرەتان گرنگە بەلامانەوە".

له‌باره‌ی هه‌ندێك چه‌واشه‌كاری كه‌ له ‌هه‌ندێك كه‌ناڵی نابه‌رپرسه‌وه‌ ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوایه‌ حزبی شیوعی نایه‌وێت ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی خانمان بێت. جێگری سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبمان، حزبی شیوعی كوردستان دووپاتی کردەوە؛ "ئەوە چەواشەکاری ھەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنە و ھەڵوێستێکی نەرێنی شاراوەیە کە بەرانبەر بە حزبمان پەیڕەو دەکرێت. هیچ لایه‌ن و كه‌سێك داوای له‌ حزبی شیوعی نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆسته‌ بێت یاخود وه‌ریبگرێت تا حزبی شیوعی له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێست ده‌ربڕێت، ئه‌گه‌ر داواشی لێبكرێت، ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی حزبی شیوعی ڕوونه‌ و ڕامانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆنین و به‌شداری پێكهاته‌ی كابینه‌ی تازه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ناكه‌ین".