ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی عێراق كۆتایی نەهاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران كۆمەڵێك بڕیار بۆ دامركاندنەوەی گەنجان ڕادەگەیەنێت و بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش بە ناواقعی ناویان دەبەن، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران باس لەئەگەری كاریگەرییە خراپەكانی ئەم ناڕەزایەتییە لەسەر هەرێمی كوردستان دەكەن و كۆمەڵێك هێزی سیاسیش پشتگیری لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەكەن.

ماوەی نزیكەی هەفتەیەك گەنجانی ناڕازی لە بەغدا و چەندین شاری دیكەی عێراق خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و بەو هۆیەوەشەوە جگە لە برینداربوونی دەستگیركردنی سەدان كەس چەندین خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست داوە.

سەدان كوژراو زیاتر لە 6 هەزار كەس بریندار بوون

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ژمارەی كوژراو بریندارەكانی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردو گەیشتووەتە 104 كوژراو و زیاتر لە شەش هەزار بریندار، سەعد موسەوی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، لەخۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوی عێراقەوە 104 كەس كوژراون، لەو ژمارەیەش 8 كەسیان سەر بە هێزە ئەمنیەكانن، هەر بەپێی ئامارەكەی وەزاەرتی ناوخۆ 6 هەزار و 107 كەس بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە بریندار بوون، لەلایەكی دیكەوە خۆپیشاندەران 51 باڵەخانەی گشتی و 8 بارەگای حزبە سیاسییەكانیان سوتاندووە.

بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناواقعین

لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكان و زیاتر بوونیان، دوای چەندین كۆبوونەوە لەنێوان سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، دواجار ئەنجوومەنی وەزیران لەرێگەی كۆمەڵێك بڕیارەوە هەوڵی دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكانی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی كە لە 17 بڕگە پێكدێن دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ كەمدەرامەتان و چەند چینێكی تر لەسەرجەم پارێزگاكاندا دەكرێتەوە، هەروەها لەماوەی چوار هەفتەدا ئەو 17 هەزار پارچە زەویە نیشتەجێبونەی لە پارێزگای بەسڕە بڕیاری لێدراوە، بەسەر ئەوانەدا دابەش بكرێت، كە شایستەن. بەشێكی دیكەی بڕارەكان تایبەتكراون بە دروستكردنی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبون لە سەرجەم پارێزگاكاندا و موچەیەكی مانگانە كە 175 هەزار دینارە، دەدرێت بە 150 هەزار كەس و ئەوانە دەگرێتەوە، كە توانای كاركردنیان نییە و ئەوەش بۆ ماوەی 3 مانگ دەبێت، ئەمە جگە لە چەندین بڕیاری دیكە كە بەشێك لە چاودێارنی سیاسی ئەندامانی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان بە ناواقعی ناویان دەبەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بڕیارەكان توانای جێبەجێكردنیان نییە و تەنیا بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندەران راگەیەندراون، یەكێك لەو كەسانەی كە ئەم بۆچوونەی هەیە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشوتری دەرەوە و دارایی عیراقە كە لە تویتێكدا باسی لەوە كردووە بەڵێنی سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی عێراق بۆ خۆپیشاندەران ناواقعیە و جێبەجێ ناكرێن، "ئەگەر ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكرێن ئەوا كورتهێنانی بودجە بۆ ساڵی 2020 زیاتر دەبێت لە 30 ملیار دۆلار و پێویستە سەركردەكانی عیراق ئەو راستییە تێبگەن".

خۆپیشاندانەكان و كاریگەریان لەسەر هەرێم

هەرچەندە گواستنەوەی خۆپیشاندانەكان بۆ هەرێمی كوردستان ئەگەرێكی دوور و چاوەڕوان نەكراوە، بەڵام زۆرن ئەو پەرلەمانتار و رۆشنبیر و كەسایەتیانەی كە باس لە كاریگەرییەكانی ئەم ناڕەزایەتییە لەسەر هەرێمی كوردستان دەكەن، بەتایبەتی لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوووی عێراق كە لە چەند مانگی داهاتوودا تاوتوێ دەكرێت. شیروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەردەوامبوونی دۆخەكە بەمشێوەیەی ئێستا دۆخی عێراق ئاڵۆز دەكات و لەئەگەری دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدول مەهدیش كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە پرسی پەیوەست بە ناردنی بەشە بودجە دەبێت، "بەپێچەوانەوە لە ئەگەری مانەوەی لە پۆستەكەی ئەمساڵ ئەو كێشەیە بۆ هەرێم دروست نابێت، چونكە عەبدولمەهدی چەندجارێك وتوێتی ئامادە نییە موچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت و یاسای بودجەی ئەمساڵیش پشكی هەرێمی دیارییكردووە".

بەهەمان شیوە ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆپیشاندانەكان كاریگەرییان لەسەر مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نابێت، بەاتیبەتی ئەگەر بێت و لەم ئاستەدا دامركێنەوە و عادل عەبدولمەهدی دەست لەكار نەكێشێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆپیشاندانەكە وا دەكات ئەوەی لە 2019 بۆ كورد چووە سەر لە بودجەی 2020 روونەدات، چونكە ئێستا هەم پەرلەمانتاران و هەم حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لەژێر فشارێكی زۆردان، ئەم فشارەی سەر سەرۆك وەزیرانی عێراق بە گوتەی ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی هەناردەنەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، "ئەمەش بووەتە خاڵی لاوازی سەرۆك وەزیرانی عێراق دژی نەیارەكانی".

حزبی شیوعی پشتگیری لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەكات

حزبی شیوعی عێراق، بەشێوەی فەرمی پشتگیری لە خۆپیشاندانەكانی عێراق دەكات و جەخت لە چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكانی هاووڵاـیان دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوا پێیوایە ناكرێت خۆپیشاندانەكان ئاڕاستەی دیكە وەربگرن، لەلایەكی دیكەوە، حزبی شیوعی كوردستان سەرەڕای پشتگیری لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، هاوكات داوا لە دەسەڵاتی بەغدا دەكات هەرچی زووە وەڵامی داواكاریەكانیان بداتەوە، لە بەیاننامەكەدا هاتووە بەهۆی شكستە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی عێراق لە بەڕێوەبردنی وڵات و هێشتنەوەی گرفتە كەڵەكەبووەكان و ئەو گەندەڵیەی سەراپای وڵاتی گرتۆتەوە، بەتایبەتیش كە ژیانی هاوڵاتیانی عێراق لەوپەڕی خراپیدایەو خزمەتگوزاریە گشتیەكانیش بۆ هاوڵاتیان نین و كەوتوونە ژێردەستی قۆرخكاران، تادێ‌ بێكاری وڵات دەخاتە ئاستی خنكان و هەژاری پانتاییەكی ترسناكی لەم وڵاتە دەوڵەمەندەدا داگیر كردووە، هەروا ئەو ناوچانەی شەڕ وێرانی كردووە هەر بەكەلاوەیی ماوەتەوەو بەم هۆیەشەوە خەڵكی دەڕژێنە سەر شەقامەكان و دەسەڵاتیش بە تونترین شێوە وەڵامیان دەداتەوە كە ئەوەش دژی مافەكانی مرۆڤ و وڵاتێكی دیموكراتی و تەنانەت دژی دەستووری عێراقیشە، لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستاندا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو بووە هۆی شەهید بوونی دەیان هاوڵاتی و بریندار بوونی دەیانی دی، بۆیە ئێمە لە حزبی شیوعی كوردستان - عێراق پشتگیری تەواوی خۆپیشاندانە هێمنانەكانی خەڵكی عێراق دەكەین و داوا لە دەسەڵاتی بەغدا دەكەین هەرچی زووە وەڵامی داواكاریەكانیان بداتەوەو چیدی بە توندی بەرپەرچی خەڵكی زەحمەتكێش و برسی بەڕێگەی نادیموكراتیانە نەدرێتەوە، هەروا حزبی شیوعی كوردستان هەموو بەرپرسیاریەتێك لە پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران دەخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراق و دەسەڵاتە خۆجێیەكان.