ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە چوارچێوەی سەردانەكانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ بەسەركردنەوەی زانكۆكانی كوردستان و گوێگرتن لە دید و تێڕوانین و داوكارییەكانیان، د. ئارام محمد قادر زانكۆی زاخۆی بەسەركردەوەو ڕایگەیاند: كاری زیاترمان دەوێت بۆ گەشەپێدانی كەرتی خوێندنی باڵا، بۆ ئەوەی لە ئاست داخوازی و چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان بین.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی (٢٧/٨/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەیاوەری ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی، سەردانی شاری زاخۆی كرد و، لە نزیكەوە لە گەڵ ئەنجومەنی زانكۆی زاخۆ كۆبونەوە و، لە ڕێوڕەسمێكیشدا باڵەخانەی نوێی فاكەڵتی ئەندازیاری زانكۆی زاخۆ كرایەوە.

 

زانكۆی زاخۆ (٤٦٧) ستافی ئەكادیمی و (٧٥٠٠) خوێندكارو قوتابی هەیە

لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا د. لەزگین عبدی جمیل سەرۆكی زانكۆی زاخۆ لە وتەیەكدا بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی زاخۆ و ئەنجومەنی زانكۆ بەخێرهاتنی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەفدی وەزارەتی كردو ڕایگەیاند: ئەم سەردانەیان بۆ زانكۆی زاخۆ هانیان دەدات بەگڕوتینی زیاتر خزمەت بە ڕەوشی خوێندنی باڵا و پێشخستنی ئاستی زانست لە زانكۆكەیان بكەن، هەروەك دەستخۆشی لە وەزیری خوێندنی باڵا كرد بۆ بەسەركردنەوەی سەرجەم زانكۆكانی كوردستان بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی دامەزراوەكان و ئاگاداربون لە پێداویستیەكانیان. دواتر سەرۆكی زانكۆ پێشەكیەكی لەبارەی مێژوی دامەزراندنی زانكۆی زاخۆ و پێكهاتەكەی و ئەو پرۆژانەی زانكۆ جێبەجێی دەكات و لەجێبەجێكردندان خستەڕوو.

 

بۆ سەرخستنی پرۆژەكانیان، هاوكاری زانكۆی زاخۆ دەكەین

دواتر د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی زاخۆ، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە كۆبونەوەو دیداری لەگەڵ سەرۆك و ڕاگر و مامۆستایانی زانكۆی زاخۆ و ڕاستەوخۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی پرۆژەو كێشەكانی بەردەم پرۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان.

لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بە قوربانیدان و شۆڕشگێڕی خەڵكی زاخۆ كردو وتی: خەڵكی زاخۆ شۆڕشگێڕو كۆڵنەدەر و خاوەن قوربانی و خەباتن جێ پەنجەیان لە سەرخستنی ئەزمونی هەرێمەكەمان ڕوونە، بۆ ئێمەش لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زانكۆكە پێگەیەكی گرنگ و دیاری دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵادا زانكۆی زاخۆ یەكێكە لە زانكۆ گرنگەكانی ناوچەكە، بەڵێن دەدەین درێغی نەكەین لە هاوكاریتان و پێشخستنی ئاستی زانكۆ، ئێوەش لە ڕێگەی پێشكەشكردنی پرۆژەو بۆچونی بەسود پلان و كارەكانمان دەوڵەمەند بكەن، چونكە ئەنجامدانی ڕیفۆڕمی و گۆڕانكاری لە زانكۆكان بەشێكی زۆری دەكەوێتە ئەستۆی زانكۆكەتان و ئەو پرۆژە نێودەوڵەتیانەی دەستتان پێكردوە بەتایەبت جێبەجێكردنی بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانكۆی زاخۆ.

 

زانكۆكانمان پێویستیان بە پێشخستنی زیاتری ئاستی زانستی هەیە

هەر لە وتەكەیدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە چوارچێوەی كارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كاری زیاترمان دەوێت بۆ گەشەپێدانی كەرتی خوێندنی باڵا، بۆ ئەوەی لە ئاست داخوازی و چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان بین، ئەمەش پێویستی بە توانای دارایی زیاتر و پشتگیری بەردەوامی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.

لەبارەی سەربەخۆی كارگێڕی و دارایی زانكۆكان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بۆ بەردەوامیدان بە پرۆژەكان و پێشخستنی ئاستی زانكۆكانمان، بەدیدێكی نوێ و پرۆژەی تازە بەردەوامی دەدەین بە سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی زانكۆكان، بۆ ئەمەش وەك وەزارەت هاوكارو هەماهەنگی سەرەكیتان دەبین و درێغی ناكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پێشخستنی زانكۆ لەگشت ڕووەكانەوە.

لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا د. ئارام محمد قادر هەنگاوەكانی زانكۆی زاخۆی بەرزنرخاند، بەتایبەت لەڕوی گەشەپیدان و پەرەپێدانی كواڵێتی و ڕەهەندی نێودەوڵەتی و جێبەجێكردنی پرۆسەی بۆلۆنیاو سیستمی نوێی خوێندنی پزیشكی.

 

باڵەخانەی كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی زاخۆ كرایەوە

هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ زانكۆی زاخۆ، باڵەخانەی كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆ كرایەوە، كە لەسەر بودجەی زانكۆو لەناو كەمپی زانكۆی زاخۆ جێبەجێكراوە.