ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنفرانسی ڕیفۆرمی خوێندنی تەکنیکی ڕایگەیاند: دەمانەوێت زانکۆکانمان پەیوەندی زیاتریان لەگەڵ بازاڕی کار و کەرتی گشتی و پیشەسازی هەبێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە توێژینەوەی زیاترە لەبارەی پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار و توانا و پۆتێنشیاڵی گەشەکردنی ئابووری.

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٨-٨-٢٠١٩)، بەچاودێری و ئامادەبونی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانی کوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەران و لێپرسراوانی حکومی و حزبی، زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک) کۆنفرانسێكی نیشتیمانی زانستی-یان بەناونیشانی (ڕیفۆرمی خوێندنی تەکنیکی لە کوردستان، بەرەو جێبەجێکردنی پرۆسەی بۆلۆنیا) بەڕێوه‌برد.

لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: خوێندنی تەکنیکی یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی سیستمی خوێندنی هەرێمەکەمان و، ڕێگه‌یەکی گرنگە بۆ ئامادەکردنی دەستی کاری خۆماڵی و، دروستکرنی کارامەیی لە نێو گەنجان، هه‌ربۆیه‌ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرکیزی تەواوی لەسەر ئەم بوارە دەبێت و، گرنگی تەواو بە بواری گەشەکردنی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ دەدات.

وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی: لە ئێستادا پێویستمان بە داڕشتنی نەخشەڕێگه‌یەکی هەمەلایەنە هەیە، بۆ ئەوەی خۆمان بۆ قۆناخی داهاتوو ئامادە بکەین و، لە سەر ئاستی نیشتیمانی ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، ئایا گەنجان و نەوەی نوێی وڵاتەکەمان بۆ چ جۆرە ئابووریەک و چ جۆرە بازاڕێک ئامادە دەکەین؟ بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پێشبڕکیی دەستکەوتنی هەلی کار و توانای کارسازیان هەبێت.

هەر لە وتارەکەیدا، د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە، دەبێت هەوڵ بدەین زانکۆکانمان پەیوەندی زیاتر و توندوتۆڵتریان لەگەڵ بازاڕی کار و، کەرتی گشتی و پیشەسازی لە هەرێمەکەمان هەبێت، بۆ ئەوەش پێویستمان بە هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی زیاترە لەبارەی پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار و توانا و پۆتێنشیاڵی گەشەکردنی ئابووری هەرێمەکەمان.

لەبارەی جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکان، وەزیری خوێندنی باڵا ڕونیکردەوە، بۆڵۆنیا پرۆسێس هۆکارێکی گرنگی گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندنی زانکۆکانمانە و، لە زۆر بواری گرنگدا خزمەت بە گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا دەکات، بەتایبەت یەکخستنی چوارچێوەی بڕوانامەکان و، ستانداردکردنی ئاست و کواڵیتی ئەو بڕوانامانەی کە لە زانکۆکانمان دەدرێن، هەروەها بۆڵۆنیا پرۆسێس هاوکارمان دەبێت بۆ گەشەپێدانی کواڵیتی و بەرزکردنەوەی ئاست و کارامەیی دەرچوان، له‌هه‌مان كاتدا زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەبات، بۆیە بۆ تێگەیشتن و قۆڵبوونەوەی زیاتر لەم پرۆسەیە، پێویستمان بە وەبەرهێنانی زیاترە بۆ گەشەپێدانی ژێرخان و توانا مرۆییەکانی زانکۆکانمان، بۆ ئەوەی باشتر خۆمان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە ئامادە بکەین.

لە کۆتایی وتەکەیدا، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: هیوامان وایە بتوانین بەشیوەیەکی پراکتیکی باس لە هەموو ئەو گرفتانە بکەین، کە ڕەنگە لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بێتە ڕێمان و، پشتیوانی لە هەموو هەنگاو و پێکهاتەکانی ئەم پرۆسەیە دەکەم، بە تایبەت ڕیفۆرمی پەیکەری خوێندنی تەکنیکی و داڕشتنەوەی ئاستی بڕوانامەکان و، درێژەدان بە خوێندن و ڕیفۆرمی سیستم و پرۆگرامەکانی خوێندن.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، هەریەک لە د. کاوە شێروانی سەرۆکی لێژنەی باڵای ئامادەکاری كۆنفرانس و، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و، د. ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و، د. عەدنان محسن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، کە ئامادەکارو بەشداری سەرەکی کۆنفرانسەکەن، لە سێ وتەی جیا ئاماژەیان بەتەوەرە سەرەکیەکانی گفتوگۆی ماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانس کرد، کە تیایدا بابەتەکانی خوێندنی تەکنیکی و، سیستمی بۆلۆنیا و بە داڕشتنی نەخشەڕێگه‌یەکی تەندروست بۆ جێبەجێکردنی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.