ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەرپرسێكی بانكی ناوەندی عێراق لە هەولێر رایگەیاندوە، بەمنزیكانە بڕی پارەی موچەی فەرمانبەران دەگاتە هەرێمی كوردستان.

عابد مزوری، بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند:"تاوەكو ئەمڕۆ فەرمانی خەرجكردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بۆمان نەهاتوە، بەڵام پارەكە بەم نزیكانە دێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە:"لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی عێراق لەسەر هڵێن بۆ ئەوەی فەرمانی تەمویلی پارەكە زوتر رەوانە بكرێت".

عابد مزوری فەرمانبەرانی دڵنیاكردەوە، کە لقی هەولێری بانكی ناوەندی پارەی پێویستی لەبەر دەستە و هیچ كێشەیەكی نییە، وتیشی:"تەنها فەرمانەكەمان بۆ بێت، راستەوخۆ پارەكە دەدرێتە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران".

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا هەشت موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها پێنج موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.