ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پاڵ بەرزنرخاندنی پشتیوانییەکانی ئەمریکا لەڕوی سیاسی و سەربازی و مرۆیی بۆ گەلی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت پشتیوانییە زانستی و ئەکادیمییەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ سێکتەری خوێندنی باڵای کوردستان و پێشخستنی ئاستی زانکۆکان بەگرنگ دەزانین.

ئەم لێدوانەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی (١٧/٩/٢٠١٩) لەمیانی پێشوازیکردنی هات لە ستیڤ فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بە یاوەری وەفدێکی کونسوڵخانە.

لەدیدارەکەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبون، ستیڤ فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەسەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بۆ ئەم مەبەستەش کورتەیەکی لەبارەی کارو پرۆژەو هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ هەریەک لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای کوردستان ڕونکردەوە، بەتایبەت بەرنامەی ئاڵوگۆڕی سەرکردەی گەنج کە تایبەتە بە ناردنە دەرەوەی خوێندکاران و بەرنامەی فول برایت و ئاڵوگۆڕی خوێندکاری خوێندنی باڵا و پێشخستن و پەرەپێدانی سێنتەرەکانی بەکارخستن و پرۆگرامی بەستنەوەی زانکۆکانی هەرێم بە زانکۆکانی ئەمریکا و بەرنامەی ئاڵوگۆڕی کلتوری و فەرهەنگی و پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنان وەفدی کونسوڵخانە، هاوکاری و هەماهەنگی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای بۆ گەلی کوردستان بە بایەخ و گرنگ وەسفکرد، بۆ ئەمەش کورتەیەکی لەبارەی پشتگیری حکومەت و گەلی ئەمریکا باسکردو ڕایگەیاند: سوپاسی پشتیوانیتان دەکەین کە ساڵانێکە قوربانی زۆرتان داوە بۆ پشتیگری گەلانی ناوچەکەو گەلی کوردستان بەتایبەتی، هاوکارییەکانتان بۆ گەلەکەمان جێگەی و پیزانینە بە ڕێزەوە سەیری دەکەین، لەبارەی هەماهەنگی سێکتەری خوێندنی باڵاش وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتیکردەوە: لەنێو هەموو ئەو هاوکاری و پشتیوانییەتان بۆ گەلەکەمان، هاوکاری زانستی گرنگتان پێشکەش بە زانکۆ و دامەزراوەکانمان کردوە، بەتایبەت لە بواری سەرکردەی ئەکادیمی و پێشخستن و پەرەپێدانی سێنتەرەکانی بەکارخستن لە زاکۆکان و ئاڵوگۆڕی مامۆستاو خوێندکاران و چەندین بواری دیکە. بۆیە بۆ بەرەو پێشبردن و پێشخستنی ئاستی زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانمان پشتیوانی زیاتری کارەکانمان بن بەردەوامی پێبدەن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بەشێوەیەکی گشتی سیستم و فەلسەفەی خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ئێمە جێگەی بایەخ و گرنگیە، کاتێک دەمانەوێت ئامانج و پلانەکانمان بۆ پێشخستنی سێکتەری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بچێتە پێشەوە، پێویستمان بەهاوکاری و هەماهەنگی زیاتری دامەزراو و ناوەندە زانستیەکانی ئێوە دەبێت، چاوەڕێی ئەوەین زیاتر هاوکارمان بن بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە و پێشخستنی ئاستی زانکۆکانمان و دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان دامەزراوەکاندا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا چەند بابەتێکی پەیوەست بە پلان و بەرنامەی چوار ساڵی کارکردنی وەزارەت و ئەو بوارو بابەتانەی پەیوەستن بە ئاستی زانکۆکان بەگشتی گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.