ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێناس گەرمیانی- كەركوك

بەرپرسێكی حیزبی لە كەركوك ڕای دەگەیەنێت كە لە دوای داگیركردنی كەركوك لە لایەن حەشدی شەعبییەوە 1200 خێزانی بەعەرەب بە هاوری وپشتگیریكردنی پارێزگا سەپێندراوەكەی كەركوك هاتونەتە شارەكەو نیوەی زیاتری ئەو خێزانانەش فۆرمی خۆراكیان گواستۆتەوەو كارتی نیشتەجێبونیان بۆ كراوەو ولە ئێستاشدالە چەشنی هاوڵاتییانی كەركوك مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

حەسەن ئەمین شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە (ڕێگای كوردستان)ی ڕاگەیاند:-ئەو سیاسەتەی كە لە ئێستادا لە كەركوك جێبەجێ‌ دەكرێت هەمان ئەو سیاسەتەیە كە ڕژێمی بەعسی لەناوچوو ئەنجامی دەدا وئەوەشی كە ڕاكانی جبوری پارێزگا سەپێندراوەكەی كەركوك ئەنجامی دەدات كاریكی ناشەرعی ونایاساییە ودەچێتەچوار چێوەی دیكتاتۆریەتەوە.ئەو تەنها بۆ ئەوە كار دەكات كە ئەوەی پەیوەندی بە كورد لە كەركوكدا هەیە هەمووی لە ناو بدات وبیسرێتەوەوگۆڕانكاری لە دیموكرافیەتی شارەكە ئەنجامبدات، لە دوای 16ی ئوكتۆبەریشەوە ئەو دەسەڵاتی گرتە دەست كەركوكی لە شارێكی ئارامەوە كردە شارێك هەموو كەسێك سڵی لێی بكات وخۆی لێی بە دوور بگرێت ، چونكە ئەو دەسەڵات وپۆستەكەی لە لا خۆشتر دەوێت نەك كەركوك .

گوتیشی:- هەر كە كاتێك پارێزگارە سەپێندراوەكە دەسەڵاتەكەی گرتە دەست یەكەم هەنگاو كە دەستی پێكرد بە هاوكاری حەشدی شەعبی پرۆسەی تەعریبكردنی شارەكەی ئەنجامداو ڕێگەی بەو عەرەبانەدا لە كە سەردەمی ڕژێمی بەعس هاتبونە ناوچەكەو لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق گەڕانەوە ئەو شوێنانەی كە لێیەوە هاتبوون دووبارە بگەڕێنەوە وەكو چۆن لە سەردەمی ڕژێمی بەعس هەموو كارئاسانییەكیان بۆ دەكرا ئەمیش ئاوەهای بۆیان كرد ،لە دوای 16ی ئوكتۆرەوە 1200 خێزانی عەرەب هاتونەتە شارەكەو هەموو شتێكیان بۆ كراوەو لە نیوەی زیاتری ئەو خێزانانەش فۆرمی خۆراكیان بۆ گوێزراوەتەوەو كارتی نیشتەجێبونیان بۆ كراوەو و وەكو هاوڵاتییەكی رەسەنی دانیشتووی كەركوك مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

ڕاشی گەیاند:- ئەو عەرەبانەی كە هاتونەتە شارەكە زۆرینەیان هی ناوچە عەرەب نشینەكانی كەركوكن وكەس وكاری ئەو داعشانەن كە لە پێش 16ی ئوكتۆبەر دژی هێزەكانی پێشمەرگە دەجەنگان ولە هەوڵی ئەوادابون بێنە كەركوك وداگیری بكەن ،بەڵام چونكە هێزی پێشمەرگە ڕێگری لێدەگرتن نەیاندەتوانی بێنە كەركوك وبە ئارەزوی خۆیان تێدا بسوڕێنەوە ، بەڵام لە دوای پاشەكشەكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكە ئەو عەرەبانە خەونەكانین هاتە دی وزۆر بە ئاسانی هاتنە كەركوك ولە ئێستادا بە ئازادانە تێدا دەسوڕێنەوە و وەكو ئەوەی ئەوان بەرگریان لە كەركوك كردبێت نەك هێزی پێشمەرگە.

حەسەن شێخانی ئاماژەشی بەوەدا ، ئەگەر كورد لە ڕێگای یاساو دەستورەوە فریای كەركوك نەكەوێت ئەوا كێشەكان زیاتر قوڵ دەبێتەوە بە تایبەت كێشەی هێنانی عەرەب بە بەردەوامی بۆ كەركوك ، چونكە پارێزگا سەپێندراوەكەی كەركوك هەموو هەوڵێكی خستۆتە گڕ بۆ ئەوەی رێژەی عەرەب لە كەركوك زیات ربكات وكارەكانی لەو ڕووەوە چڕ كردۆتەوە و وهەوڵەكانیشی لەو ڕووەوە كەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار وكوێش بە كەس نادات وهەرچیش بییەوێت ئەنجامی دەدات بەبێ‌ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ یاساو دەستور كە ئەوەش بۆ ئێستاو ئایندەی كەركوك وكوردیش خراپە.

حەسەن شێخانی جەخت لەوە دەكاتەوە ، كە تاكو شارەكە بە دەست كوردەوە بو وپارێزگارەكەی كورد بو كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەنجامدرا ، بەڵام لەو كاتەی دەسەڵاتەكە كەوتۆتە دەست راكان جبوری وهێزی سەربازی وحەشدی شەعبیش تەنانەت یەك پرۆژەی بچوكیش بۆ شارەكە نەكراوە بەمەش دەركەوت كە لە كورد زیاتر هیچی كەس ولایەنێكی دیكە خەمی كەركوك ناخوات ودەسەڵاتەكەی ئێستای شارەكەش تەنها بۆ پێگەو بەرژەوەندی خۆی كار دەكات وخەمی شارەكەو دانیشتوانەكەی ناخوات.

راشی گەیاند:- لە ئێستا بە هەموو شێوەیەك دژایەتی كەركوك دەكرێت وفشارێكی زۆر دەخرێتە سەر كوردانی كەركوك بۆ ئەوەی شارەكە بەجێ‌ بهێڵن ئەویش بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رێژەی دەنگدەری كورد كەم بكرێت بۆ ئەوەی نەتوانێت ئەو پۆستە ئیدارییانەی كە لە پێش 16ی ئوكتۆبەر بە دەستییەوە بو، بە تایبەت پۆستی پارێزگا نەتوانی بە دەستی بهێنێتەوە.

هاوڵاتییەكی كوردی دانیشتووی شارەكەش بە (ڕێگای كوردستان)ی ڕاگەیاند:- ئەو عەرەبانەی كە هاتونەتە كەركوك زۆرینەیان كەس وكاری داعشن وچەكیان هەیە ،هاوڵاتییەكی عەرەب لە دوای 16ی ئوكتۆبەرەوە هاتوتە گەڕكەكەمان وزۆر جار پێمان دەڵێت كەركوك شارێكی عێراقی وعەرەبییە وبۆ كورد نییە داوای بكات ، ئەگەر پێویست بكات شەڕی لە سەر دەكەین وخوێنی خۆمانی بۆ دەرژێنین ،زۆر جاریش پێمان دەڵێن ئێوە دەنگدان بۆ ڕێفڕاندۆم نەدا فەرموو بچنە پاڵ حكومەتەكەتان كە كاری بۆ ئەوە دەكرد كەركوك بچێتە سەر هەرێمی كوردستان بەڵام تاكو خوێن لە جەستەماندا مابێت ناهێڵن جارێكی دیكە ئاڵای كوردستان لە كەركوك بەرز بكرێتەوە.

گوتیشی:- زۆرینەی ئەو عەرەبانەی كە هاتونەتە شاری كەركوك پیِ 16ی ئوكتۆبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە داواكرابوون بە هۆی پەیوەندی بونیان لەگەڵ داعش كە لە ئێستادا زۆرینەیان شانەی نوستویان دروست كردووە ومەترسییان بو سەر كەركوك وهاوڵاتیانیشی دروست كردووە وهێزە ئەمنییەكانیش بەو حاڵەتە دەزانن بەڵام چونكە ئەو عەرەبانە لە پارێزگارەكەی 16ی ئوكتۆبەرەوە نزیكن كەس ناتوانێت دەستگیریان بكات.