ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئامادەكارییەكان بۆ پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق دەست پێدەكات و تا ئێستاش هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئەو پرسە نییە، ژمارەی ئەو هێز و لایەنانەش كە دژایەتی خۆیان بۆ رێككەوتنەكەی ئەمساڵی هەولێر و بەغدا ڕاگەیاندووە تادێت زیاتر دەبن، نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان هیچ نەوتێكی ڕادەستی بەغدا نەكردووە و چاودێرانی سیاسیش بەدووری دەزانن بەم دۆخەی ئێستاوە ساڵی داهاتوو بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات.

هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندینجار ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی نەوت و بودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق دەربڕیووە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی كرداریی بۆ ئەو بابەتە نەنراوە و فشارەكانیش لەسەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن كوتلە جیاوەكانی عێراق و پەرلەمانتارانەوە تادێت زیاتر دەبن.

لەكاتی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار كراوە كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ڕادەستی كۆمپانیای سۆما بكات و لە بەرامبەریشدا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەكان ڕادەستی هەولێر بكات.

هەرچەندە تاكو ئێستا ئەو بڕە نەوتەی كە دیاریكراوە بۆ هەرێمی كوردستان، هیچ نەنێردراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێَی پڕۆژەیاسا بودجەی ساڵی 2019 بەردەوامی دەبێت، بەڵام چاودێرانی دۆخەكە و ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەم پرۆسەیە بۆ ساڵی داهاتوو بەم شێوەیە نابێت و ئەگەر زۆر دەبێت بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت.

موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكات كە ئەو ئاسانكاریەی لە بودجەی ئەمساڵدا بۆ هەرێمی كوردستان كراوە، لە ئێستادا دەنگی دژی زۆرە و پێناچێت لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 ئەو ئامادە سازیانەی كە پێشتر هەبوون كە هەم لەلایەن سەرۆك وەزیران و هەمیش لەلایەن بەشێك لە كوتلەكانی پەرلەمانەوە دوبارە ببێتەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق باس لەوەش دەكاتە كە دەنگی نەیار هەم دژی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەیە و هەمیش دژی كورد، خەڵكانێك هەن چاوییان بڕیوەتە گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و حكومەتی هەرێمیش ئیلتیزاماتی ئیتحادی خۆی بەرامبەر بەغداد جێ بەجێ نەكردووە، ئەمەش وای كردووە خەڵكانێك گێچەڵ بەكورد بكەن وە دەیانەوێت لەو ڕێگایەشەوە گێچەڵ بە سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بكەن."

موسەنا ئەمین جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان وەكو نوێنەرانی كورد ناتوانن لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 پشتگیری لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەویش بەهۆی ئەو ناڕونییە لە داهات و ڕوننەكردنەوەی هۆكارەكانی رادەستنەكردنی نەوت بە بەغدا، "تائێستا حكومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی بەغداد ناكات هۆكاری ڕادەست نەكردنەكەشی بۆ هاووڵاتیان ئاشكرا ناكات، حكومەتی هەرێم ویستویەتی ئەم سیاسەتە پەیڕەو بكات هەموو داهاتەكانی خۆی بۆ خۆی بێت و لەبودجەی عیراقیشدا بەشداری نەكات لەهەمانكاتدا داهاتیشی لێوەربگرێت ئەمە سیاسەتێكە بۆ كورد ناچێتە سەر و ئێمەی پەرلەمانتارانیش ناتوانین ئاوا بەرگری بكەین".

لەسەر مەترسییەكانی رێككنەكەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 و ئەگەری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ناسر یوسف پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت كە كۆبوونەوەكان لەنێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا بەردەوام دەبێت و چاوەڕواندەكرێت بەر لەوەی گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بكرێت هەردوولا دەگەنە رێككەوتن لەسەر چارەسەر كردنی كێشەكان.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەوەش دەكات كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و لەپێناو بەرژەوەندی گشتیشدا پێویستە هەردوولا بگەنە رێككەوتن، بە پێچەوانەوە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت تەنیا هەرێمی كوردستان زەرەرمەند نابێت، بەڵكو بەغداش زیانی بەر دەكەوێت.

هەرچەندە تاكو ئێستا چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان هەولێر و بەغدا كراوە و بڕیاریشە لەم نزیكانە شاندێكی هەرێم بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدا بكات، بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەك هێشتا هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی نەكراوە و چەند ناۆكییەكیش لەنێوان هەردولادا هەیە، بەتایبەتی ناردنی مووچەی چوار ساڵی فەرمانبەرانی هەرێم.

حوتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی كوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.

بەشێك لە چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق مەترسی خۆیان بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی دارایی بەهۆی ڕێككنەكەوتنی هەولێر و بەغدا لە بودجەی 2020 ناشارنەوە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن ناڕونییەكی زۆر لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا هەیە و دیارنییە چارەنوسی وڵات بەرەو كوێ هەنگان دەنێت.

ئەوان پێیانوایە رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا بە زیان بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق دەشكێتەوە، بەتایبەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەوپێیەی رێكنەكەوتنەكە دەبێتە هۆی درەنگ پەسەندكردنی بودجەی 2020ی عێراق دواتریش بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

سالم تفیلی، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمە لە پەرلەمانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی رەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت و بە تۆمەتباری دەكات بە ڕادەستنەكردنی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی كە بۆی دیاریكراوە، هاوكات باس لەوەش دەكات كە ئەگەری زۆرە پڕۆەژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو زۆر دوا بكەوێت.

تفیلی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ژمارە و داتاكانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان شەفاف نین و بەهۆی ئەم ناشەفیەش لە هەناردەكردنی نەوت، بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق گەورەترین ناكۆكی و كێشە بەخۆیەوە دەبینێت و هەر ئەمەش وا دەكات پڕۆژەكە دوا بكەوێت.