ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لەگەڵ ئەوەی توانیویانە بەشێک لە بۆشاییەکانی بازاڕی کاری کوردستان پڕبکەنەوەو خۆیان لەگەڵ ڕەوتی گەشەکردنی ئابوری بگونجێن، بەڵام پێویستیان بە لێکگەیشتنی هاوبەش و کاریگەری زیاترە لە نێوان زانکۆ و بازاڕی کاری کوردستان.

ئەم ڕاگەیاندنەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتی (٢٦/٨/٢٠١٩) لەمیانی بەشداریکردنی هات، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، کە تیایدا هەریەک لە سەرۆکی زانکۆ و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و ڕاگری کۆلێژەکان و بەڕێوەبەری بەشەکانی زانکۆ ئامادەبوون.

لەسەرەتای کۆبونەوەکە د. عەدنان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک دوای بەخێرهێنانی وەزیری خوێندنی باڵا و ستافی وەزارەت لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی، لە وتەیەکدا هیوای خواست لەمیانی کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزارەت بتوانن لێکگەیشتنی هاوبەش و کاریگەر لە نێوان زانکۆکان و بازاڕی کاری کوردستان دروست بکەن.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، لەوتەکەیدا باسی لە گرنگی خوێندنی تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان کردو ڕایگەیاند: خوێندنی تەکنیکی یەکێکە لە ئەولەویاتە هەرە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم خوێندنە تەنها تایبەت نیە بەهەرێمی کوردستان، بەڵکو بابەتێکی نێودەوڵەتیە و، وڵاتان بۆ پێشخستنی باری ئابورییان بایەخی زۆری پێدەدەن.

رونیشیکردەوە نامانەوێ زانکۆ تەنها بڕوانامە بدات و فەرمانبەر بۆ کەرتی گشتی ئامادەبکات، بەڵکو پێویستە زانکۆ کارامەیی و پیشەیی بۆ خوێندکارانی دروست بکات، تا دوای تەواوکردنی خوێندن بتوانن دەرفەتی کار بۆ خەڵکی دیکە بڕەخسێنن و لە بازاڕی کاری کوردستاندا هەلی کاری گونجاویان بۆ بەدەست بێنن، بۆیە لە ئێستادا زانکۆ پۆلیتەکنیکەکانی کوردستانیش دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن و کادیری ناوەندی دروست بکەن و پێداویستیەکانی بازاڕی کاری کوردستان دەستەبەر بکەن و خوێندکاری کارامە بۆ بازاری کار پێ بگەێنن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک-ی ڕاگەیاند: بەهەمومان دەمانەوێت نەخشە ڕێگەیەک بۆ کارکردنی پێکەوەیی دابنێین و لە کەمترین ماوەدا زۆرترین دەستکەوت بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەستەبەر بکەین،و پێداویستییەکانی بازاڕی کاری کوردستان دەستەبەربکەین.

لە کۆتایی قسەکانیدا د. ئارام محمد باسی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو بۆ ئەمەش وتی: ئومێدی هەموانە ئەم کابینەیە بتوانێت بەشێکی زۆر لە داواکاری خەڵکی کوردستان و پرۆژەی ستراتیژی بۆ سێکتەرە جیاوازەکان بخاتە جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بە هاوکاری و هەماهەنگی سەرجەم سێکتەرو دامەزراوەکان دێتە دی، بۆیە داواتان لێدەکەم هەمووان هاوکاری یەکتر بین بۆ گەشەپێدانی زانکۆکانی کوردستان، چونکە پشکی شێری ڕیفۆرم لە خوێندنی باڵا کەوتۆتە ئەستۆی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پلانی چوار ساڵی کارکردنی زانکۆ و بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ لە دەستنیشانکردنی بەرنامەی کارکردن، گفتوگۆی لەبارەوە کراو هەریەک لە ڕاگری کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک پێشنیازی زیاتریان لەبارەی پەرەپێدانی زانکۆکەیان خستەڕوو.