ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کەرکووک بە بارودۆخێکی تەواو نائاساییدا دەڕوات، جیا لە ململانێی نێوان حکوومەتی بەغدا و هەولێر لەسەر شارەکە، ململانێی پارتی و یەکێتییش لەسەر کەرکووک، ئەوەندەی دیکە دۆخەکەی بەرەو ئاڵۆزی بردووە و مەترسییەکانی لەسەر پێگەی کورد لە کەرکووک زیاتر کردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای دەگەیەنێت، تا دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە، دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێ و کۆبوونەوەی ئەنجوومەن هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.

ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا لە ١ی نیسانی ساڵی داهاتوودا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەکاتێکدا کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، دەسەڵاتی کورد لە پارێزگای کەرکووک دوورخراوەتەوە و بە کرداریی سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی حوکمی شارەکە دەکەن و هێزەکانی پێشمەرگەیش لە کەرکووک دوورخراونەتەوە و پۆلیسی شاریش دەسەڵاتێکی نییە. پارێزگارە کوردەکەی پێشووی کەرکووک لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و پارێزگارێک بە وەکالەت خراوەتە سەر کار، کە لایەنە کوردستانییەکان وەک کەسایەتییەکی شۆڤێنی ناوی دەبەن، پاڵپشت بە بڕیاری و کارئاسانییەکانی ئەو، پرۆسەیەکی تەعریب دەستی پێکردووەتەوە و پەیتا پەیتا ئەو عەرەبە هاوردانەی پێشتر بۆ ناوچەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە، جارێکی تر بۆ کەرکووک دەهێنرێنەوە. ئەوە بەشێکە لە دۆخی ئێستای کەرکووک.

هەرچەند لە پاش ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پێوەست بە کەرکووک بە تەواوەتی زەق بوونەوە، بەهۆی ئەو ناکۆکییانەیشەوە، ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەپێی هەڵوێستی حزبەکانیان دابەش بوون و لیستی برایەتی یەکگرتووییەکەی لەدەستدا، سەرەڕای ئەوەی پاش ماوەیەکی درێژ و لە کۆبوونەوەی ١١ی تەمووزی ٢٠١٩دا هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، کەسایەتییەکی شارەکەیان بەناوی تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان کرد، بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دەستبەکاربوونی پارێزگارە نوێیەکە دیار نییە.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سەر لیستی پارتی کە نەیویست لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت بۆ (ڕێگای کوردستان) ئاماژەیدا؛ "هێشتا هیچ ڕێککەوتن و بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لە نێوان پارتی و یەکێتییدا نییە، سەرەڕای ئەوەی کەسێک لەلایەن هەردوو حزبەکەوە بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشانکراوە، بەڵام کێشە لەسەر دەستبەکاربوونی هەیە، لەکاتێکدا ئێمە پێمان وایە تا دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە، دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێ هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت".

ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک گرێدراوی ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هەردوو حکوومەتی بەغدا و حکوومەتی هەرێمە، ئەو بڕیار و گۆڕانکارییانەی لە شارەکەدا کراون، کشانەوەی ئەو هێزانەی لە سوپای عێراق و میلیشیاکان هێنراونەتە ناو کەرکووکەوە، پێویستی بە بڕیاری بەغدا هەیە، لەکاتێکدا یەکەم هەنگاوی ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە بە کشانەوەی سوپا و میلیشیاکان

لە ناوەندی شاری کەرکووک و گۆڕینی حوکمە سەربازییەکە بۆ حوکمێکی مەدەنی دەست پێدەکات.

وەک ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ؛ "ئێمە هەڵبژاردنێکی جارەنووسسازمان لەپێشە کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە، بەداخەوە چەند مانگێک بۆ هەڵبژاردنەکە ماوە و هێشتا دۆخی شارەکە تەواو نائاساییە و پێدەچێت بەو ماوەیەش ئەوەندە ئاسایی نەکرێتەوە، بەدڵنیاییەوە زۆر ئەستەم دەبێت بۆ دۆخی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بگەڕێتەوە، بەڵام لانی کەم لەژێر حوکمی سەربازی و دەسەڵاتی میلیشیاکاندا ناتوانرێت هەڵبژاردن بکرێت".

سەرەڕای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، چاوەڕوان دەکرێت لە تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوودا، سەرژمێری گشتی لە عێراق بکرێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتی ئێستای شارەکە، بە ئاشکرایی هەوڵی زیادکردنی ژمارەی عەرەب لە کەرکووک دەدات، ئەوەش وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر پێگە و ڕێژەی کورد لە کەرکووک دەردەکەوێت، بەو حالەیشەوە هێشتا پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی زاڵ لە پرۆسەی سیاسی کوردستاندا، ئامادەنین دەستبەرداری داخوازییە تایبەتییەکانیان بن و بەیەکەوە و بەهاوبەشی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بڕیارێکی یەکگرتوو لەپێناو کەرکووک بدەن، هەریەک لەوان هەوڵ دەدات دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیدا بشکێتەوە، ململانێی هەردوو حزبەکە لەسەر دەسەڵاتی خۆیانە لە شارەکەدا، لەبری بەهێزکردنی پێگەی کورد لە کەرکووک دا، ئەوەش مەترسییەکان لەسەر چارەنووسی کورد و کەرکووک زیاتر دەکات.