ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد: ئه‌مڕۆ 16ی ئەیلولی 2019 له‌ هۆڵى بۆنه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ رێوڕەسمێكدا ده‌ستده‌كرێت به‌ فرۆشتنى تابلۆى ئۆتۆمبێله‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و تائێستاش چه‌ندین كه‌سایه‌تى و كۆمپانیا ناوى خۆیان تۆماركردووه‌ بۆ كڕینى ژماره‌ نایابه‌كان.

عه‌مید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ راگه‌یاند: دوێنێ كۆتا واده‌ بوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ناوى خۆیان تۆماربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ خاوه‌نى تابلۆى ئۆتۆمبێله‌كانى ژماره‌ (1) تا ژماره‌ (9)ى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ - عێراق، ئه‌مڕۆش له‌ هۆڵى بۆنه‌كان ده‌ستده‌كه‌ین به‌ فرۆشتنى تابلۆكان.

وتيشى: تائێستا چه‌ندین كه‌سایه‌تى و كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دار ناوى خۆیان تۆمار كردووه‌ بۆ كڕینى تابلۆى ئۆتۆمبێله‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بارمته‌ى یاساییان داناوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین كه‌ نرخى ژماره‌كان بگاته‌ ئه‌و نرخه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆوه‌ بۆمان دیاریكراوه‌ بیانفرۆشین ئه‌گه‌ر نرخه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ناتوانین بیانفرۆشین.

به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ زیادكردنه‌ ئاشكراكه‌دا نرخه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌و نرخه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ دایناوە ئه‌وا ئێمه‌ نووسراو ده‌كه‌ین بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ كه‌ نرخى تابلۆكان كه‌مبكاته‌وه‌ یاخود بڕیارێكى دیكه‌ ده‌ربكات له‌باره‌ى بڕى پاره‌ى تابلۆكان له‌ ژماره‌ (1) تا ژماره‌ (9) كه‌ به‌ ژماره‌ نایابه‌كان ناسراون.

به‌ گوێره‌ى بڕیارێكى وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژماره‌ (1) نرخه‌كه‌ی یه‌ك ملیار دیناره‌ و ژماره‌ (2) بۆ ژماره‌ (9) نرخی هەریەکێکیان 600 ملیۆن دیناره‌، هاوكات ژماره‌ (10) بۆ ژماره‌ (99) به‌ 300 ملیۆن دیناره‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ (100) بۆ ژماره‌ (999) به‌ 200 ملیۆن دینار خه‌مڵێندراوه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نیا له‌ ژماره‌ (1) تا ژماره‌ (9) ده‌فرۆشرێن.