ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

رۆژی هەینی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەندامێکی لیژنەی وزەو و نەوت لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" دوایی ئەوەی هەفتەی پێشوو چەندجارێك قسەمان لەگەڵ بەڕێوبەری بەشی دابەشكردنی سوتەمەنی لەهەموو عێراق و هەروەها وەكیل وەزیری دابەشكردنی سوتەمەنی عێراق  كرد، هەروەها قسەمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كرد بەمەبەستی هەناردەكردنی نەوتی سپی بۆ هەرێم، ئەمڕۆ  پێیان ڕاگەیاندنین نەوتی سپی بۆ هەرچوار پارێزگاكەی هەرێم دەنێرن،  بەڵام بەهۆی دۆخی عێراقەوە فەرمانی ناردنی نەوتەكە دەرنەچووە".

غالب محەمەد عەلی، ئەندامی لیژنەی وزەو نەوت لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: ئەمڕۆش بەپێیی نوسراوی (١٥١٣٧)كە لەبەرواری (٣٠/١٠/٢٠١٩) دەرچووە تێیدا ڕەزامەندی دراوە لەلایەن حكومەتی عێراقی و لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆ هەناردەكردنی بڕی (٥٠ )ملیۆن لیتر لەنەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان ،بەم شێوەی لای خوارەوە:

یەكەم :(٢٨٨) هەزار لیتر لەڕۆژێكدا بۆ پارێزگایی سلێمانی لەپاڵاوگەی بازیان وەری دەگرن.

دووەم: (٧٢)هەزار لیتر بۆ پارێزگایی هەڵەبجە بەشێوەی ڕۆژانە لەهەمان پاڵاوگە وەردەگیرێت.

سێیەم:(٢١٦) هەزار لیتر ڕۆژانە بۆ پارێزگایی هەولێر و لەپاڵاوگەی كەڵەك وەردەگیرێت.

چوارەم: بڕی (١٠٨) هەزار لیتر بۆ پارێزگایی دهۆك لەهەمان پاڵاوگەی كەڵەك وەردەگیرێت.

ئەندامەکەی لیژنەی وزەو نەوت لە پەرلەمانی عێراق جەختیشیکردەوە:  لەبەرواری ئەمڕۆ ١/١١ ئەو نەوتە گەشتوەتە هەرێمی كوردستان و یەک لیتر بە(١٥٠) دیناری عێراقی دابینكراوە كە بۆبەرمیلێكی نەوت بڕی (٣٠) هەزار دینار دەكات، هاوکات هەناردەكردنی ئەو نەوتەش تا ماوەی (١١٠) ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت.

غالب محەمەد عەلی داواشی لەحكومەتی هەرێم و هەرچوار پارێزگاكەی هەرێم کرد كەئەونەوتە بەنرخی خۆی بگەیەنن بەهاوڵاتیان و كوالیتیەكەشی نەگۆن، ئەگەرنا ناچاردەبین ڕێگایی تر بگرینەبەر.