ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سازدانی: ئاودێر

لەم دیمانەیەدا د. محێدین حەسەن سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی کوردستان باس لە ڕۆڵی پەرلەمان و بۆچوونی حزبی شیوعی کوردستان لەسەر سیستەمی سیاسی و هەرێم دەکات، هاوکات تیشک دەخاتە سەر شێوازی حکومڕانی لە هەرێم و بەئامرازکردنی پەرلەمان لەلایەن هیزە سیاسییەکانەوە، هاوکات باس لە خراپی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو دەکات کە چۆن بەهەمان سیمای حزبەکانی حوکمڕان چوونە ناو دانوستاندنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە حزبی شیوعی تاکە حزبی خاوەن بەرنامەیەکی سیاسی و ئابووری ڕوونە لە کوردستان، ئەگەرنا ئەوانی دیکە بە ئیسلامییەکانیشەوە بەیەکدی دەچن.

جگە لە دەرکردنی یاسای نوێ و بەدواداچوون لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی حکوومەت، یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی پەرلەمان گفتوگۆکردنە لەسەر کێشە و مەسەلە گرنگەکانی ڕۆژ، پێت وایە خولەکانی ڕابردووی پەرلەمان بەم کارە هەستابن، لە پەیوەست بەم پرسەوە چاوەڕێی چی لەم خولەی پەرلەمان دەکرێت؟

هەڵسەنگاندنی کاری خولەکانی پێشتری پەرلەمان، بە بەڵێ و نەخێر وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو ئەمە کاری چاودێرانی سیاسییە، کە لەسەر بنەمایەکی زانستی و بەلەبەرچاوگرتنی داتاکانی گۆڕانکاری سیاسی و شێوازی بونیادی سیاسی لەکوردستان هەیە، هەروەها پەیوەستە بە قۆناغەکانی کە ژیانی پەرلەمانی پێدا تێپەڕ بووە. لەلایەکی دیکەدا، پەرلەمان لەخولەکانی ڕابردوودا، یاساگەلێکی زۆریان دەرکردووە کە ژیانی سیاسی و حوکمڕانی و دامەزراوەیی ڕێکدەخات و پێداویستی نیزامی سیاسی حاکم کاریگەری لەسەر هەبووە و بەمشێوەیەش بەڕێوەچووە، بۆیە ئەگەر هاوپەیمانی حوکمڕان لەکوردستان، یان باشترە بڵێین کە هەردوو حزب (پارتی و یەکێتی) هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتیان بەدەستەوە بووە، ئەوان بەگوێرەی حاکمیەت و زۆرینە، ئەوە یاسا و ڕێسایان وا داڕشتووە یان وا هەموارکردۆتەوە، کە بەرژەوەندی خۆیان وەک حزبی حاکم لەژێر ناوی بەرژەوەندی گشتی تێدا پارێزراوە، بۆیە دەبێت لەم ڕوانگەیەوە، وەها سەیری کاری خولەکانی دیکەی پەرلەمان بکەین کە کێ دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە، کە لە هەمانکاتدا بەهاوپەیمانی و نیوەبەنیوەی ئەم دوو حزبە حکوومەت و هەموو دەسەڵاتەکانیشیان بەدەستەوە بووە، ئینجا کاری پەرلەمان لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت سەیر بکرێت، کە هەوڵیان داوە، بەردەوام دەسەڵاتی حکوومەت و حزب بەهێزتر بێت لەدەسەڵاتی پەرلەمان، لەهەر جێگایەکشیدا، حکوومەت بەهێزتربوو لە دەسەڵاتی یاسادانان کە مەفروزە نوێنەری گەل بن، ئەوا دیموکراسیەت لە قالب دەدرێت بەم شێوەیەی حوکمڕان دەیەوێت.

هەر پەیوەست بەم بابەتەوە، عیبرەت لەبوونی پەرلەمان ئەرکی یاسادانان و چاودێری کردنی حکوومەت و یاسای بودجەیە، ئایا ئەم سێ ئەرکە سەرەکییەی پەرلەمان بەشێوەی ئاسایی بەڕێوەچووە؟ ئایا چەند جار لێپرسینەوە لەحکوومەت کراوە؟ ئایا یاسای بودجەی ساڵانە دەرچوێندراوە؟ ئەگەر وەڵامەکەمان بە نەخێر بێت، کەواتە هێشتا پەرلەمان و ئەو دامەزراوەیە زۆری ماوە بگاتە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆی کە پێویستە وەها بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، چەمکێکی گرنگ دێتە پێشەوە، ئەویش چەمکی دەوڵەت-حکوومەتی دامەزراوەییە، ئایا لە کوردستاندا لەسەر بنەمای دامەزراوەیی هەموو کایە و جومگەکانی حکومڕانی داڕێژراوە؟ بێگومان نەخێر.

دیسان لەگەڵ پارتی و یەکێتی، ژمارەیەک حزبی دیکە لەهەندێک قۆناغدا، هاوپەیمانییان کرد، کە ئەوانیش دیسان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیان بەهەمان سیمای حزبەکانی حوکمڕان چوونە ناو دانوستاندنەوە کە چەندیان بەردەکەوێت، و ئەوانیش نەیانتوانی ژیانی سیاسی تەندروست بسەپێنن لە ئۆپۆزسیۆن بوونیشیاندا، پەیڕەوێکی ناتەندروستی ئۆپۆزسیۆنیان پێشکەش کرد تاڕادەی بێ ئومێدکردنی هاووڵاتییان کە دواجار ئەمە بە خزمەتی حزبەکانی زۆرینەی حوکمڕان شکایەوە، تاکە حزب کە لەسەر بنەمای بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دیموکراسی گفتوگۆی چوونە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنبوونی کردووە حزبی شیوعییە، واتە حزبی شیوعی تاکە حزبی خاوەن بەرنامەیەکی سیاسی و ئابووری ڕوونە لە کوردستان، ئەگەرنا ئەوانی دیکە بە ئیسلامییەکانیشەوە بەیەکدی دەچن.

بۆ ئەگەر و پێشبینی کردنی ئەم خولەی پەرلەمان، کاری جدی دەکەین کە لە خولەکانی دیکە باشتر بێت، بەڵام ئێستا هاوپەیمانییەکی کوتلە و فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و هەندێک حزبی دیکە، زۆرینەی پەرلەمانیان هەیە و ئەم حکوومەتی کابینەی نۆیەمەش پاڵپشتە بە تەوافوقی ئەم حزبانە، بۆیە چاوەڕێ ناکەم زۆر شت بگۆڕدرێت، تەنیا لەڕووی میکانیکی بەڕێوەبردن ڕەنگە واپیشان بدرێت کە گۆڕانکاری لە عەقڵی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی ئەم حزبانە ڕوویداوە، ئەگەرنا ئەم خولەش درێژکراوەی خولەکانی ڕابردووە، بەڵام بەهەندێک گۆڕانکاری بچووک کە کاریگەری گەورە و بنەڕەتی دروست ناکات.

زۆرێک لە پەرلەمانی وڵاتانی گەورەی دنیا، لەسەر هێرشی سەر ڕۆژئاوا هاتنە دەنگ، هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان لەم ڕووەوە چۆن دەبینن؟

پێم وایە، کە هەموو هێزەکانی سیاسی کوردستان و هاووڵاتییان بەگیانێکی نیشتمانپەرەوەرانە و بە سۆزێکی نەتەوەیی هاوپشتی ڕۆژئاوا بووین، پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سازکرد و تێیدا بەیاننامەیەکی دەرکرد، کە تاڕادەیەک دەربڕی ئەم واقیعەیە، کە ئایا دەتوانرێ چی بکرێت. 

من نامەوێ دیفاع لەوە بکەم، کە دەتوانرا زیاتر بکرێ و نەکراوە، بەڵکو هێشتا ڕەوشەکە لەسەر لێواری تەقینەوەی زیاتر و ملهوڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هێرشی بۆ سەر ڕۆژئاوا و گەفکردنی لەسەر هەموو ئەزموونی کوردستان و ئەگەری بەدەستهێنانی مافەکانی کۆتایی نەهاتووە. 

بۆیە چاوەڕێ دەکەم کاری زیاترمان بێتە پێشەوە، ئەگەر بتوانین ئەم کارانەمان بەباشی ئیدارە بدەین بێ ئەوەی بیانوو بدەینە دەست، ئەوا بەسەرکەوتوویی لەم ڕەوشە دەردەچین.

هەورەها من پێم وایە دەکرێ هۆڵی پەرلەمان بکرێتە مینبەری مەرجەعی سیاسەت لە کوردستان، چونکە زۆرینەی حزبەکان نوێنەریان هەیە و هەروەها بەحوکمی ئەوەی پەرلەمان نوێنەری گەلە ئەو مافەی هەیە داکۆکی لەهەر ئەگەرێک بکات کە ببێتە مەترسی بۆ سەر نشتمان و لە هەر پارچەیەکی کوردستان.

یەکێک لە بنەما دامەزرێنەرەکانی پەرلەمان بریتییە لە لێپرسینەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لە حکوومەت بەشدارن، ئەم بنەمایە تاچەند دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت؟

وەکو لەوەڵامی پرسیاری یەکەمدا گوتم، ئێستا هاوپەیمانییەکی چەند کوتلەیەک لە پەرلەمان زۆرینەیان بەدەستەوەیە و حکوومەتی تەوافوقیشیان هەیە، بۆیە ئەگەر شتێک لەگەڵ بەرژەوەندییان نەگونجێت باوەڕ ناکەم، ڕێگا بدەن یاسا دەربچێت یان هەموار بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش بێ هیوانیم، لەوەی کە دەبێت لەگەڵ ئەوانەی کە لەحکوومەتدا نین بۆ هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ژیانی خەڵک و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی میللەت کاری هاوبەش بکرێت.

دوای نزیکەی 28 ساڵ لە دامەزراندنی پەرلەمان، ئێستا بۆچوونێک هەیە پێی وایە ئەم دامەزراوەیە نەیتوانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و تەنانەت هەندێک جار بە ئەرک بە سەر حکوومەتەوە ناو دەبرێت، بۆچوونی تۆ چییە؟

من پێم وایە پەرلەمان دامەزراوەیەکی گرنگە و پێویستە پەرە بەکارەکانی بدرێت، پێویستە دامەزراوەی پەرلەمان ببێتە سەکۆیەکی گرنگ لەژیانی سیاسی کوردستان، وای لێبێت نیزامی حوکم لەکوردستان سەرچاوە لەپەرلەمانەوە وەربگرن و نوێنەرانی حزبە سیاسییەکانیش هەر لەو دەزگایەوە داکۆکی لەماف و گوزەرانی هاووڵاتییان بکەن، هۆکاری بەهێز بێت بۆ ئەوەی دیموکراسیەتی ڕاستەقینە کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات، بچەسپێت.

نا نابێت وا ئەژمار بکرێت، کە دەزگاکە ڕۆڵی نەماوە، چونکە ئەزموونی پەرلەمانی لەهەموو جیهاندا، ماوەی مێژوویی زۆری ویستووە، تاوەکو سیستەمی سیاسی خۆی ساغ کردۆتەوە، ئینجا لەسەر بنەمای نیزامی پەرلەمانی بێت یاخود سەرۆکایەتی، بەڵام ئەوەی لەدنیادا دەسەڵاتی هەیە بەناوی گەلەوە پەرلەمانەکانن، لەکوردستانیشدا، پەرلەمان پێویستی بە بەهێزکردن و ئەکتیڤکردنی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی هەرەمی دەسەڵات بەشێوەیەکی گونجاو لەقۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و بارودۆخی سیاسی ناوچەکە ڕاست بکاتەوە.

دوای ئەم خولە یەک لەدوای یەکانەی پەرلەمان، تاڕادەیەک جۆرێک لەقەناعەت دروست بووە کە حزبەکان ڕکابەری بکەن لەسەر دەنگی جەماوەر، هەرچەندە من خۆم هەڵناخەڵەتێنم کە وای دابنێم کە دەنگدەر لەسەر بنەمای بەرنامەی لایەنەکانی سیاسی دەنگ دەدات، بەڵام سەرەتای ئەوەش دروست بووە کە خەڵک لەبەرنامەکان بپێچێتەوە، ئەوەشم لەبەرچاوە کە هەرێمی کوردستان چونکە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە، چەندە دەستێوەردانی دەرەکی لەناوخۆی کوردستاندا هەیە. بەڵام من پێم وایە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بەدامەزراوەییکردنی جومگەکانی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان، وادەکات ڕێگاخۆش بێت بۆ ئەوەی لەداهاتوودا، پەرلەمان خۆی لەم ڕەخنە و نادروستییانە ڕزگار بکات کە بەهۆی حزبایەتی بەرتەسک و بەشبەشێنە، بەسەرییدا فەرز بووە.

لەلایەکی دیکەوە، پێداچوونەوە بەیاساکانی هەڵبژاردن کە هەلی یەکسان دروست بکات و ئەندام پەرلەمان لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەکەی بگەڕێتەوە سەرکاری پێشوویی و ڕێگا خۆش بکرێت تاوەکو کە مووچە و دەرماڵەی پلە باڵاکان وەها ڕێک بخرێت کە نەبێتە بارگرانی، دیسان ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە پەرلەمان نابێت وەزن و پێگەی لاواز بکرێت لەژێر هیچ بیانوویەک، چونکە دەبێت ئەوە بزانین لاوازکردنی پەرلەمان لەخزمەتی حکوومەتی بەهێز دەبێت کە دەسەڵاتی لەسەرووی دامەزراوەی یاسادانان بێت، بۆیە هاوسەنگی دروست کردن و بەیاسا ڕێکخستن هاوکاری داهاتوو دەبێت ئەم دامەزراوەیە(پەرلەمان) ببێتە جێگای باوەڕ و متمانەی جەماوەر.

بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا کارپێکراوەکان، ئەم سیستەمە سیاسییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە پەرلەمانییە یاخود سەرۆکایەتی؟ ئەگەر پەرلەمانییە بۆچی نەتوانراوە لێپرسینەوە لە لێپرسراوان بکرێت؟

کاتێک پەرلەمانێک بەو تەوافوقەی نێوان حزبەکانی دەسەڵات کراوە، بەڕێوە بچێت، کە لەهەندێک حالەتدا، بازدانە بەسەر یاساکان یان یاساکانی بۆ هەموار دەکرێت بەشێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندی حزبەکانی بەرەی دەسەڵات بگونجێت، بۆیە نیزامەکە لەڕووی یاساییەوە پەرلەمانییە، هەرچەندە لەکوردستاندا دەستورێک نییە تاوەکو وادەی هەڵبژاردن و تەمەنی دامەزراوەکان بەشێوەی کۆنکرێتی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەم پەرلەمانی بوونە، لەجەوهەردا، خۆی لەپێکهاتنی حزبەکان دەبینێتەوە نەک لەیاسا بەرکارەکان، بۆیە بازدان بەسەر یاسا و ڕێساکاندا هەیە، ئەمە وادەکات، پەرلەمان لاواز دەرکەوێت لە حکوومەتێک لەبەردەم سوێندی خواردووە و ئەم پەرلەمانەش نایەوێت بەحوکمی تەوافوقەکە لێپرسینەوە بکات، هێشتا ڕۆڵی حزبەکان بەهێزترە لە هیی ئەم حکوومەتەی دروستیان کردووە، لێرەدا پرسیارێک دەکەین، ئایا دوو ئیدارەیی و دوو دەزگای ئاسایش و دوو بۆچوونی جیاواز لەناوچەکانی مادەی 140 و کەرکووک بەتایبەتی هیی دیکەش ئەو ڕاستییە دەرناخات کە حزب بڕیار دەدات لەدەرەوەی دامەزراوەی پەرلەمان و حکوومەت، ئینجا چۆن لێپرسینەوە بکرێت، کاتێک لێپرسینەوە والێک بدرێتەوە کە ئەمە لەهەیبەت کەمکردنەوەی کەسەکانی ناو حکوومەت و دامەزراوەکانە، دژی کادیری حزبەکانی دەسەڵاتە نابێت ئەو کارە بکرێت، چونکە بەدژایەتی لە قەڵەم دەدرێت.

لە 111 کورسی پەرلەمانی کوردستان، نەتەوە جیاوازەکانی دیکە 11 کورسی پەرلەمانیان بۆ دیاری کراوە، ئایا کاتی ئەوە هاتووە کە گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان بکرێت، یاخود شێوازی هەڵبژاردنەکە بگۆڕێت، بەوپێیەی ڕەخنەیەکی زۆر هەیە کە کەمایەتییەکان لەلایەن یەک هێزەوە ئاڕاستە دەکرێن؟

من پێم وایە بەشداری پێکردنی پێکهاتەکان و دیاریکردنی کورسی بۆ نەتەوەکانی دیکەی کە لە کوردستان دەژین، هیچ هەڵەیەکی تێدا نییە، بەڵام ئایا کە کورسیان بۆ دیاریکراوە و لەحکوومەتیشدا پشکیان دەدەنێ، چەندە بەشدارن لەبڕیاری سیاسی لە کوردستان؟ من ئەوە بە مەترسی دەزانم کە نموونەی کۆنی ڕژێمەکانی عێراق دووبارە کرابێتەوە، بەناو نوێنەری ئەم نەتەوانەن، بەڵام لەواقیعدا ڕۆڵی ڕاستەقینەی سیاسی و ئیدارییان نییە. ئەم بارە پێویستی بەچاککردنەوە هەیە، بۆیە ئەگەر دەستکاری یاسای هەڵبژاردن بکرێت پێویستە مافەکانیان کەم نەکرێتەوە، بەڵکو بەشێوەیەک بێت کە دەنگدەری کلدان/ئاشور/سریان و تورکمان و ئەرمەن و هەتا عەرەبیش ئەگەر بۆیان کرا لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە ڕۆڵی ڕاستەقینە بگێڕن لە مافی پێکهاتەکانیان و بەشێوەک متمانەیان بەهەرێمی کوردستان بێت وەک ئیرادە و قەدەری هاوبەش، نەک هەر دوودڵ بن و چاوەڕێی ڕۆژێک بکەن کە هەموو شت تێک بچێت و ئەوان خۆشیان نازانن چارەنووسیان چی دەبێت. بە هەرحاڵ، ئەوەی کراوە کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر هەموار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دەنگدەری ئەو نەتەوانە دەنگ بدەنە نوێنەری خۆیان ئەوە دەبێت لەدەستور و یاسا بەرکارەکان جێگای بکرێتەوە و ئەم بنەما یاساییە ئەوەندە ڕۆشن و مسۆگەر بێت کە نەبێتە هۆکاری دووبەرەکی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەهەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە بەردەم دۆخێکی نوێدایە، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکان بگێڕێت؟

ئەگەر پەرلەمانی کوردستان بکرێتە مەرجەعی سیاسی و هەموو لایەنەکانی سیاسی بەقەناعەتەوە لەگەڵ ئەوەبن، ئەو کاتە ڕۆڵی پەرلەمان زۆر بەهێز دەبێت و ڕەنگە ئەو پردە بێت کە هەرێمی کوردستان لەو ڕەوشە نالەباری سیاسییە دەرباز بکات، واتە ئەگەر حزبەکان چارەنووسی خۆیان لەپەرلەماندا ببیننەوە و لەوێدا بەهەموو لایەک گفتوگۆی دیموکراسی و دوور لەبەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی ئەنجامدرا، ئەوکاتە دەکرێت بڵێین، ڕێگای ڕاستمان گرتۆتەبەر و بەرژەوەندی باڵا تەحەکوم بەهەمووان دەکات و ئەگەری خۆپارێزی لەکێشە و ململانێی وڵاتانی هەرێمایەتی و دەولی دەبێتە سیاسەتێکی دروست.

ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆڵێکی جیاکراوە نییە لە ڕۆڵی هەموو جومگەکانی سیاسی و ژیانی سیاسی و بەرژەوەندی نیشتمانی، چونکە هەموویان بەیەکەوە لەسیاسەتی دارایی و ئابووری و ململانێ سیاسییەکانی ناوەخۆ و هیی دیکەش، ڕۆڵی گرنگ دەداتە پەرلەمان بەناوی گەلی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانیەوە کە هەرێمی کوردستان ڕووی قسەی لە جیهان بێت و لەپەرلەمانەکانی دنیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێت، بۆ داکۆکی لەپاراستنی کوردستان و خەڵکەکەی.

ڕۆڵی حزبی شیوعی کوردستان لەناو پەرلەمانی کوردستاندا چییە؟ تاچەند گرنگە ئەو متمانەیەی وەکو حزب هەیەتی بگوازرێتەوە بۆ پەرلەمان؟

حزبی شیوعی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان فراکسیۆنی ئازادی هەیە و جگە لەخولی یەکەم نەبێت لەهەموو خولەکاندا، نوێنەری هەبووە، بەردەوام لەبەشداریکردنی لەحکوومەت یان لە ئۆپۆزسیۆنبوونی ئیستای، لەسەر بنەمای کارنامەی حکوومەت بووە، پێم وایە جەماوەریش ئەم ڕاستییە باش دەزانێت.

بەڵام یەک کورسییەکە بایی ئەوەندە نییە کە خەبات و قوربانیدانی شیوعییەکان لەپێناویدا درێخی نەکراوە، و ئەمە زۆر کەمترە لەوەی کە پێویستە حزبی شیوعی هەیبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، حزبی شیوعی چ لەپەرلەمان یان لەهەر جێگەیەکی دیکە بۆی بلوێ دەنگی خۆی و خەڵکی کوردستان بگەیەنێتە شوێنی مەبەست هەوڵی داوە و لەسەر ئەم بنەمایەش لەهەوڵەکانی بەردەوام دەبێت. متمانەی هاووڵاتییان و هەتا ڕێزگرتنی حزبەکان لە حزبی شیوعی بەیەک کورسی پێوانە ناکرێت، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ هەیە، کە حزبەکانی حوکمڕان هەموو شتێکی ژیانی ئاسایی خەڵکیان بەبەرژەوەندی کەسی بەستۆتەوە، ئەگەر تۆ لەگەڵ حزبی شیوعی بیت ئەم دەستکەوت و ئیمتیازانەت نابێت لە هەموو شتێک بێبەش دەکرێت، ئەمە چەند ساڵە ئەم سیاسەتە لە کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت. سەرەڕای ئەوەش فراکسیۆنی ئازادی دەنگی بە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە نەدا و هەوڵیدا کە تەوافوقی حزبەکان لەسەر بنەمای کارنامەیەکی باش و بێ ئینشائیات بێت، لەداهاتووشدا، بۆ ئەوە کار دەکات خاوەن پرۆژەی چاکسازی لەبواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و مافی خەڵکی کوردستان کار بکات. لەپرۆژەی یاساکاندا، کار لەسەر ئەوە دەکات هەموو خەڵکی کوردستان هەلی یەکسانیان هەبێت لەژیان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بێت. 

ئایا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەتییەک لەنێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا؟ هەنگاوێکی لەم شێوەیە تاچەند گرنگە؟

کوتلەی ئۆپۆزسیۆن بوون لەناو هۆڵی پەرلەماندا، لەگۆڕانکارییدایە، چونکە هەندێک پرۆژە یاسا دید و بۆچوونی جیاوازی لەسەرە یان ڕێککەوتنی گشتی لەسەرە، بۆنموونە لەپرسی بابەتی ڕۆژئاوا زۆرینەی زۆری پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەو بەیاننامەیە بوون دەرکرا، هەروەها لەپرسی مادەی 140 و کەرکووک بەتایبەتی، هەموو پەرلەمان لەسەر پرسی نیشتمانی تا ئێستا کۆکە ئەگەر دید و بەرژەوەندی جیاواز لەبابەتەکەدا هەیە. بەڵام لەبابەتێکی کارنامەی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن بوون، فراکسیۆنەکانی ئازادی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و هەندێکی دیکە دژ بوون و بەشێوەی ئاشکرا بوونە ئۆپۆزسیۆن، ڕەنگە لەداهاتوو لەسەر پرسی دەستوور فراکسیۆنی ئازادی لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵ لەسەر پێناسی نیزامی سیاسی و شێوەی ئەو دەوڵەتەی دەمانەوێ یەک دەنگ نەبین، چونکە ئێمە داوای دەستورێکی مەدەنی عەلمانی دەکەین و ئەوانیش دەیانەوێ دەستورێکی ئیسلامی بسەپێنن، کە ئەمەی ئەوان دژی پێشکەوتن و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانە لەڕووی نەتەوەیی و دینی و تایفەگەرییەوە . ڕەنگە لەهەندێک بابەتی پەیوەندیدار بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان یان لەهەمواری یاسایەک یان لەدەرکردنی یاسایەک بۆچوونی هاوبەش و هەتا ڕێککەوتنی کاتی لەسەر ئەو بابەتانە بکرێت بۆ کۆکردنەوەی کۆدەنگی، بەڵام پێم وایە هەر فراکسیۆنێک نابێت ئازادی و بەرنامەی خۆی لەدەست بدات، چونکە بەم کارنامە و بەرنامەیە چۆتە هەڵبژاردن، نموونەیەکی زیندوو هەیە باشە لێرە ئیشارەتی پێبدەین، ئەویش بریتییە لەپرسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، کە ڕەنگە ئیسلامییەکان هەمان دروشمیان هەبێت، بەڵام لەژێر سایەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەو سیاسەتە ئابوورییەی کە حوکمڕانی کوردستان لەماوەی زیاتر لە 28 ساڵ پەیڕەویان کردووە، ئێمە لێرەدا بەتەواوەتی دژی ئەم سیاسەتە دەبین و داوای دەرچووونی کوردستان دەکەین لەژێر سێبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ڕێنماییەکانیان کە خۆی لەبەهێزکردنی کەرتی تایبەت لەسەر حیسابی کەرتی گشتی دەبینێتەوە و ئەوان دەیانەوێ حکوومەت تەنیا حکوومەتی پارێزی سنوور بێت، ئێمە دەمانەوێ حکوومەت لەژیانی هاووڵاتییان بەرپرس بێت و بوار بە قۆرخکاری و کەرتی تایبەت نەدات.

بۆیە باشترە لەم قۆناغەدا بەپێی پێداویستی بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان کۆدەنگ بین یاخود دەنگی جیاوازمان هەبێت.