ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

لەم دیمانەیەدا كە تایبەتكراوە بە بەتایەبتكردنی كەرتە گشتییەكانی حكومەت و زیانەكانی لەسەر هاووڵاتیانی هەژار، بێستون فایەق، پەرلەمانتاری پێشووی فراكسییۆنی گۆڕان، پێیوایە لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان و كار ئاسانی كردن بۆیان، ئاساییە بەشێك لە كەرتە گشتییەكان بدرێن بە كەرتی تایبەت، بەمەرجێك چاودێرییەكی وردی نرخ و كوالێتیان بكرێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە كۆی پڕۆسەی بەتایبەتیكردنی كەرتە گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان هیچ لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵایان و بەرەوپێشبردنی وڵات نەبووە، بەپێچەوانەوە لەسەدا سەد بۆ قازانجی حزب و لەناویشیدا بۆ چەند كەسێكی ناو حزبەكان بووە، جەختیش دەكاتەوە كە لایەنە بەشدارەكانی ناو حكومەت لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی هیچیان بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە پێ ناكرێت.

هۆكاری بەتایبەتی كردنی كەرتە گشتییەكانی وەكو تەندروستی و پەروەردە و كەرتە خزمەتگوزارییەكانی دیكە لە كابینەكانی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟

پەوەندییەكانی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەپێی یاساكان و رێسا ڕێكخراون، من بۆ خۆم لەگەڵ ئەوەدام لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان و كار ئاسانی كردن بۆیان، بەشێك لە كەرتە گشتییەكان بدرێن بە كەرتی تایبەت، چونكە ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت جیاوازییەكی زۆر لەنێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هەیە، هەموو ئەو كەرتانەی لە هەرێمی كوردستاندا بەدەست كەرتی تایبەتەوەن بواری خزمەتگوزاری و بەتەنگەوە هاتن و چارەسەركردنی كێشەكان و كواڵیتی باشیان لە بوارەكەی خۆیان زۆر زیاترە لە كەرتە گشتییەكە، بۆ نموونە قوتابخانە ئەهلی و حكومییەكان، نەخۆشخانە ئەهلی و حكومییەكان جیاوازی زۆر لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە من بە حاڵەتێكی ئاسایی دەبینم، بەڵام بەمەرجێك چاودێرییەكی وردی نرخ و كوالێتی ئەو كەرتانە بكرێت، ئەمە جگەلەوەی كە پێویستە پێدانەكە قۆرخ نەكرێت بۆ حزب و بنەماڵە و كۆمەڵێك كەسی دیاریكراو، وەك ئەوەی ئێستا نەبێت كە هەموان بەدەست كەسانی دیاری ناو حزبەكانەوەن و ئەوان بەڕێوەیان دەبەن، بۆیە ئەگەر بەشیوەی ئاشكرا بدرێتە ئەو كۆمپانیایانەی كە بە هەرزانترین نرخ دەیكەن و دواتریش چاودێرییەكی ورد بكرێن هەنگاوێكی خراپ نییە، واتە نابێت تەنیا بۆ دەوڵەمەندكردنی حزب و بۆ پارەپەیداكردن بێت.

بە بۆچوونی تۆ ئاساییە ئەم هەنگاوە سەرجەم كەرتەكان بگرێتەوە بە كەرتە خزمەتگوزارییەكانی دیكەشەوە؟

خۆی كێشەكە ئەوەیە هەموو ئەو كۆمپانیا گەورانەی كە بەناوی كەرتی تایبەتەوە كار دەكەن سەرجەمیان لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە قۆرخ كراون، كێشەكە لەوەدایە كاتێك حكومەت پڕۆژەیەك دەداتە كەرتی تایبەت چەندی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بێت و دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیا حزبییەكە دەبێت، دەرفەت بۆ كۆمپانیا و كەسی دیكە ناڕەخسێت بچنە بوارەكە و كاری خۆیان بە هەرزانتر و باشتر بكەن، هەموو ئەو كۆمپانیا گەورانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن هیچكامیان لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی نین، جا بەڕاستەوخۆ بێت یاخود بە ناڕاستەوخۆ، بۆیە ئاساییە بەمەرجی بوونی مونافەسە كەرتی تایبەتیش لەپاڵ كەرتی گشتیدا كار بكات، بە بۆچوونی من ئاساییە ئەگەر لەپاڵ خەستەخانەی گشتی، خەستەخانەی ئەهلیش هەبێت بەو مەرجەی نرخ و كوالێتییەكەی چاودێری بكرێت و هاوكات كوالێتی خەستەخانە حكومییەكەش باش بكرێت. 

ئەم هەنگاوی بەتایبەتیكردنەی كەرتە گشتییەكان ئەگەر سەرجەم بوارەكان بگرێتەوە، لە حاڵەتی لەو شێوەیەدا حكومەت كاری چی دەبێت؟

خۆی ناتوانرێت سەرجەم كەرتە گشتییەكان بدرێتە كەرتی تایبەت، بۆ نموونە دەزگا ئەمنییەكان، پەروەردە و خوێندنی باڵا و شارەوانی نادرێن بە كەرتی تایەبت، بەڵام كۆمەڵێك دامەزراوە هەیە كە خەدەمین، وەكو كارەبا، بەشێك لە تەندروستی دەكرێت بدرێنە كەرتی تایبەت. 

پێتانوایە ئەم كابینەیەش هاوشێوەی كابینەكانی پێشتر لەسەر هەمان پەیڕەو كار بكات؟

من نازانم كارەكانی ئەم كاابینە نوێیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەبن، بەڵام ئەم پڕۆسەیەی كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەستی پێكردووە لەسەدا سەد بۆ قازانجی حزب و لەناویشیدا بۆ چەند كەسێكی ناو حزبەكان بوو، واتە لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان دەست بۆ ئەم بەتایبەتیكردنەی كەرتەكان نەبراوە، سەرجەم كۆمپانیاكانی پەیوەندی، بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە، زانكۆ، هێڵی ئاسمانی و لقەكانی، ئەو كۆمپانیایانەی لەبواری نەوتدا كار دەكەن، سەرجەمیان خاوەندارییەتیان بۆ كەمەڵێك كەسی ناو یەكێتی و پارتی دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەگەر پێیانوابێت لەو رێگەیەوە وڵاتیان بەرەو بوژانەوە بردووە و كەرتی تایەبیان تیایدا زیندوو كردووەتە، قسەیەكی ناڕاستە.

هێزە سیاسیە بەشدارەكانی ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان تاچەند رۆڵی هاوبەشیان هەیە لەم بوارەدا؟ ئایا لانی كەم ئەگەر رێگریش لە بەتایبەتیكردنی كەرتەكان نەكەن دەتوانن رێكیان بخەنەوە؟

هێزە سیاسییەكنی دیكەی بەشداری ناو حكومەت هیچ رۆڵێكیان نییە، حكومەت لەسەدا سەد بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێت نیشتیمانە كوردستانەوەیە، ئەو دوو لایەنە بە دەرەجەی یەكەمیش پارتی بڕیار دەدات چی بكرێت و چی نەكرێت.