ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییە گشتییەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، ئەوان مەترسی نەبوونە بۆ سەر توركیا، بەڵام دوژمنكاریی توركیا جیاوازیی بە كەس ناكات.

 رۆژی شەممە 12ی تشرینی یەكەمی 2019 رێدور خەلیل، بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییە گشتییەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، باكووری سووریا لەماوەی رابردوودا ئارامترین شوێنی سووریا بووە، ئەوان هیچ مەترسییەكیان بۆسەر توركیا نەبووە بەڵام دوژمنایەتی توركیا جیاوازی لەنێوان مەدەنی و سەربازی و هیچ كەسێك ناكات.

 رێدور خەلیل راشیگەیاند، "45 شەڕڤانمان شەهید بوونە و بە ورەی بەرزەوە بەرەڤانی دەكەین، ئەوانەی ئێستاش شەهید دەبن ئەوانەن كە داعشیان تێكشكاند".

 رێدور خەلیل، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان كرد و هیوای شیفای بۆ بریندارەكان خواست، سەرەخۆشیشی لە پارتی سووریای پێشڤەڕۆ كرد، كە ئەمڕۆ هەڤرین خەڵەف، جێگری سكرتێری گشتی پارتەكە لە تلتەمر كوژرا.

 ئەو بەرپرسەی هەسەدەش باسی لەوە كرد "پێویستە هێرشەكانی توركیا بوەستێندرێت. داگیركاری توركیا داعش زیندوو دەكاتەوە و مەترسی بەربوون و هەڵاتنی داعش دەكرێت".

 رێدور خەلیل، ئاماژەی بەوە كرد، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە هاوكاریمان ناكات بۆ وەستاندنی هێرشەكە، دەكرێت رێگە بەهێرشی ئاسمانی بگرن، گوتیشی "بەپێی لۆژیكی سەربازی ئەوەی روودەدات، كە هاوپەیمانان پشتیان لە رۆژئاوای كوردستان و شەڕڤانەكانیان كردووە شتێكی گونجاو نییە، كە هاوپەیمانانی لە شەڕی دژی داعش لەپاڵمانبوون و ئێستاش خۆیان كشاندووەتەوە!".