ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

گیڤارا گه‌رمیانی

سه‌رجه‌م حیزبه‌ سیاسیه‌كانی شارۆچكه‌ی خورماتوو، به‌ بێ ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگای كوردستان، بۆ ده‌ست نیشانكردنی كاندیدێك بۆ نوێنه‌ری كورد له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كۆبونه‌وه‌.

ئێواره‌ی دوێنێ ، لقی‌ 22 ی گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان و شیوعی وكۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، سێیه‌م كۆبونه‌وه‌یان بۆ دیاریكردنی كاندید و میكانیزمی به‌شداری كورد له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بۆ‌ هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجامدا.

دوای ته‌واو بوونی كۆبونه‌وه‌كه‌، سه‌رجه‌م حیزبه‌ به‌شداربووه‌كان كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا و ئه‌كره‌م ساڵه‌ح به‌رپرسی لقی 22ی گه‌رمیانی پارتی بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن وتی : هه‌موو حیزبه‌ كوردییه‌كانی شارۆچكه‌ی خورماتوو، كه‌ ‌ به‌شدارین له‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی، و پێكه‌وه‌ بڕیاری ئه‌وه‌ماندا، ژنێك كاندید بكه‌ین بۆ نوێنه‌ری كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، به‌ڵام تا ئێستا ژنه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌.

ئه‌كره‌م ساڵه‌ح، وتیشی:بڕیاری ئه‌وه‌ماندا، لیژنه‌یه‌ك له‌حیزبه‌ به‌شداربووه‌كان پێكبهێنرێت و له‌گه‌ڵ لیستێكی به‌هێزی عه‌ره‌بی گفتوگۆ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كاندیده‌ ژنه‌كه‌ به‌شداری پێبكه‌ن و مه‌رجی به‌شداربونیش ئه‌وه‌ بێت كاندیده‌كه‌مان ده‌ربچێت.

پەیامنێری رێگای كوردستان، پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد، پۆسته‌كان له‌دوای ده‌رچوونی كاندیده‌كه‌ی كورد چۆن ده‌بێت ، ئه‌كره‌م ساڵه‌ح وتی : به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، پۆسته‌كان دابه‌ش ده‌كرێن به‌سه‌ر حیزبه‌ سیاسیه‌كاندا.

وابڕیاره‌ سه‌ره‌تایی مانگی نیسانی 2020له‌ عێراقدا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی بكرێت و له‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دینیش كورد به‌شداری ده‌كات، ئه‌مجاره‌یان كورد ناتوانیت به‌ لیستێك به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی كورسیه‌كانی پارێزگای ناوبراو، ده‌بێت ته‌نها به‌كاندیدێك به‌شداری بكات .