ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێوڕەسمی خولی دەرچوانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕایگەیاند: دامودەزگاكانی كەرتی گشتی بەتەنها ناتوانن دەرفەتی كاركردن بۆ هەمو دەرچوانی زانكۆكان فەراهەم بكەن، بەڵكو بەشێكی ئەم ئەركە لە ئەستۆی كەرتی تایبەت و كەرتی پیشەسازی و كەرتەكانی تر دەبێت.

رۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی (١/٩/٢٠١٩) بەچاودێری و ئامادەبونی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆكان و مامۆستایان و خوێندكاران و كەسوكاریان، ڕێوڕەسم و ئاهەنگی (٣٠)هەمین خولی دەرچوانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەهۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەناوی خولی نوێبونەوە بەڕێوەچو.

لە وتەیەكدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند ئەم پۆلە گەنجە هاوشانی دەرچوانی زانكۆكانی دیكەی كوردستان دەبنە بەشێكی گرنگ لە سەرمایەی مرۆیی هەرێمی كوردستان و بەشدار دەبن لە بنیادنان و گەشەپێدانی هەرێمەكەمان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانكۆكانی پۆلیتەكنیكی دەكەم كە لەماوەی ڕابردوودا هەوڵیان داوە بۆ داڕشتنی نەخشەرێگەی ڕیفۆرمی خوێندنی تەكنیكی لە كوردستان، لە ئێستاشدا هەرسێ زانكۆی پۆلیتەكنیكی ئامادەكاری دەكەن بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستم و پرۆگرامەكانی خوێندن بە جۆرێك پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاری كارو تواناكانی گەشەكردنی ئابووری واڵاتەكەمان دروست بكات .

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی: ئێوەی دەرچوان دەرفەتی یەكسانی هەلی كار و ژیانێكی ئارام و ئابووریەكی سەقامگیرتان دەوێت، بەڵام دەبێت هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەپیش چاوبێت كە هیچ كات دامودەزگاكانی كەرتی گشتی بەتەنها ناتوانن دەرفەتی كاركردن بۆ هەموو دەرچوانی زانكۆكان فەراهەم بكەن، بەڵكو بەشێكی ئەم ئەركە لە ئەستۆی كەرتی تایبەت و كەرتی پیشەسازی و كەرتەكانی تر دەبێت، هاوكات دەرچوانیش دەبێت لە ڕێگای توانای كارسازی و بیركردنەوەی داهێنەرانە هەوڵی خولقاندنی مۆدیلی نوێی كارسازی و دروستكردنی هەلی كار و گەشەكردنی ئابووری بدەن. ڕاشیگەیاند: لە دوای دەرچونتان ئێوە بە تەنها نین، ئێمەش پشتیوانتانین، پلانمان هەیە كە لە ڕێگای سەنتەرەكانی بەكارخستن واتا سێنتەرەكانی (CDC) هەمیشە لە پەیوەندی بەردەوامدابین لەگەڵتان، بۆ ئەمەش وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی لە سێنتەرەكانی بەكارخستن دەكەین.

هەر لە وتەكەیدا لەبەردەم دەرچوانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی د. ئارام محمد، ئاشكرایكرد: ئەمساڵ لە ڕێگەی پلانەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆراوە دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانكۆكانمان دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن كاتەكانتان بەكار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەكادیمتان. وتیشی دەرچوان فاكتەری سەرەكی بنیادنانی نیشتیمان و سەركەوتنی هەرێمەكەمانن، هەموومان پێكەوە دەتوانین كار بۆ بنیادنانی ئابوورییەكی فرەڕەنگ و سەقامگیر و گەشەكردو بۆ هەرێمەكەمان بكەین.

لە كۆتایی وتارەكەیدا وەزیری خوێندن باڵا سڵاوی زانست و خەباتی ئەكادیمی بۆ سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناردو وتی: ئەگەر لە خۆبوردی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبوایە ئێستا ئێمە نەدەگەیشتین بەم ڕۆژەی ئێستا، هەروەها ڕێز و وەفاشی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان نارد.

لە وتەیەكیشدا د. ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەناوی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بە هەنگاو و كارەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد بۆ ستراتیژی تازەو خۆ نوێكردنەوەو دوبارە بونیادنانەوەی كۆمەڵگەیەكی مەعریفی رۆشنبیر، هەروەك بەڵێنیشیدا بەردەوام بن بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و پێشخستنی زانكۆكەیان.

جێگەی ئاماژەیە لە (٣٣) هەمین خولی دەرچوانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی (٤٥٠٠) دەرچو لە بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵەی كارگێری و پزیشكی و ئینفۆرماتیك و كۆمەڵەی ئەندازیاری و تەكنیكی و كشتوكاڵ و میدیا و بوارەكانی دیكە.. بڕوانامەی بەكالۆریوس و دبلۆمی تەكنیكی- یان پێبەخشرا.