ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پاش ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە بوونی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە ناحیەی دارەتوو لە هەولێر، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوانە كردەوە و توانی ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشكرا بكات و دەستگیریان بكات.

ڕائیدی پۆلیس،دڵشاد حەسەن محێدین، بەرپرسی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دارەتوو، لەو بارەیەوە بە میدیاكانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا لە بوونی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە ناحیەی دارەتوو ئاگادار كراینەوە، ئێمەش دەستبەجێ دۆسیەی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوانە كردەوە و توانیمان ناسنامەی تۆمەتباران ئاشكرا بكەین و دەستگیریان بكەین".

بە وتەی رائید دڵشاد، تۆمەتبارێكیان بە ناوی (س.س.ص) تەمەن (۱۸) ساڵ بە ڕەگەز عەرەب، هەروەها تۆمەتبارەكەی دیكە بە ناوی (ر.ا.ح) تەمەن (۱٦)ساڵ بە ڕەگەز عەرەب، دوای دەستگیركردنیان، دانیان بە تاوانەكانیاندا نا كەوا هەڵسابوون بە ئەنجامدانی (٦) تاوانی دزیكردنی پارە و مۆبایل لە ناحیەی دارەتوو.

بەرپرسی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دارەتوو گوتیشی، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە ڕێك خراو ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا، بۆیە بەڕێزیان بڕیاری دا بە بەندكردنی تۆمەتباران بە پێی ماددە (٤٤۳) لە (ی.س.ع).