ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە شاری ھەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوسمەکە، وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ٤١ حاڵەتی تۆمارکردنی نەخۆشییەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە کە لە کۆی ئەو ژمارەیە تەنها دوو کەسیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن و ئەوانی دیکە بیانین.

سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ساڵانە ھەرێمی کوردستان بەشداری لە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارەدا دەکات و ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەشدارن لە بەرێوەبردنی ئەو ھەڵمەتە کە تیایدا چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت".

سامان مەرزنجی گوتیشی: "لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان ٣٥٠ ھەزار پشکنینی خوێن بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە و تیایدا ٤١ حاڵەتی تووشبوونی تازە بە ڤایرۆسی ئایدز تۆمارکراون کە لەو ژمارەیەس ٣٩ کەس بیانین و دوو کەسیش هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن".

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە کە سەنتەرەکانی وەرگرتنی خوێن، تالاسیما و پشکنینەکانی تاقیگەی گشتی بەشداری لە وەرگرتنی نموونەی خوێندا دەکەن بۆ پشکنینی ئەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستاندا.