ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای كوردستان

سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان هەڕەشەی خۆپیشاندان و مانگرتن دەکات و دووبارە پشکنینەوە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە سوکایەتیکردن ناودەبات، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییش جەخت دەکاتەوە کە ئەو لیژنانەی ئێستا دروستکراون، تەنیا بۆ کارئاسانی و دروستکردنی پسوولەی مووچەیە.

بڕیارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە ڕۆژی ٢٧ی ئابی ئەمساڵ دەرچووە و ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کراوە، ناڕەزایەتی ژمارەیەک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی لێکەوتووە و سکرتێری یەکێتییەکەش هۆشداری دەداتە وەزارەتەکە.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی ناوبراو و وەزارەتی تەندروستی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنرێت و رۆژانە ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە دەبینرێن کە دوای تانەدانیان لە بڕیارێکی پێشتری لیژنەی پزیشکی دەرچوونەتەوە.

هەرچەندە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم لیژنەیە تەنیا بۆ دروستکردنی پسوولەیەکی تایبەتە بە وەرگرتنی مووچە، بەڵام سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دروستکردنی لیژنەکە بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی پشکنینە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دووجار پشکنین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کراوە و دووبارە دروستکردنەوەی لیژنەیەکی دیکەش بۆ بینینەوەیان لەلایەن لیژنەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی تەندروستی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بە سوکایەتیکردن بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و هاوکات نەبوونی متمانەش بۆ لیژنەکانی پێشتر دەگەڕێنرێتەوە. 

سامان حوسێن سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، بڕیاری ئەنجامدانەوەی پشکنین بۆ جاری سێیەم بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بە ئازاردان و سوکایەتیکردن بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ناودەبات.

سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامان هۆشداری دەداتە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و جەخت دەکاتەوە ئەگەر ئەم لیژنەیە ڕانەگیرێت گردبوونەوە ئەنجام دەدەن و ماندەگرن.

سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان باس لەوەش دەکات کە ئەوان چاوەڕوان بوون مووچەی ئەو 13 هەزار خاوەن پێداویستییە تایبەتە خەرج بکرێت و قەرەبووی شەش مانگی ڕابردوویان بۆ بکرێتەوە، کەچی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی د٢وبارە لیژنەی دروست کردووەتەوە.

ئاریان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕای دەگەیەنێت ئەو لیژنانەی ئێستا دروستکراون، لە ژێر چاودێری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدان و تەنیا بۆ کارئاسانی دروستکردنی پسوولەیەکە کە تایبەتە بە مووچەکانیان.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باس لەوەش دەکات کە هەڵە تێگەیشتنێک و هەوڵێک بۆ شێواندنی ئەو پڕۆسەیە هەیە کە لە بەرژەوەندی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان گیراوەتە بەر، "دڵنیایی دەدەینە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە بەم زووانە مووچەکانیان وەردەگرن". 

پێش ئەنجامانی پڕۆسەی پشکنین کە ماوەی کە دوو ساڵی خایاند 122 هەزار کەمئەندام هەبوون، بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆسەی پێداچوونەوەکە ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کەم بووەوە بۆ 107 هەزار و دوای تەواوبوونی کاری لیژنەکانیش ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان گەیشتە 103 هەزار و 623 کەس و نزیکەی 15 هەزار کەس لە پشکنینەکان دەرنەچوون، بەڵام دوای تانەگرتن بەشێک لەوانەش وەرگیرانەوە و دواجاریش لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە خەرجکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

ئێستا و دوای ئەنجامدانی پرۆسەیەکی دوو ساڵە و چەند جارێک پشکنین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هێشتا گومان لە زۆری ژمارەی کەمئەندامان هەیە و بەشێک لە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کەمئەندامانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی کە شایستەی وەرگرتنی مووچەن بوونەتە قوربانی ئەو گەندەڵی و (واستەکارییەی) لە پڕۆسەکەدا کراوە.