ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی سەرۆكایەتی هەرێم بە رێگای كوردستانی راگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 5-11-2019 هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و بەرهەم سالح سەرۆك كۆماری عێراق لە بینای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند،"كۆبونەوەكە تایبەت دەبێت بە دۆخی ئێستای عێراق و كاریگەرییەكانی ئەو خۆپیشاندانانەی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان".

ئاماژەی بەوەشكرد، " پرسی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق و ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە تەوەرێكی نێو گفتوگۆكانی كۆبونەوەكە دەبێت".

هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە بۆ رێگای كوردستان دوای كۆبونەوەكە، بڕیارە بە ئامادەبونی، سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەگەرەكانی داهاتوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و كاریگەرییەكانی دۆخی عێراق لەسەر هەرێم تاووتوێ بكەن".