ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مامۆستیانی ناڕازی لەگەڵ وەزیری پەروەردە کۆبونەوە و یاداشتێکیان پێشکەش کرد كە ئەمەی خوارەوە دەقی یاداشتەکە:

بەڕێزان لە وەزارەتی پەروەدە

بەرێز وەزیری پەروەردە

سڵاوی په‌روه‌رده‌و زانست

به‌له‌به‌رچاوگرتنی پێشه‌نگی وەزارەتی پەروەردە له‌ڕیزبه‌ندی ئەو وەزارەتانه‌ی به‌ركه‌وته‌و په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پێشخستنی وڵات و ئاراسته‌ كردنی دیدو تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مۆدێرن و پێشكه‌وتوو ،له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نەوەکانی ئێستاو داهاتووەوە هەیە .

ئێمە لە ڕابردوودا هەوڵی تەوامانداوە وه‌زاره‌ت به‌ ئاراسته‌یه‌كی ته‌ندروست ئاراسته‌ بكرێت به‌جۆرێك خوێندکاران و قوتابیان له‌سایەیدا پەروەردەو زانستێكی سه‌رده‌میانه‌ فێربكرێن.

له‌دوای گفتووگۆیەکی فراوان و کۆکردنەوە و سەرنجدان لە ڕەوشی ئێستای پەروەردە و دۆخی مامۆستایان و خوێندکاران و پرۆسه‌ی خوێندن ، بە باشمانزانی ئەم چەند خاڵە بخەینە بەردەستی بەڕێزتان بە ئامانجی خستنەوە سەرسکەی ئاسایی خوێندن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ بۆ په‌روه‌رده‌و خوێندن.

هیوادارین کابینەی نوێ و وەزارەتی پەروەردە بە گرنگیەوە لە پێشنیارو ڕاسپاردەی كۆنگره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان بڕوانێت ، چونکە پراكتیزه‌كردنیان یارمەتیدەرێکی باشن بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر لە ڕابردوو دروستکەین و بیانکەینە بناغەی گۆڕانکاری

ڕاسپاردە و پێشنیارەکان کەخۆیان لەدوو تەوەردا دەبیننەوە،ئەوانیش کێشەپەروەردەیی یەکان و مافی مامۆستایانن:

تەوەری یەکەم/کێشەپەروەردەییەکان:

یەکەم / ڕێگری بکرێت لە دروست بوونی چینایەتی لە کەرتی پەروەردە ، کە لە ئێستادا بەهۆی زۆربوونی خوێندنگەی ئەهلی خەریکە دروست دەبێت ، ئەمەش‌ ڕێگرە لە فەراهەم هێنانی هەلی یەکسان لە پەروەردەو فێربوون بۆ منداڵان و قوتابیان . 

دووەم / ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی پێشوو جێ بەجێ بکرێن یان بەزووترین کات كۆنگرەی پەروەردەیی ببەسترێت به‌مه‌به‌ستی دیاری کردنی کێشە بنەڕەتیەکانی پەروەردە و چارەسەرکردنیان

سێیەم / دیاری کردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ نوێکردنەوەی قوتابخانە و خوێندگاکان و دروستکردنی بینای قوتابخانەی نوێ .

چواڕەم /دوورخستنەوەی دەستی حزب لەناوەندەکانی خوێندن و دانان و گۆڕینی بەڕێوەبەرو یایدەدەرەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان و ناوەندەکانی خوێندن لەسەر لێهاتوویی وکارامەیی و ئەزموون بێت هاوکات پێویستە بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانەکان بە هەڵبژاردن و بێت و هیچ بەڕێوەبەرێک هەشت ساڵ زیاتر لە پۆستەکەیدا نەمێنەوە .

پێنجەم/

ڕێکخستنەوەی میلاکات لەسەر بنەمای خاڵبەندی و لەسەرپێوەری یاسایی و دوور لەدەستی حزب ئەنجام بدرێت.

شەشەم/ 

پێداچونەوەیه‌كی زانستی بۆ پرۆسه‌ی بە ئینگلیزی کردنی وانەی زانست و بیرکاری بکرێت لە قۆناغی بنەڕەتی ، به‌جۆرێك بە زیانی زمانی کوردی تەواو نەبێت و هاوسەنگی بپارێزێت لە فێر بووندا ، كه‌ به‌دیدی كۆمه‌ڵێك مامۆستاو سه‌رپەرشتیار له‌ئێسته‌دا زمانی کوردی گرنگییەکی ئەو تۆی پێ نادرێ

حەوتەم / 

هۆکارەکانی فێرکردن لە تاقیگە و هۆکانی ڕونکردنەوەی بابەتەکان بۆ ناوەندەکانی خوێندن دەستەبەر بکرێت

هەشتەم / 

ڕۆژانی شەممە هاوشێوەی زۆرینەی وڵاتان بە عێراقیشەوە وە هاوشێوەی سەرجەم فەرمانگەکان بکرێتە پشوو .

نۆیەم / 

چاودێری زیاتری فرۆشگەی خوێندنگاکان بکرێت و ڕێگەری بکرێت لەوەی ببنە شوێنی ساغکردنەوەی خواردن و کەلوپەلی خراپ و نزیک لەبەسەرچوون .

تەوەری دووەم/

مافی مامۆستایان:

یەکەم / هەوڵدان بۆ دەرچواندنی یاسای پارێزبەندی ماموستایان لە پەرلەمانی کوردستان، تا هیچ کەس و دەزگا و قوتابیەک و کەسوکاریان نەتوانن بێڕێزی بە مامۆستایان و پروسەی پەروەردە بکەن .

دووەم / دانانی میکانیزمێكی گونجاو بۆ گێڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان

سێ یەم/ بەزووترین کات بڕیاری وەستانی پلە بەرزکردنەوە و هەموو ئەو ڕێنمایی و یاسایانه‌ی کە ڕێگرن لە مافی مامۆستایان هەڵبوەشێتەوە

چوارەم/ بە هەمیشەیی کردنی مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ

پێنجەم/ زیادکردنی مافی مامۆستایانی وانه‌بێژ بە جۆرێك لەگەڵ ژیان و پێگەی زانستیان بگونجێت و ساڵانی وانەبێژی بە خزمەت هەژمارکرێت.

شەشەم/ کار ئاسانی کردن بۆ ئه‌ومامۆستایانه‌ی خوازیارن درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن.

حەوتەم/ دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی زەوی و یه‌كه‌ی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران.

هەشتەم/ هەوڵدان بۆ دروستکردنی کارتی زیرەک بۆ پێدانی مووچەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەربەوەزارەتی پەروەردە و وەرگرتنی موچه‌ لەبانکەکان .

نۆیەم/ 

گۆڕینی ناونیشان بۆ سەرجەم ئەو مامۆستایانە ئەنجام بدرێت کە خوێندنی زانکۆییان تەواوکردووە .

دەیەم /

نرخاندنی هەڵوێستی بەرزی مامۆستایان بەوەی کە نەیان هێشت لە چوارساڵی قەیرانی دارایدا پرۆسەی پەروەردە پەکی بکەوێت .

یانزەیەم / 

پێداچوونەوەی ورد بە مووچەی مامۆستایاندا بكرێ ئەو جیاوازیانە چاكبكرێن کە لە مووچەی مامۆستایاندا هەیە لە نێوان شارەكاندا و ساڵانی دامەزراندندا .

لە کۆتایدا هیوادارین بە گرنگیەوە لە هەر هەوڵێکی دڵسۆزانە بڕوانن و هەمووان سەرخستنی پەروەردە بە ئەرکی خۆمان بزانین.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی

سلێمانی ، هەولێر ، هەڵەبجە ، گەرمیان ، دەڤەری ڕاپەڕین ، چەمچەماڵ ، کۆیە ، سیدسادق ، تەکیە ، دەربەندیخان ، پێنجوێن ، شارباژێر