ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گیڤارا گه‌رمیانی-رێگای كوردستان

هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن وته‌قاندنه‌وه‌ی ماڵ، له‌ به‌شێك له‌ چالاكوانانی و رۆژنامه‌نووسانی شارۆچكه‌ی خانه‌قین دەكرێت. ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كه‌ن خۆیان وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن.

له‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قینی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ڕۆژنامه‌نوسان وچالاكوانانی كورد ده‌كرێت، له‌ ڕێگای ماسنجه‌ری فه‌یسبوك و هه‌ندێ جاریش به‌ته‌له‌فون، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كار و جموجوڵانه‌یان بۆ خزمه‌تكردنی دانیشتوانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ ده‌یكه‌ن، به‌شێك له‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كراوه‌ بۆ رێگای كوردستان قسه ده‌كه‌ن .

عه‌باس حسوفی، چالاكوانی بواری گه‌نجانه‌ و له‌سه‌نته‌ری گه‌نجان ده‌وام ده‌كات، وتی : چه‌ند جارێك له‌ لایه‌ن چه‌ند ئه‌كاونتێكی عه‌ره‌ب، كه‌ وێنه‌ی سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سه‌ر بوو، به‌ مه‌سج هه‌ڕه‌شه‌م لێكراوه‌ و پێم وتراوه‌ له‌ كارو چالاكییه‌كانم بوه‌ستم به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی سوكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان كرا له‌ توركیا و ڕۆژی ئاڵای كوردستان، كه‌ئالای كوردستانم دابه‌ش ئه‌كرد له‌ ناوگه‌نجان. 

عه‌باس، باسی له‌وه‌شكرد، هاوڕیی و هاوپیشه‌كانی خۆمم ئاگاداركرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و ماڵ ته‌قانه‌وه‌م لێده‌كرێت له‌ سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی بۆ خانه‌قین ده‌یكه‌م، ئه‌وانیش دڵنه‌واییان پێدام كه‌ ئه‌وه‌ هه‌وڵێكی ترسنۆكانه‌یه‌ و پێویسته‌ ئێمه‌ به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ نه‌ترسن و به‌رده‌وام بین .

له‌میعه‌ محه‌مه‌د، چالاكوانی بواری ژنانه‌، وتی : چه‌ند جارێك له‌ ڕێگای تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و ته‌قاندنه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌م وتیرۆركردنم لێكراوه‌ و پێم وتراوه‌، كه‌ ده‌ست له‌و كارانه‌ هه‌ڵبگرم، كه‌ له‌ پێناو كورد و شاری خانه‌قین ده‌یكه‌م، ئه‌و په‌یج و فه‌یسبوكانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردووم به‌ناو حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ قه‌سیان ده‌كرد.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، جگه‌ له‌ئاگاداركردنه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندی 8ی خانه‌قینی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، هیچ كه‌سم له‌م هه‌ڕه‌شانه‌ ئاگادار نه‌كردوه‌ته‌وه‌، هه‌وره‌ها ئێمه‌ له‌م شارۆچكه‌یه‌ ده‌ژین تا ئێستا ژیانمان پارێزراو نیه‌.

سه‌روه‌ر عه‌لی، ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیر، وتی : له‌ماوه‌ی ڕابردوودا سێ جار هه‌ڕه‌شه‌م لێكراوه‌، جارێك له‌ ڕێگای ماسنجه‌ره‌وه‌ و دوو جاریش له‌ ڕێگای ته‌له‌فونه‌وه‌، كه‌ هه‌ر سێ جاره‌كه‌ی یه‌ك لایه‌ن بووه‌، كه‌ دیاره‌ حه‌شدی شه‌عبیه‌ و ده‌یانووت ده‌تكوژین و ماڵت ئه‌ته‌قێنینه‌وه‌، نابێت ئه‌وه‌نده‌ جموجوڵت هه‌بێت و چالاك بیت و پرس بورژێنیت له‌ فه‌یسبوك.

سه‌روه‌ر عه‌لی، وتیشی: پێیان ئه‌وتم نابێت تۆ خانه‌قین به‌ خراپ و وێران پیشان بده‌ی، چونكه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵات لای حكومه‌تی عێراق، سكاڵام له لای پۆلیسی حكومه‌تی عێراقی و هه‌رێم تۆماركرد هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌دامه‌وه‌، له‌ دادگا سكاڵام كردووه‌ و وته‌ی خۆم پێشكه‌ش كردوه و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی دادگام .