ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی عێراق، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت " مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی عێراق دوای ئەوەهات کەهاوڵاتیان نائومێد بوون لەحکومەتە یەک لەدوا یەکەکان ".

دکتۆر محی الدین حەسەن، سەرۆکی فڕاکسیۆنی ئازادی لەپەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکی بۆ (الحدث كوردی) ڕوونیشیکردەوە ئەو حکومەتانە نەیانتوانی خزمەتگوزاری جۆراجۆر پێشکەش بکەن، لەپاڵ ئەوەش " دزینی سامانی گشتی وبڵاوبوونەوەی ناعەدالەتی وبەفیرۆدانی سامانی گشتی و گەندەڵی " هۆکاری سەرەکیی ئەو پرسانە بووە.

دکتۆر محی الدین حەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە " ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەساڵانی ۲۰۱۳ بۆ ۲۰۱۷ زیاتر لە چوار ملیۆن کەس ئاوارە بوونەو، دوو ملیۆنیش بێوەژن کەوتووە، جگە لەپێنج منداڵ هەتیو هەیە".

پەرلەمانتارەکەی کوردستان دەشڵێت " ڕێژەی بێکاری سەدا ۳٥ ـی تێپەڕاندووەو لەناو گەنجانیش گەیشتۆتە سەرووی سەدا ٤٥".

سەرۆکی فڕاکسیۆنی ئازادی لەنێو پەرلەمانی کوردستان باس لەکارکەوتنی پازدە هەزار کارگە دەکات، لەپاڵ ئەوانەش بواری تەندروستی وخوێندن و نەبوونی پێداویستی ئاوو کارەباو هەلیکاری نوێ لەعێراقدا بوونی نەماوە.

جەختی لەوەشکردۆتەوە " سەرەڕای دەرکردنی ژمارەیەک بڕیار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی بەغدا، بەڵام خۆپێشاندانەکان بەردەوامییان هەیە، هۆکاری ئەمەش بەهۆی نەبوونی متمانەیە لەنێوان هەردوو جەمسەر".

ئاشکراشی دەکات " بەشێک لەبڕیارەکانی حکومەتی ناوەندی پەیوەندی بەداواکاری خۆپێشاندەرانەوە نیە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ململانێی حزبە حوکمڕانییەکانی عێراق لەلایەکو، ململانێی ئێران و ئەمەریکاوە هەیە"