ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەمیانى پێشوازیکردنى لە جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دەمانەوێت پەیوەندییە زانستییەکانمان لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەى دەستەبەرکردنى مافەکانى خەڵکى کوردستان بەهێز بکەین و کێشەکانى کەرتى خوێندنى باڵا بەرەو چارەسەر ببەین.

ئەم ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەممە رێکەوتى (٢/٩/٢٠١٩) لەمیانى پێشوازیکردنى لە د. بەشیر حەدداد جێگرى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هات.

لە دیدارێکدا، کە بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە وتەیەکدا پیرۆزبایى لە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد و، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هاوکات د. بەشیر حەدداد پاڵپشتى و پشتگیرى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاندو وتى: بۆ چارەسەرکردنى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردو وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم و عیراق هاوکارتان دەبین، بەتایبەت ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و سكۆله‌رشیپ و کێشەى زانکۆکان و باوەرپێکردنیان، بۆ ئەمەش وتى: دەمانەوێت لەم کابینەیەى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەزارەتەکەتان ئەم کێشە هاوبەشانەى کە هەن چارەسەریان بکات.

لە به‌رامبه‌ردا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕاگەیاند: بونى نوێنەرانى کورد لە بەغدا بۆ وەزارەتەکەمان دەرفەتێکى گرنگە بۆ ئەوەى بتوانین لە بوارى خوێندنى باڵا هەنگاوى ستراتیژى و گرنگ لە ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییەکان و چارەسەرى کێشەکان و هەماهەنگى نوێ لەسەر بنەماى شەراکەتى هاوبەش و پەرەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان بنێین.

د. ئارام محمد ڕاشیگەیاند: عێراقێکى بەهێز سەرچاوە لە کوردستانێکى بەهێزەوە وەردەگرێت، بۆیە لەم کابینەیەى حکومەتى هەرێمى کوردستان سیاسەت و ستراتیژمان ئەوەیە، لەگەڵ حکومەتى عێراقى هەماهەنگى و هاوکاریمان بەهێز بکەین و لە چوارچێوەى دەستەبەرکردن و پاراستنى مافەکانى خەڵکى کوردستان پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەماى دەستور دابڕێژینەوە، لەبارەى پرسەکانى پەیوەست بە بوارى خوێندنى باڵا وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە: سیاسەت و بەرنامەمان پەرەپێدان و دروستکردنى هەماهەنگى تازەیە بۆ پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقى، بۆ ئەمەش بە پشتیوانى نوێنەرانى کورد لە بەغدا کار بۆ دروستکردنى پەیوەندییەکى بەهێز و ئەکتیڤ دەکەین بۆ ئەوەى ئەو بابەتە هەڵپەسێردراوانەى لەنێوانمادایە چارەسەریان بکەین، بەتایبەت کێشەى زانکۆکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان و ئاڵوگۆڕى زانستى لە نێوان زانکۆکان و بڕوانامە هاوبەشەکانى نێوان هەردولامان.

لەکۆتایی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى ترى پەیوەست بە بوارى خوێندنى باڵا-ى کوردستان و پێشخستنى پەیوەندیەکان کرا.